وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق یاداشتێك ده‌داته‌ ده‌ست باڵیۆزخانه‌ی ئێران

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق یاداشتێك ده‌داته‌ ده‌ست باڵیۆزخانه‌ی ئێران
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

بریكارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌بید عه‌باوى رایگه‌یاند حكومه‌تى عێراق هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌كى له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئێران نه‌بووه‌ بۆ تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان به‌بیانووی راوه‌دوونان و له‌ناوبردنى چه‌كداره‌كانى پژاك.

له‌ لێدوانێكدا عه‌باوى دووپاتیكرده‌وه‌ هیچ هێزێكی نه‌یارى نه‌ك هه‌ر ته‌نیا پژاك بوونى نییه‌ له‌ خاكى هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا چه‌ندین جار وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌سه‌ر ئه‌و تۆپبارانانه‌ى ئێران قسه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى تاران كردووه‌و داوایكردووه‌ تۆپبارانه‌كان رابگرێ.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ پێش سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانی له‌ به‌غدا كردوو هه‌ڵوێست و نارِه‌زایی حكومه‌تی عێراق بۆ خسته‌رِوو كه‌ داوای ده‌ست به‌جێ راگرتنی تۆپبارانكردنه‌كان ده‌كات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ئه‌مرِۆ دووشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ یاداشتێكی نارِه‌زایی ده‌داته‌ ده‌ست باڵیۆزی ئێران له‌به‌غداو داوای ده‌ست به‌جێ راگرتنی تۆپبارانكردنه‌كانی بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
Top