ئه‌نجوومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی كه‌ركوك داوای ده‌ست به‌جێ راگرتنی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری دانیشتووانی كه‌ركوك ده‌كات

ئه‌نجوومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی كه‌ركوك داوای ده‌ست به‌جێ راگرتنی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری دانیشتووانی كه‌ركوك ده‌كات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

ئه‌نجوومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی له‌ پارێزگای كه‌ركوك داوا ی ده‌ست به‌جێ راگرتنی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری دانیشتووانی شاره‌كه‌ ده‌كات.

له‌ نامه‌یه‌كدا ئه‌نجوومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی له‌ پارێزگای كه‌ركوك كه‌ ئاراسته‌ی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌مانه‌ی گشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی پلان دانان و نووسینگه‌ی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و پارێزگاری كه‌ركوك و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای شاره‌كه‌و ئه‌نجوومه‌نی شارو شارۆچكه‌كانی سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركوكی كردووه‌ داوای ده‌ست به‌جێ راگرتنی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری دانیشتووانی كه‌ركوك و سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ی كردووه‌.

ئه‌نجوومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی هۆكاری ئاراسته‌كردنی داواكارییه‌كه‌شی بۆ گۆرِینی دیمۆگرافیای شاره‌كه‌ له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2003 وه‌ ده‌گه‌رِێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند هۆكارێكی دیكه‌ له‌وانه‌ جێبه‌جێنه‌كردنی ماده‌ی 23 ی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی ساڵی 2008 كه‌ وردبینی كردنی تۆماری ناسنامه‌ی ده‌نگده‌ران و لابردنی ته‌واوی ئه‌و زێده‌رِۆییانه‌ی به‌سه‌ر موڵك و سامانی گشتی داهاتوون له‌خۆ ده‌گرێ.

هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ داوای ته‌واوی مافی پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ ده‌كات بێ جیاوازی كردن له‌ نێوانیان.

جێی باسه‌ ئه‌نجوومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی پێكهاتووه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌كانی شارو شارۆچكه‌كانی كه‌ركوك و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌ عه‌ره‌بییه‌ دیاره‌كانی باشووری رۆژئاوای كه‌ركوك.
Top