بایه‌زید حه‌سه‌ن: چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مرِۆی نێوان مالیكی و عه‌للاوی بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر كورده‌

بایه‌زید حه‌سه‌ن: چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مرِۆی نێوان مالیكی و عه‌للاوی بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر كورده‌
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌كوتله‌ی گۆرِان بایه‌زید حه‌سه‌ن دووپاتیكرده‌وه‌ ماده‌ی 140 ی ده‌ستوور كه‌ تایبه‌ته‌ به‌كه‌ركوك و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كورد سازشی له‌سه‌ر ناكات له‌ میانی دانووستانه‌كانی له‌گه‌ڵ كوتله‌ عێراقییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق.
حه‌سه‌ن جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ر حكومه‌تێكی داهاتوو پێویسته‌ رێز له‌ ماده‌ی 140 بگرێت و وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستوور چه‌سپاوه‌ جێبه‌جێی بكات، هه‌روه‌ها نابێت كوتله‌كانیش موزایه‌ده‌ی سیاسی خۆیان به‌سه‌ردا بكه‌ن.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا تا ئێستا هیچ نه‌رمییه‌ك به‌رامبه‌ر داواكارییه‌كانی كورد سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی 140 نه‌نوێنراوه‌، چونكه‌ ماده‌ی 140 داواكارییه‌كی ده‌ستوورییه‌.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ روونیكرده‌وه‌ چاوپێكه‌وتنه‌ چاوه‌رِوانكراوه‌كه‌ی ئه‌مرِۆی نێوان عه‌للاوی مالیكی بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر كورده‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌مافه‌كانی خۆش بێت و سازشیان له‌سه‌ر بكات.
ده‌زگاكانی راگه‌یاند ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن هه‌ردوو ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاساو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ نێوان خۆیان دابه‌ش بكه‌ن له‌ به‌رامبه‌ریشدا پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌كورد بده‌ن ئه‌مه‌ش وه‌كو سه‌فقه‌یه‌كی سیاسی له‌سه‌ر حیسابی كورد، هه‌روه‌كو له‌لای خۆشییه‌وه‌ ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی نیشتمانی قاسم ئه‌عره‌جی ئه‌م هه‌وڵه‌ وه‌كو سه‌فقه‌یه‌كی سیاسی له‌سه‌ر حیسابی هاوپه‌یمانی نیشتمانی له‌قه‌ڵه‌مدا.
Top