شه‌رِی ئاو..عێراق به‌ وردی چاودێری گۆرِینی رێرِه‌وی ئاوی رووباری دیجله‌ ده‌كات له‌ لایه‌ن حكومه‌تی سوریا

شه‌رِی ئاو..عێراق به‌ وردی چاودێری گۆرِینی رێرِه‌وی ئاوی رووباری دیجله‌ ده‌كات له‌ لایه‌ن حكومه‌تی سوریا
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بلاَویانكرده‌وه‌ حكومه‌تی سوریا له‌ رێگه‌ی رێككه‌وتنامه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیا خه‌ریكی گۆرِینی رێرِه‌وی ئاوی رووباری دیجله‌یه‌ بۆ ناو خاكی ولاَته‌كه‌ی به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی بۆ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان.

له‌مباره‌یه‌وه‌ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی حكومه‌تی عێراق عه‌لی هاشم له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا دووپاتیكرده‌وه‌ حكومه‌تی سوریاو توركیا جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرِۆژه‌یان به‌لایه‌نی عێراقی رانه‌گه‌یاندووه‌.

هاشم بێ ئاگایی حكومه‌تی عێراق و لایه‌ن په‌یوه‌نداره‌كان له‌ جێبه‌جێكردنی پرِۆژه‌كه‌ی سوریا دووپاتكرده‌وه‌، هه‌ر كارێكی له‌و شێوه‌یه‌شی به‌ هه‌نگاوێكی سلبی بۆ سه‌ر داهاتووی ئاوی عێراق و كه‌رتی كشتوكاڵ و په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو ولاَتی دراوسێی له‌قه‌ڵه‌مدا.

ناوبراو گوتیشی له‌سه‌ر حكومه‌تی سوریا پێویسته‌ هیچ به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م رێرِه‌وی ئاوی رووباری دیجله‌ نه‌گرێ كه‌ بۆ ناو خاكی عێراق شۆر ده‌بێته‌وه‌، جه‌ختیشی له‌ه‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ حكومه‌تی عێراق به‌ ئاسانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی حكومه‌تی سوریا فه‌رامۆش ناكات و به‌ جیدی چاودێری ده‌كات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌گه‌ر دوو قۆڵی چاره‌سه‌ر نه‌كرا ئه‌وكات ناچار ده‌بن په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر رێككه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به‌ ئاوو پشكی ولاَتان له‌ ئاوی رووباره‌كان.

جێی باسه‌ حكومه‌تی سوریا له‌ ساڵی 2002 رێككه‌وتنامه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی سه‌رده‌می رژێمی پێشوو مۆركردووه‌ كه‌ به‌ پێی رێككه‌وتنامه‌كه‌ سوریا ده‌توانێ له‌كاتی پێویست رێرِه‌وی ئاوی رووباری دیجله‌ بۆ قازانجی خۆی بۆ ناو خاكی سوریا بگۆرِێ.
Top