زێباری: ئه‌گه‌ر ته‌نگژه‌ی بێ حكومه‌تی كۆتایی پێنه‌یێ، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هاوكاری عێراقییه‌كان ده‌كات

زێباری: ئه‌گه‌ر ته‌نگژه‌ی بێ حكومه‌تی كۆتایی پێنه‌یێ، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هاوكاری عێراقییه‌كان ده‌كات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق هۆشیار زێباری رایگه‌یاند شكستهێنان له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت و به‌رده‌وام بوون وپێداگری نێوان كوتله‌كان له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆسته‌كان، واده‌كات نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان نێوانگری عێراقییه‌كان بكات بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ته‌نگژه‌كه‌.

زێباری ئاماژه‌ی به‌وه‌دا نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌توانێ بێته‌ ناو ته‌نگژه‌كه‌و یارمه‌تی عێراقییه‌كان بدات.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق گوتی تا ئێستا عێراق له‌ ژێر به‌ندی حه‌وتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌رنه‌چووه‌.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ مه‌ترسیییه‌ك له‌لای سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان درووست بووه‌ به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالیكی و سه‌رۆكی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ ئه‌یاد عه‌للاوی به‌ شێوه‌یه‌ك به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كه‌سییه‌كانیان به‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بالاَكانی گه‌لی عێراق خستووه‌، به‌ پێویستیشی زانی هه‌ریه‌ك له‌ كوتله‌كانی هاوپه‌یمانی نیشتمانی و ئه‌لعێراقییه‌و هاوپه‌یمانی كوردستانی دانووستانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن.

زێباری گوتیشی گه‌لی عێراق له‌ چاوه‌رِوانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی پێبگات كه‌ له‌ پێناویدا له‌ رۆژی 7 ی ئازار رووی له‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان كرد.

باسی له‌وه‌شكرد كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوه‌رِاستی ئابدا په‌یوه‌ندی به‌ پێشكه‌وتنه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا له‌ چاوه‌رِوانی پێكهێنانی حكومه‌ت دایه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌گه‌رنا ره‌نگه‌ دواكه‌وتنی حكومه‌ت له‌به‌ر چاوبگرێ بۆ پاراستنی بارودۆخی ئه‌منی.
Top