ئیئتیلافی نیشتمانی ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك له‌به‌رده‌م مالیكی داده‌نێ بۆ كاندیدكردنی كه‌سێكی دیكه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران

ئیئتیلافی نیشتمانی ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك له‌به‌رده‌م مالیكی داده‌نێ بۆ كاندیدكردنی كه‌سێكی دیكه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی بالاَی ئیسلامی عه‌ممار حه‌كیم ئاشكرایانكرد كوتله‌ی ئیئتیلافی نیشتمانی كه‌ حه‌كیم سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كی له‌ به‌رده‌م سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا نوری مالیكی داناوه‌ بۆ كاندید كردنی كه‌سێكی دیكه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو له‌ شوێنی خۆی.
ئه‌وسه‌رچاوانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌دا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی یاسا سوور بێت له‌سه‌ر كاندیدكردنی مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وكات ئیئتیلافی نیشتمانی ئاراسته‌ی هاوپه‌یمانێتی به‌ره‌و لای هه‌ر یه‌ك له‌ كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌و هاوپه‌یمانی كوردستانی ده‌سورِێنێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كان روونیان كرده‌وه‌ هه‌رسێ كوتله‌ی ئیئتیلافی نیشتمانی و كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌و هاوپه‌یمانی كوردستانی دژی ئه‌وه‌ن ره‌وتی سه‌در له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت دووربخرێته‌وه‌، باسیان له‌وه‌شكرد چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی نیوان عه‌للاوی و موقته‌دا سه‌در له‌ دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا كاریگه‌رییه‌كی به‌هێزی هه‌بوو له‌سه‌ر پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌تێكی تازه‌، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌وڵده‌درێ و به‌پێویست ده‌زانرێ له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا حكومه‌ت پیكبهێنرێت وبارودۆخه‌كه‌ چیدیكه‌ ناتوانێ به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت.

جێی باسه‌ تا ئێستا كوتله‌ سیاسییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق به‌هۆی پێداگری هه‌ر یه‌ك له‌ كوتله‌كان له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌مافی خۆی ده‌زانێ حكومه‌تی نوێی عێراق پێكبهێنێ به‌تایبه‌ت هه‌ردوو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ی ئه‌یاد عه‌للاوی و ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسای نوری مالیكی.

له‌ 7 ی ئازاری رابردوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌نجامدرا كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ توانی به‌ 91 كورسی پله‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ست بێنێ و ده‌وڵه‌تی یاسای نوری مالیكی توانی به‌ 89 كورسی پله‌ی دووه‌م به‌ده‌ست بێنێت.
Top