مه‌عسوم: 14 ته‌مموز پرسی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌

مه‌عسوم: 14 ته‌مموز پرسی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌

گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی فوئاد مه‌عسوم رایگه‌یاند هه‌موو كوتله‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون نابێت ماوه‌ی مانگێك زیاتر به‌سه‌ر دانیشتنی یه‌كه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران تێپه‌رِ بێت بۆ گرێدانی دانیشتنی دووه‌م كه‌ ده‌كاته‌ رۆژی 14 ی ته‌مموز.

مه‌عسوم به‌ پێویستی زانی دانیشتنی دووه‌م له‌ رۆژی 14 ی ته‌مموز گرێبدرێ بۆ ئه‌وه‌ی تێیدا هه‌ردوو پرسی سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆك وه‌زیران یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.
مه‌عسوم ئاماژه‌ی به‌وه‌دا عێراقییه‌كان تا دوا ده‌رفه‌ت له‌ توانایاندایه‌ كۆتایی به‌ كێشه‌كان بێنن بۆیه‌ ئێستاش ده‌توانن له‌ رۆژی 14 ی ته‌مموز دانیشتنی دووه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران گرێبده‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكی په‌رله‌مان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا سه‌رۆكی كاتی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق فوئاد مه‌عسوم روونیكرده‌وه‌ تا ئێستا كوتله‌كان نه‌چوونه‌ته‌ ناو دانووستان و گفتوگۆی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ سیاسییه‌كان و پێكهێنانی حكومه‌ت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ گۆرِه‌پانه‌كه‌ ده‌بینرێ ته‌ینا پێداگری هه‌ریه‌ك له‌ كوتله‌كانه‌ له‌وه‌ی كه‌ مافی خۆیه‌تی حكومه‌ت پێكبێنێ یاخود پشكی زۆری به‌ربكه‌وێ.

مه‌عسوم پێشبینی كرد له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌می داهاتوو كوتله‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێكبكه‌ون.

ئێستا گۆرِه‌پانی سیاسی عێراق گه‌رم و گورِییه‌كی ته‌واوی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ له‌ نێوان كوتله‌ سیاسییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌تس نوێی عێراق.
Top