ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ نووسراوی فه‌رمی به‌ڵێن به‌ كورد نادات ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكات

ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ نووسراوی فه‌رمی به‌ڵێن به‌ كورد نادات ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكدا ئه‌ندامی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا عه‌بدولهادی حه‌سانی ره‌تیكرده‌وه‌ كوتله‌كه‌یان نیازی بێت به‌نووسراوی فه‌رمی به‌ڵێن به‌ هاوپه‌یمانی كوردستانی بدات سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ی ده‌ستوور له‌ به‌رامبه‌ر پشتگیری كردنی هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌ دووباره‌ كاندید كردنه‌وه‌ی نوری مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران.

حه‌سانی گوتیشی ده‌وڵه‌تی یاسا ئاماده‌نییه‌ له‌كاتی ئه‌نجامدانی دانووستانه‌كانی له‌گه‌ڵ شاندی دانووستكاری كوردی به‌ هیچ نووسراوێكی فه‌رمی به‌ڵێن به‌كورد بدات بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی گوایه‌ ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ پیناو به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری بۆ دووباره‌ كاندید كردنه‌وه‌ی مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده‌یه‌ به‌ نووسراوی فه‌رمی به‌ڵێن به‌كورد بدات بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێ ناكۆك له‌سه‌ره‌كان، گوتی ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ لێدوانی تاكه‌ كه‌سین و په‌یوه‌ندیان به‌ بۆچوونی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی یاساوه‌ نییه‌.

جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ ماده‌ی 140 ماده‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌و له‌ رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و هه‌موو كوتله‌كانیش له‌سه‌ری رێككه‌وتوون.
Top