مه‌لا: ئه‌لعێراقییه‌ سازش له‌سه‌ر كه‌ركوك ناكات

مه‌لا: ئه‌لعێراقییه‌ سازش له‌سه‌ر كه‌ركوك ناكات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا وته‌بێژی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ حه‌یده‌ر مه‌لا دووپاتیكرده‌وه‌ له‌به‌رنامه‌ی كاری كوتله‌كه‌یاندانییه‌ بۆ به‌ستنی هه‌ر هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ك سازش له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك بكات، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ پرسی ئه‌و شاره‌ له‌ رێگه‌ی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێت.
مه‌لا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا پرسی كه‌ركوك پرسێكی ده‌ستوورییه‌و ده‌بێت له‌ رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، هه‌ر بازدانێكیش به‌سه‌ر ده‌ستوورو سازشكردن له‌سه‌ری له‌لایه‌ن لكوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ جێی قه‌بوڵكردن نییه‌.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ناوبراو باسی له‌وه‌كرد هێزه‌ كوردستانییه‌كان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ كوتله‌ عێراقییه‌كان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند، كه‌ ئه‌مه‌ش پرسێكه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ هێزه‌ كوردستانییه‌كان و ئه‌لعێراقییه‌و ده‌وڵه‌تی یاساو هاوپه‌یمانی نیشتمانییه‌وه‌ هیه‌، ئه‌وشی گوت كه‌ له‌ قۆناخی رابردوو هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر چه‌مكی شه‌راكه‌ت كێشه‌یان هه‌بووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێك ده‌بێت له‌و پرسانه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نی كوردی گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
مه‌لا باسی له‌وه‌شكرد ئه‌و پرسانه‌ی دیكه‌ی كوتله‌ی عێراقییه‌ له‌گه‌ڵ شاندی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، پرسه‌كانی تایبه‌ت به‌ناوچه‌ جێ ناكۆك له‌سه‌ره‌كان و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ ده‌بێت، به‌تایبه‌ت كه‌ لایه‌نی كوردی ئاره‌زوو ده‌كات ئه‌و پرسه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.
جێی باسه‌ پێشتر چه‌ند ئه‌ندامێكی توركمانی له‌ناو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ هۆشداریاندا له‌سه‌ر سازشكردن سه‌باره‌ت به‌ پرسی كه‌ركوك وه‌كو سه‌فقه‌یه‌كی سیاسی.
Top