عوسمان به‌ دووری ده‌زانێ ئیئتیلافی مالیكی و عه‌للاوی هاوپه‌یمانییه‌تی دوو قۆڵی پێكبهێنن

عوسمان به‌ دووری ده‌زانێ ئیئتیلافی مالیكی و عه‌للاوی هاوپه‌یمانییه‌تی دوو قۆڵی پێكبهێنن
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی مه‌حمود عوسمان به‌دووری زانی هه‌ردوو ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاساو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ هاوپه‌یمانییه‌تی پێكبهێنن.

عوسمان هۆكاری یه‌كنه‌گرتنی هه‌ردوو ئیتیلافی ده‌وڵه‌تی یاساو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ی بۆ پێداگری هه‌ردوولا گه‌رِانده‌وه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و ده‌ست به‌ردارنه‌بوون له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا عوسمان دووپاتیكرده‌وه‌ كورد به‌شێك نییه‌ له‌ ته‌نگژه‌كانی عێراق به‌ڵكو لایه‌نێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگژه‌كان.
عوسمان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا تا ئێستا كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان دانووستانی جیدی له‌گه‌ڵ كوتله‌كان ئه‌نجام نه‌داوه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت، ئه‌وه‌شی ره‌تكرده‌وه‌ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ڵێنی به‌كورد دابێت سه‌باره‌ت به‌ پابه‌ندبوون به‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان.

جێی باسه‌ شاندی كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا گه‌رِی یه‌كه‌می دانووستانه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ كوتله‌كان ئه‌نجامدا، برِیاریشه‌ ده‌ست بكات به‌ گه‌رِی دووه‌می دانووستانه‌كان له‌ هه‌موو دانووستانه‌كانیشی له‌گه‌ڵ كوتله‌ عێراقییه‌كان پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی كوتله‌كان به‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری.
Top