مالیكی دژی پێكهێنانی هه‌ر هه‌رێمێكی دیكه‌یه‌ له‌ عێراق

مالیكی دژی پێكهێنانی هه‌ر هه‌رێمێكی دیكه‌یه‌ له‌ عێراق
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌ به‌غدای پایته‌خت به‌رِێوه‌چوو سه‌رۆك وه‌زیرانی ماوه‌ به‌سه‌ر چووی عێراق نوری مالیكی داوای له‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان هه‌ریه‌كه‌یان له‌ لای خۆی سازش له‌سه‌ر هه‌ندێك داواكارییه‌كانی بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات حكومه‌تی نوێی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تی نیشتمانی پێكبهێنرێت.

مالیكی سه‌ر له‌نوێ ره‌تیكرده‌وه‌ سازش له‌سه‌ر خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی بكات بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، چونكه‌ توانیویه‌تی زۆرترین ده‌نگه‌كانی به‌غدای پایته‌خت به‌ده‌ست بێنێ و لیسته‌كه‌یشی پله‌ی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی به‌ده‌ست هێناوه‌.

مالیكی گوتی: جێی نیگه‌رانییه‌ هه‌ندێك له‌ كوتله‌كان هێڵی سووریان داناوه‌ بۆ دووباره‌ خۆكاندید كردنه‌وه‌م، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ ده‌بێت هه‌موویان رێككه‌ون له‌سه‌ر یه‌ك كاندید چونكه‌ هه‌ندێك له‌ قه‌واره‌كان ئه‌گه‌ر ئه‌ركی پێكهێنانی حكومه‌تیان پێراسپێردرا شكست دێنن به‌تایبه‌ت كوتله‌ی ئه‌لعێراقیی كه‌ ئه‌یاد عه‌للاوی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا مالیكی به‌توندی ده‌ست تێوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی له‌ كاروباری ناوخۆی عێراق به‌تایبه‌ت پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت ره‌تكرده‌وه‌، گوتیشی جێگه‌ی داخه‌ ده‌ست تێوه‌ردان ده‌ره‌كییه‌كان بوونه‌ته‌ هۆكاری په‌كخستنی پرۆژه‌ نیشتمانییه‌كانی عێراق و دواكه‌وتنی پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت.
مالیكی دژایه‌تی خۆیشی بۆ پێكهێنانی هه‌رێمی تازه‌ له‌ عێراق ره‌تكرده‌وه‌ چونكه‌ پێكهێنانی هه‌ر هه‌رێمێكی دیكه‌ ده‌بێته‌ هۆی دروست بوونی ته‌نگژه‌یه‌كی دیكه‌ له‌ ولاَت و ئه‌و كات ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و ولاَتانی دراوسێ دێته‌ ناو پرسه‌كه‌و هه‌ركه‌سه‌و له‌ قازانجی خۆی ده‌گه‌رِێ.
Top