دیپاك گوپتا پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سان دیاگۆ ستەیت: ئەمریكا لە ئاست ئێران و سعودیەدا بە هەستیاری و هاوسەنگییەوە هەنگاو هەڵدەگرێت

دیپاك گوپتا پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سان دیاگۆ ستەیت:  ئەمریكا لە ئاست ئێران و سعودیەدا بە هەستیاری و هاوسەنگییەوە هەنگاو هەڵدەگرێت
دیپاك گوپتا پڕۆفیسۆرە لە بەشی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سان دیاگۆ ستەیت، پێشتریش لە هەمان زانكۆ بەڕێوەبەر و یەكێك لە دامەزرێنەرانی پڕۆگرامی دیراساتی نێودەوڵەتی و چارەسەری ناكۆكی بووە. لە چەند بوارێكی گرینگدا تایبەتمەندە، وەك شرۆڤەكاری سیاسەتی گشتی، ناكۆكیی ئیتنی و كاروباری نێودەوڵەتیی و شڵەژانە ئابووری و سیاسییەكان و شرۆڤەكاری پەیوەست بە سەرهەڵدان و گۆڕانی رێكخراوە تیرۆریستییەكان. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە زیاتر پەیوەست بوون بە سیاسەتی ئیدارەی جۆ بایدن بەگشتی و سیاسەتی ئەم ئیدارەیە لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ ئەدای ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە، ئایا تەحەددی و ئەولەوییەتە سەرەكییەكانی چین؟
- لە راستیدا یەكەم شت كە بێتە هزر و خەیاڵمان لەم رووەوە ئەوەیە كە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن لە هەوڵی گرتنەبەری چارسەرەی فرەلایەندایە، ئەمە پێچەوانەی ئەو رێچكە و رێگاچارەیەیە كە ئیدارەی پێش خۆی بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترمپ پیادەی دەكرد، كە یان دەبوو وڵاتان شوێنكەوتەی سەركردایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوونایە، یان كاریان لەگەڵدا نەدەكرا لەلایەن ئەمریكاوە. واتە گرتنەبەری چارەسەری فرەلایەن فەرامۆش كرابوو. كەواتە دەكرێت ئەمە یەكێك لە گەورەترین خاڵەكانی جیاوازیی ئیدارەی بایدن بێت، بەراورد بە ئیدارەی ترەمپ. دواتر من بڕوام وایە كە دەبێت سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی بایدن لەم جیهانە ئاڵۆز و پێكەوەگرێدراوەدا، بە هاوكاریی وڵاتانی دیكە و بە كاركردن لەگەڵیاندا جێبەجێ بكرێت. واتە ناكرێت رێگاچارەیەكی تاكلایەنە بگرێتەبەر، ئەگەر بیەوێت سیاسەتێكی باش لە جیهانی ئێستادا پیادە بكات.
* هەروەك ئاشكرایە و ئێوەش لە وەڵامەكەدا ئاماژەتان پێكرد، ئیدارەی پێشووی ئەمریكا زیانی بە میسداقیەتی وڵاتەكە و بە كاركردنی پێكەوەیی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان گەیاندبوو، ئایا تا چەند ئەم رێگاچارە جیاوازەی ئیدارەی بایدن توانیویەتی ئەو دۆخە راست بكاتەوە و پێگەی ئەمریكا بەدەست بهێنێتەوە؟


- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە لەبەر ئەوەی سەرۆكی پێشوو (دۆناڵد ترەمپ) سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لەسەر بنەمای حەز و هەڵچوونە ساتەوەختییە شەخسییەكان بنیاد نابوو، ئەوا ئەوەی بەدیمان دەكرد، ئەوە بوو كە ئەو سیاسەتە رۆژانە گۆڕانكاری بەسەردا دەهات، تەنانەت لە پەیوەندی بە چەند پرسێكی بنەڕەتییشەوە، بە گوزارشتێكی دیكە ستراتیژیەتێكی جێگیر لە ئارادا نەبوو، كەسانی نێو ئیدارەكەشی دەبوو شوێن ئەو خواست و خولیایانەی ترەمپ بكەوتنایە كە رۆژانە گۆڕانكاری بەسەردا دەهات، كەواتە دووبارەی دەكەمەوە بیركردنەوەیەكی ستراتیژی لە ئارادا نەبوو، ئێستا من خۆشحاڵم كە بیركردنەوە و ستراتیژیەت گەڕاوەتەوە.

