نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هانی كوتله‌ سیاسییه‌كان ده‌دات له‌ ماوه‌ی 30 رۆژ حكومه‌ت پێكبهێنن

نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هانی كوتله‌ سیاسییه‌كان ده‌دات له‌ ماوه‌ی 30 رۆژ حكومه‌ت پێكبهێنن
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق ئاد مێلگه‌رت داوای له‌ لایه‌ن سیاسییه‌كان كرد په‌له‌ بكه‌ن په‌له‌ بكه‌ن له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق له‌ ماوه‌ی 30 رۆژ.

مێلگه‌رت پشتگیری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیشی بۆ عێراقییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت دووپاتكرده‌وه‌، گوتیشی رۆڵی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ كاتی ئێستادا ته‌نیا بۆ خۆ ئاماده‌كردنه‌ بۆ قۆناخی ئینتیقالی و جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی كۆمه‌لاَیه‌تی و رێزگرتنی مافه‌كانی مرۆڤ.

میلگه‌رت ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا گرنگه‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان رێكبكه‌ون له‌ ماوه‌ی 30 رۆژدا بتوانن حكومه‌تی نوێ پێكبهێنن، ئه‌مه‌ش له‌ ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان كه‌ زیاتر ده‌توانێ پاڵ به‌ پرۆسه‌ی سیاسی بنێ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت.

نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ پێویستی زانی كوتله‌ سیاسییه‌كان به‌یه‌ك بگه‌ن و چاویان به‌ یه‌كتری بكه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌و ماوه‌ زه‌مه‌نیه‌ی ده‌ستوور دایناوه‌ كه‌ 30 رۆژه‌ دوای یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان هه‌وڵه‌كانیان چرِتر بكه‌نه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت.

جێی باسه‌ دوێنێ چوار شه‌ممه‌ په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی مه‌حمود عوسمان پێشبینی كرد نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بتوانێ له‌ رێگه‌ی مه‌رجه‌عیه‌ته‌ دینییه‌كان هانی عێراقییه‌كان بدات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بگه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق كه‌ تێیدا ته‌واوی لایه‌نه‌كان به‌شداربن تێیدا، عوسمان پێشبینی ئه‌وه‌یشی كرد مه‌رجه‌عییه‌ت ده‌توانێ رۆڵی خۆی هه‌بێت له‌ له‌یه‌ك نزیكردنه‌وه‌ی كوتله‌كان و ره‌خساندنی بواری له‌یه‌كگه‌یشتن.
Top