كوتله‌كان رێككه‌وتوون 17ی ته‌مموز په‌رله‌مان دانیشتنی دووه‌می خۆی گرێبدات

كوتله‌كان رێككه‌وتوون 17ی ته‌مموز په‌رله‌مان دانیشتنی دووه‌می خۆی گرێبدات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكدا په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌ هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی حه‌سه‌ن سه‌نید رایگه‌یاند رێككه‌وتنێكی سیاسی له‌ نێوان كوتله‌كان هه‌یه‌ بۆ دووباره‌ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ 17 ی مانگی داهاتوو.

سه‌نید ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هه‌وڵێكی زۆر له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانی نیشتمانی و هه‌ندێك كوتله‌ی دیكه‌ی سیاسی له‌ ئارادایه‌ بۆ دووباره‌ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و پابه‌ندبوون به‌واده‌ی ده‌ستووری بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆك كۆمارو دواتریش پێكهێنانی حكومه‌ت.

جێی باسه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی تازه‌ی عێراق دوای سێ مانگ له‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ 7ی ئازاری رابردوو، رۆژی 14 ی ئه‌م مانگه‌ یه‌كه‌م دانیشتنی كراوه‌ی خۆی به‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانتاری سه‌ر به‌كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی فوئاد مه‌عسوم گرێدا، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا په‌رله‌مانتاران سوێندی ده‌ستووریان خوارد له‌ ناویشیاندا په‌رله‌مانتارانی كورد به‌ زمانی كوردی سوێندیان خوارد دواتریش سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مان فوئاد مه‌عسوم دانیشتنه‌كه‌ی به‌ كراوه‌یی هه‌ڵگرت تا هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو وه‌زیران و په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێن.
Top