سوپای ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیكرد به‌ گواستنه‌وه‌ی كه‌ل و په‌له‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ هه‌ردوو ولاَتی كوێت و ئه‌فغانستان

سوپای ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیكرد به‌ گواستنه‌وه‌ی كه‌ل و په‌له‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ هه‌ردوو ولاَتی كوێت و ئه‌فغانستان
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌ستی كردووه‌ به‌ گواستنه‌وه‌ی كه‌ل و په‌له‌ سه‌ربازییه‌كانی خۆی بۆ هه‌ردووبنكه‌ی سه‌ربازی له‌ كوێت و ئه‌فغانستان ئه‌مه‌ش وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ی ته‌واوی هێزه‌كانی له‌ عێراق له‌ ساڵی داهاتوو.

له‌مباره‌یه‌وه‌ وته‌بێژی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ستیڤن لانزا رایگه‌یاند ئه‌مه‌ریكا له‌ قۆناخی یه‌كه‌می پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی كه‌ل و په‌له‌ سه‌ربازییه‌كان 330 بارهه‌ڵگری پرِ له‌كه‌ل و په‌ل بۆ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی خۆی بۆ ولاَتی كوێت ده‌گوازێته‌وه‌ پاشانیش بۆ ئه‌فغانستان یاخود بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌گوازرێته‌وه‌.

لانزا جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌ سه‌رقاڵبوونی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق به‌پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی كه‌ل و په‌له‌كانی كاریگه‌ری به‌سه‌ر بارودۆخی ئه‌منی عێراق نابێت به‌ڵكو ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هاوكارییه‌ لۆجستییه‌كانیان بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌ دوای كشانه‌وه‌یان له‌و ولاَته‌.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی كه‌ل و په‌له‌كان له‌وه‌ته‌ی مۆركردنی رێككه‌وتنامه‌ی ئه‌منی نێوان به‌غداو واشنتۆن ده‌ستی پێكردووه‌
لانزا سووربوونی ولاَته‌كه‌یشی دووپاتكرده‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ عێراق له‌ ناوه‌رِاستی مانگی ئابی ئه‌مساڵ به‌ شێوه‌یه‌ك 33 هه‌زار سه‌ربازی دیكه‌ ده‌كشێنێته‌وه‌و ته‌نیا 50 هه‌زار سه‌رباز له‌ عێراق ده‌مێنێ تا كۆتایی ساڵی 2011
Top