سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هەڵسورێنەری نوێی كاروباری باڵیۆزخانەی ئەلمانیا لە عیراق دەكات
لە دیدارێكدا ، سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە ئۆلرش كێن كرد بە بۆنەی دەست بە كاربوونی وەك هەڵسورێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەلمانیا لە عیراق و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانیدا. پاشان هەردوولا بارودۆخی سیاسی ئێستای عیراق و ئەو هەوڵانەی كە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دەدرێن و دیدی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە چەند مەسەلەیەكی پەیوەست بە پرۆسەی سیاسی عیراقەوە تاوتوێكرد و تیشكیشیان خستەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
كارهەڵسورێنەری نوێی كاروباری باڵیۆزخانەی ئەلمانیا خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و ئەو گۆڕانە ئیجابیانەی كە لە بوارە جیاجیاكاندا بەدیهاتوون دەربڕی و هیوای خواست كە ئەم گۆڕان و پێشكەوتنانە بەشەكانی دیكەی عیراقیش وەك هەرێمی كوردستان بگڕێتەوە و تەئكیدیشی لەوەكردەوە كە پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەك هەر لە رووی سیاسی و دبلۆماسی درێژەپێدەدات، بەڵكو لە بواری بازرگانی و كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان بەرفراوان دەكات.
لە بەرامبەردا، سەرۆك بارزانی ، وێرای خۆشحاڵی بەو سەردانە ، پشتگیری هەرێمی كوردستانی بۆ هاوكاری و ئاسانكاری هەر كارێكی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بۆ كارهەڵسورێنەری نوێی كاروباری باڵیۆزخانەی ئەلمانیا دووپاتكردەوە.