له‌ پرۆسه‌یه‌كی به‌زۆر ناردنه‌وه‌دا، 43 په‌ناهه‌نده‌ی عێراقی له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌ریتانیاوه‌ ره‌وانه‌ی به‌غداكرانه‌وه‌

له‌ پرۆسه‌یه‌كی به‌زۆر ناردنه‌وه‌دا، 43 په‌ناهه‌نده‌ی عێراقی له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌ریتانیاوه‌ ره‌وانه‌ی به‌غداكرانه‌وه‌
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ درێژه‌ی پرۆسه‌ی به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌ناهه‌نده‌ عێراقییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌ریتانیاوه‌، دوێنێ پێنج شه‌ممه‌ 43 په‌ناهه‌نده‌ی عێراقی نیشته‌جێی ولاَتی به‌ریتانیا له‌ رێگه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا گه‌یشتنه‌وه‌ عێراق، له‌گه‌ڵ گه‌رِانه‌وه‌یشیان په‌ناهه‌نده‌ ده‌ركراوه‌كان به‌توندی دژایه‌تی پرۆسه‌ی به‌زۆر ناردنه‌وه‌یان كرد كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌ریتانیاوه‌ جێبه‌جێ كراوه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی راگه‌یاند ده‌سه‌لاَتدارانی عێراقی له‌گه‌ڵ گه‌رِانه‌وه‌یان ده‌ستیان كردووه‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌ناهه‌ندانه‌، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی وردبینی كردنی كارتی ناسنامه‌و ناونیشانیان له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری عێراقی و به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی پاسه‌پۆرت و نووسینگه‌ی زانیاریه‌كان.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌سه‌لاَتدارانی ئه‌منی په‌ناهه‌نده‌كان به‌ره‌و شوێنی مه‌به‌ستی خۆیان ده‌گوازێته‌وه‌.
جێی باسه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ حكومه‌تی به‌ریتانیا ده‌ستی كردۆته‌وه‌ به‌ پرۆسه‌ی به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌ناهه‌نده‌ عێراقییانه‌ی تا ئێستا مافی به‌نابه‌رێتیان له‌و ولاَته‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، له‌لای خۆشییه‌وه‌ رێكخراوی په‌ناهه‌نده‌ی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌توندی دژی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یه‌و داوای راگرتنی ده‌كات له‌ حكومه‌تی به‌ریتانیا.
Top