راپۆرتێك: سواڵكردن له‌ عێراق بۆته‌ پیشه‌، سه‌رده‌می كۆیلایه‌تی له‌و ولاَته‌ زیندوو بۆته‌وه‌

راپۆرتێك: سواڵكردن له‌ عێراق بۆته‌ پیشه‌، سه‌رده‌می كۆیلایه‌تی له‌و ولاَته‌ زیندوو بۆته‌وه‌
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ به‌شی یه‌كه‌می دوا راپۆرتی خۆیدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه‌ تایبه‌تی كردبوو به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی له‌شفرۆشی له‌ولاَتانی هه‌ژارو له‌ ناویشیاندا عێراق، به‌شی دووه‌می راپۆرته‌كه‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ببه‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی سواڵكردن له‌ عێراق به‌ شێوه‌یه‌ك راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، كه‌ خه‌ریكه‌ سواڵكردن به‌هه‌ردوو دیوه‌كه‌ی راستی و پیشه‌یی بۆته‌ دیارده‌یه‌كی سروشتی له‌لای عێراقییه‌كان، ئه‌وه‌ی روونكردۆته‌وه‌ كه‌ دیارده‌ی سواڵكردن له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ عێراقییه‌كان بۆ په‌یداكردنی بژێوییه‌كی كه‌می رۆژانه‌یان كاری پێده‌كرێ، به‌لاَم به‌لای خه‌ڵكێكی دیكه‌وه‌ سواڵكردن بۆته‌ پیشه‌و فه‌رمانبه‌رێتی، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا دیلرده‌ی سواڵكردن له‌ هه‌موو ولاَتانی جیهان پیاده‌ ده‌كرێ، به‌لاَم له‌ هه‌ندێك ولاَتدا كه‌سی سواڵكه‌ر له‌ رێگه‌ی هونه‌رێكی ده‌گمه‌نه‌وه‌ پاره‌ كۆده‌كاته‌وه‌ واتا له‌بری پاره‌ په‌یداكردن هونه‌رێك پێشكه‌ش ده‌كات و ده‌ست له‌ئه‌ژنۆ دانانیشێ، راپۆرته‌كه‌ ئه‌م دیارده‌و شێوازی پیاده‌كردنی سواڵكردنه‌ له‌لای عێراقییه‌كان به‌مه‌ترسییه‌ك ده‌زانێ بۆ ئابووری عێراق به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌ستی كاركه‌ر كه‌م ده‌بێته‌وه‌و خه‌ڵك فێری په‌یداكردنی نانی به‌خۆرِایی ده‌بێت.

هه‌ر له‌و به‌شه‌ی راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دیارده‌ی زیندوو بوونه‌وه‌ی كۆیلایه‌تی له‌عێراق باس ده‌كات.

راپۆرته‌كه‌ ده‌نووسێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێشتا به‌شێكی زۆری عێراقییه‌كان به‌ده‌ست بێكاری ده‌ناڵێنن، به‌لاَم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێكی دیكه‌ی عێراقییه‌كان خه‌ریكه‌ سه‌رده‌می كۆیلایه‌تی له‌ ولاَته‌كه‌یان زیندوو ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك به‌شێكی سه‌رمایه‌دارانی ئه‌و ولاَته‌ ده‌رِۆن له‌ ولاَتانی دیكه‌ی هه‌ژار له‌وانه‌ش سۆماڵ، به‌نگلادێش، فلیپین و چه‌ند ولاَتێكی دیكه‌ پیاو و ئافره‌ت دێنن بۆ ناو عێراق و له‌وێ به‌گرێبه‌ست ده‌یانفرۆشنه‌ به‌شێكی خانه‌واده‌ عێراقییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی كاری رۆژانه‌یان بۆ راپه‌رێنن.

راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ زۆربه‌ی ئه‌و كۆیله‌ سه‌رده‌مییانه‌ له‌لایه‌ن خاوه‌نه‌كانیان رووبه‌رووی ده‌ست درێژی سێكسی ده‌بنه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش جۆره‌ ئاڵوده‌بوونێكی دیكه‌یه‌ عێراقییه‌كان په‌نای بۆ ده‌به‌ن و له‌لای یه‌كتریش شانازی پێوه‌ ده‌كرێ، راپۆرته‌كه‌ ده‌شنووسێ دیارده‌ی كۆیلایه‌تی سه‌رده‌م هه‌ر ته‌نیا له‌ عێراق بوونی نییه‌ به‌ڵكو له‌ ولاَتانی دیكه‌ی جیهانیش ئه‌و راستییه‌ به‌ر چاو ده‌كه‌وێ. به‌لاَم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیارده‌یه‌كی ترسناكه‌ عێراقییه‌كان به‌سه‌ریدا تێپه‌رده‌بن.

له‌لای خۆشیانه‌وه‌ به‌رپرسانی لایه‌نی په‌یوه‌ندار له‌ حكومه‌تی عێراق ره‌خنه‌یان له‌ زه‌قی راپۆرته‌كه‌ گرت و ئه‌وه‌یان راگه‌یاند تا ئێستا هیچ ئامارێكی ورد له‌به‌ر ده‌ستدانییه‌ كه‌ ژماره‌ی ئه‌و بێگانانه‌ی بۆ كاروباری ناو ماڵ وه‌كو خزمه‌تكار كارده‌كه‌ن چه‌نده‌، به‌بێ بوونی ژماره‌و داتاش هه‌ر حوكم دانێك نارِاست ده‌رده‌چێ.
Top