ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: تا ئێستا شاندی كوردی سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی140 گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كوتله‌ عێراقییه‌كان نه‌كردووه‌

ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: تا ئێستا شاندی كوردی سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی140 گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كوتله‌ عێراقییه‌كان نه‌كردووه‌
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكدا ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌ر به‌كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر دووپاتیكرده‌وه‌ تا ئێستا پرسی ماده‌ی 140 و داواكارییه‌كانی كورد له‌ دانووستانه‌كانی نێوان شاندی كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و كوتله‌ عێراقییه‌كان گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌.
ئه‌نوه‌ر گوتی تا ئێستا گفتوگۆكان تایبه‌تن به‌ پرسی هه‌ڵبژاردنی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو وه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مان، و ده‌ستیش به‌ گفتوگۆكان له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی كورد نه‌كراوه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا گفتوگۆكان سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كانی كورد له‌ چوارچێوه‌ی دانووستانه‌كانی تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌بێت، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كاندیدی گه‌وره‌ترین كوتله‌ راده‌سپێردرێ بۆوه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران.

ئه‌نوه‌ر گفتوگۆكانی ئێستای نێوان كوتله‌كانی به‌(گفتوگۆی دوای یه‌كترناسین) وه‌سفكرد.

جێی باسه‌ شاندی كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی نوێ بۆ ئه‌نجام دانی دانووستانه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌تی له‌گه‌ڵ كوتله‌ عێراقییه‌كان گه‌یشته‌ به‌غدای پایته‌خت، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیشی بۆ به‌غدا ده‌ستی كردووه‌ به‌ گفتوگۆو دانووستانه‌كان له‌گه‌ڵ كوتله‌ عێراقییه‌كان، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئێستا گۆرِه‌پانی سیاسی ولاَت جووڵه‌یه‌كی باشی به‌خۆبینیوه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ تایبه‌ت كه‌ هه‌ردوو كوتله‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی و كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی 72 ی ده‌ستوور كه‌تایبه‌ته‌ به‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی ناكۆكیان هه‌یه‌.
Top