سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان پێشوازی له‌ جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان پێشوازی له‌ جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ ده‌كات

دووشه‌ممه‌ 28/6/2010 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز د.عادل عه‌بدولمه‌هدی جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ و شاندێكی یاوه‌ری كه‌ پێكهاتبوو له‌ به‌رێزان سةيد موحسين عةبدولعةزيز ئةلحةكيم و عةلى ئةلضهبان و د. ليث شبر.

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌رێزان نێچیرڤان بارزانی و د. رۆژ نوری شاوه‌یس ئاماده‌ی بوون ، بیروڕا له‌سه‌ر دوا پێشهاته‌ سیاسییه‌كان و هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ‌ و لابردنی كۆسپه‌كانی به‌رده‌می و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ پێناو له‌ یه‌كتر نزیككردنه‌وه‌ی بیروبۆچوونی لایه‌ن و كوتله‌ سیاسییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو و هاوبه‌ش له‌ نێوانیاندا ئاڵوگۆڕكرا.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا ته‌ئكید له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تێكی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ و به‌شداریكردنی لایه‌نه‌ كاراكان و سه‌ركه‌وتووه‌كان له‌ به‌رێوه‌بردنی كاروباری وڵات و دوور نه‌خستنه‌وه‌ی هیچ پێكهاته‌یه‌ك له‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی عێراق كرایه‌وه‌.
سه‌رۆك بارزانی و د.عادل عه‌بدولمه‌هدیش دووپاتی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوان هه‌ر دوولا كرده‌وه‌.
Top