په‌رله‌مانتارێك: په‌رله‌مانتارانی ده‌وڵه‌تی یاسا بوونه‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ باشتر ده‌زانن نه‌ك سازش له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 بكه‌ن

په‌رله‌مانتارێك: په‌رله‌مانتارانی ده‌وڵه‌تی یاسا بوونه‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ باشتر ده‌زانن نه‌ك سازش له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 بكه‌ن
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌ كوتله‌ی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا سادق له‌بن دووپاتیكرده‌وه‌ پێی باشتره‌ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ په‌رله‌مان ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن نه‌ك سازش له‌سه‌ر ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان بكات.

له‌بان ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ په‌رله‌مانتارانی ده‌وڵه‌تی یاسا بژاری ئۆپۆزسیۆنی هه‌ڵده‌بژێرن و پێیان په‌سه‌ندتره‌ نه‌ك سازش له‌سه‌ر ماده‌ی 140 بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان رازی بكه‌ن كه‌ ده‌نگ به‌ كاندیدی ئه‌وان بدات بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، به‌تایبه‌ت كه‌ ماوه‌ی یاسایی جێبه‌جێكردنی ماده‌كه‌ به‌سه‌ر چووه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌شكرد ده‌وڵه‌تی یاسا پابه‌ند نییه‌ به‌ پێدانی مافێك كه‌ ئه‌وانیدیكه‌ دانی پێنه‌نێن، جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ ئه‌وان رێگه‌ به‌هیچ جۆره‌ دانووستان و گفتوگۆیه‌ك و سازشێك نادات كه‌ زیان به‌ سه‌روه‌ری بالاَی گه‌لی عێراق بگه‌یه‌نێ.

جێی باسه‌ ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری تایبه‌ته‌ به‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌ جێ ناكۆك له‌سه‌ره‌كانی دیكه‌، كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانیش كه‌ ئێستا شاندی خۆی له‌ به‌غدایه‌ بۆ چوونه‌ ناو هه‌ر هاوپه‌یمانییه‌تێك له‌گه‌ڵ كوتله‌ عێراقییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق مه‌رجی جێبه‌جێكردنی ماده‌كه‌ی داواكردووه‌.
Top