* بە تێڕوانینی ئێوە گەورەترینی ئەو تەحەددییانە چین كە لە ئێستادا رووبەڕووی ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا بوونەتەوە؟
- ئەوەی بەدی دەكرێت، تەحەددییەكان زۆرن، هەر لە ئیدارەدان و رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە تا بە سیاسەتی پەیوەست بە كەش و هەوا دەگات، هەروەها سیاسەتەكانی وڵاتەكەی لە ئاست كێشە و ناكۆكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی لەگەڵ ئێراندا. بە هەمان شێوە ناكۆكییە هەڵكشاوەكانی لەگەڵ چین و كۆریای باكوور، كەواتە ئەمە رۆژگارێكی دژوارە كە ئەم ئیدارەیە رووبەڕووی دەبێتەوە و، پێویستە سیاسەت و هەڵوێستەكانی زۆر ژیرانە دابڕێژێت و، زۆر بە هەستیاری و هاوسەنگییەوە هەنگاو هەڵگرێت، ئەمەش زۆر بە باشی پیادە دەكرێت لە پەیوەندی بە عەرەبستانی سعودیە و ئێرانەوە، ئەوەتا ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن ئازادییەكی رەهای بۆ محەمەد بن سەلمان دەستەبەر نەكردووە، لە هەمان كاتدا هاوهەڵوێستی ئێرانیش نییە، هەر لەم رووەوە ئیدارەی سەرۆك بایدن بڕیاری داوە كە چیتر چەكی هێرشبەر بە وڵاتی عەرەبستانی سعودیە نەفرۆشێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەردەوام دەبێت لە فرۆشتنی چەكی بەرگریكردن بەو وڵاتە، تاوەكو حوسییەكانی یەمەن نەتوانن بەردەوام بن لە بە ئامانجگرتنی كێڵگە نەوتییەكان، یان فڕۆكەخانەی ریاز، یان هەر ئامانجێكی دیكە لەنێو سعودیەدا.
* ئەی چۆن لە پەیوەندییەكان، یان مامەڵەكردنی ئیدارەی سەرۆك بایدن دەڕوانیت لە ئاست ئیسرائیلدا، لەبەر رۆشنایی ئەو شاندە باڵایەی ئیسرائیل كە بەم دواییە سەردانی واشنتۆنیان كرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا كۆبوونەوە؟
- من پێم وایە ئەم ئیدارەیە هەر هەمان هەنگاوی هاوسەنگ لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵدەگرێت، چونكە راستە ئیسرائیل نزیكترین هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەی ئەمریكا هەموو خواستەكانی ئیسرائیل بەدی ناهێنێت، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە مافی فەلەستنییەكانەوە. كەواتە دووبارەی دەكەمەوە ئەمە راگرتنی هاوسەنگییە. لەم رووەوە ئەوەی من بەدی دەكەم، ستراتیژیەتێكی روونە كە بریتییە لە دۆزینەوە و راگرتنی هاوسەنگییەكی راست و دروست.
