حزبی فه‌زیله‌ بۆ ده‌رچوون له‌ ته‌نگژه‌ی بێ حكومه‌تی داوای پێكهێنانی هاوپه‌یمانی چوار قۆڵی ده‌كات، هاوپه‌یمانی كوردستانیش پێشوازی لێده‌كات

حزبی فه‌زیله‌ بۆ ده‌رچوون له‌ ته‌نگژه‌ی بێ حكومه‌تی داوای پێكهێنانی هاوپه‌یمانی چوار قۆڵی ده‌كات، هاوپه‌یمانی كوردستانیش پێشوازی لێده‌كات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

ئه‌مرِۆ دووشه‌ممه‌ په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌ حزبی فه‌زیله‌ حه‌سه‌ن شه‌مه‌ری له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌مه‌به‌ستی ده‌رچوونی ولاَت له‌ ته‌نگژه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت پێشنیاری حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند، كه‌ بریتییه‌ له‌ فراوانكردنی بازنه‌ی هاوپه‌یمانییه‌تی نیشتمانی به‌ شێوه‌یه‌ك دووباره‌ هاوپه‌یمانییه‌تێكی چوار قۆڵی له‌سه‌ر شێوه‌ی هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ چوار قۆڵییه‌كه‌ی پێشوو پێكبهێنرێت له‌ نێوان هاوپه‌یمانی نیشتمانی و ده‌وڵه‌تی یاساو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌و هاوپه‌یمانی كوردستانی، كه‌ دواتر ئه‌مه‌ واده‌كات كێشه‌ی تێگه‌یشتن له‌ چه‌مكی كوتله‌ی گه‌وره‌ی په‌رله‌مان یه‌كلایی بكاته‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی موحسین سه‌عدون پێشنیاره‌كه‌ی حزبی فه‌زیله‌ی به‌ هه‌نگاوێكی ئیجابی له‌قه‌ڵه‌مدا، بۆ به‌دیهێنانی داواكارییه‌كانی گه‌لی عێراق.

سه‌عدون دووپاتیشی كرده‌وه‌ كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان پشتگیری هه‌موو پێشنیارێكی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات حكومه‌تی نوێی عێراق پێكبهێنرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌عدون ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كوتله‌كه‌یان پێشوازی له‌ هه‌موو رێككه‌وتنێك ده‌كه‌ن كه‌ تێیدا سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵبژێردرێ و دواتریش حكومه‌ت پێكبهێنرێت وئینجا پۆسته‌ پۆسته‌ سیادی و وزاری و حكومییه‌كانیش به‌سه‌ر كوتله‌كان دابه‌ش بكرێ به‌ پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ به‌ ده‌ستیان هێناوه‌،گوتیشی ده‌بێ له‌و نێوه‌نده‌د گوێ له‌ داواكاری و خواستی كوتله‌كانیش بگیردرێ و له‌مه‌شدا رۆڵی كوتله‌ی كوردستانی به‌دیار ده‌كه‌وێ وه‌كو سه‌كۆیه‌ك بۆ ئه‌و به‌رنامه‌ وزارییه‌، له‌ هه‌مان كاتیشدا پشت له‌ داواكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی ناكات.
Top