* بەڵام ئایا ئەم بەرچاوڕوونییە و ئەم ستراتیژیەت و هاوسەنگییە لە پرسی كشانەوە لە وڵاتی ئەفغانستاندا بەدی دەكرێت، بەتایبەتی كە زۆر كەس رەخنە لە بڕیارەكەی ئیدارەی جۆ بایدن دەگرن بە كشانەوە لەو وڵاتەوە و پێیان وایە ئەمە دەرئەنجامی خراپی بەدوادا دێت؟
- ئەوە راستە كە لەم رووەوە ئامانجێكی روون بەدی ناكرێت، هەروەها ئەم بڕیارە مەترسیی ئەوە بە دوای خۆیدا دەهێنێت كە جارێكی دیكە تاڵیبان بگەڕێتەوە، لەم روانگەیەشەوە پێم وایە دەبێت ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن وریا بێت و لێكدانەوەیەكی ورد بكات. لێرەدا من دەمەوێت ئەوە بە یاد بهێنمەوە كە كاتی خۆی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا- بە سەرۆكایەتیی جۆرج بوشی كوڕ- هەردوو وڵاتی ئەفغانستان و عێراقی داگیر كرد، بە بێ ئەوەی ئەم داگیركارییە هاوشان بێت بە بیركردنەوەیەكی ستراتیژی. مەبەستم ئەوەیە كە كاتێك تۆ بڕیار دەدەیت بچیتە نێو شەڕێكەوە، دەبێت پێشوەختە بەرچاوت روون بێت كە چۆن لەو شەڕە دێیتەوە دەرەوە، ئەگەر وا نەكەیت ئەوا دوچاری شكست دەبیتەوە كە دەقاودەق ئەمە روویدا لە ئەفغانستاندا، كە ئەوەتا لە ئێستادا شەڕەكە لەو وڵاتە 20 ساڵی تێپەڕاندووە. ئەوە بوو دواتر ئەمریكا عێراقیشی داگیركرد، كە جگە لە هەرێمی كوردستان كە پەرەسەندنی ئیجابی بەخۆوە بینی- لە پەیوەندی بەوەی كورد تا راددەیەك مومارەسەی بڕیاردانی چارەنووسی كرد- ئەوا عێراق دۆخێكی خراپی لێكەوتەوە. هەروەها خەرجییەكی خەیاڵیش بە هەدەر درا لەم شەڕانەدا. مەبەستم ئەوەیە كە هەموو ئەوانە بێ بیركردنەوە و ستراتیژیەتی روونی پێشوەختە ئەنجام دران، كەواتە دەبێت ئێمە دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی – بەتایبەتی نەخوازراوەكان- كار و كردەوەكانمان لەبەرچاو بگرین، بەڵام ئەمریكا ئەم كارەی نەكرد لە پەیوەندی بە داگیركردنی ئەفغانستان و هەروەها لە پەیوەندی بە داگیركردنی عێراقیشەوە. بە هەمان شێوە ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو، ئەوە بوو كە داڕێژەرانی سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەم رووەوە –وەك دیك چینی- شارەزای كۆمەڵگە و بارودۆخەكە نەبوون، بۆ نموونە ئاگایان لە كێشە و ناكۆكیی شیعە و سوننە نەبوو، ئەمەش بووە هۆی داڕشتنی سیاسەتێك لەسەر بنەمای بێئاگایی و نەزانی كە ناكرێت چاوەڕوانی ئەوە بكەین سیاسەتێكی لەم چەشنە سەركەوتوو دەبێت.
* ئێوە لە وەڵامەكانی پێشوودا باستان لە هەندێ لایەنی سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن كرد، لە بارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەتایبەتی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران و سعودیە، ئایا بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین سیاسەتەكانی ئەم ئیدارەیە لە ئاست ئەم ناوچەیەدا سیاسەتێكی بەرپرسیارانە و واقیعبینانەن؟
- بە چاوپۆشین لەوەی ئەمریكا چ سیاسەتێ دەگرێتەبەر لە ئاست ئەم ناوچەیەدا، بەڵام ئەگەر ئێمە لە گەمەكارە سەرەكییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوانین، ئەوا ئامادەیی و خواستێك بۆ سازشكردن بەدی ناكەین، چونكە هەموو لایەك بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئاشتی دەوێت، بەڵام بەدیهێنانی ئاشتییش باجی دەوێت، ئەو باجەش بریتییە لە سازشكردن، لە بەخشین و وەرگرتن، ناكرێت هەرلایەك هەموو ئەو كارانە بكات كە دەیەوێت، چونكە ئەو كاتە ناتوانرێت ئاشتی بەدی بهێنرێت. بۆ نموونە حكومەتی ئیسرائیل هیچ ئامادەییەكی نییە بۆ سازشكردن، بە هەمان شێوە ئێرانیش كە بەردەوام دروشمی مردن بۆ شەیتانی گەورە و بۆ ئیسرائیل بەرز دەكاتەوە. واتە هەر لایەك دەیەوێت لایەكەی دیكە سازش بكات، لەم رووەوە ئەگەر بێمە سەر وەڵامی پرسیارەكەتان، ئەوا دەڵێم هەموو ئەوانەی ئاماژەم پێكردن دۆخێكیان خوڵقاندووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نەتوانێت لە ئاست ئەم ناوچەیەدا سیاسەتێكی كارای دەرەكی دابڕێژێت. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر گەمەكارەكانی ناوچەكە ئامادە و خواستی سازشكردن و بەدیهێنانی ئاشتییان نەبێت، چۆن چاوەڕوان دەكرێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی پڕ لە ئاشتی بێنێتەئاراوە؟
Top