دكتۆر سەرهەنگ جەلال جامباز بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر بۆ گوڵان: وەرگرتنی ڤاكسینەكانی كۆرۆنا پێویستی بە دڵەڕاوكێ نییە
May 13, 2021
دیمانەی تایبەت
رێكار و رێنماییەكانی خۆپاراستن و چاودێریكردنی كوالێتیی كاڵا و خواردن و ئاوی خواردنەوە، هیچی لە چارەسەركردن كەمتر نییە و، ئەگەر بە چەشنێكی كارا جێبەجێ بكرێن، بارگرانیی چارەسەركردنیش كەم دەكەنەوە، بەڵام ئەمانەش ئەركێكی ئاسان نین و بەدواداچوونی ورد و بەردەوامیان دەوێت. بۆ تاوتوێكردنی ئەم پرسە و چەند پرسێكی دیكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ دكتۆر سەرهەنگ جەلال جامباز بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێرم ئەنجام دا.* ئایا بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری پاراستنی تەندروستی چییە و كار و بوارەكانی چی لەخۆ دەگرێت و تاچەند كاریگەریی لەسەر پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان هەیە؟
- ئەم بەڕێوەبەرایەتییە هەموو بوارەكانی خۆپارێزی دەگرێتەوە و لە چەندین بەش و هۆبەو یەكەی جیاجیا پێك دێت، بەڵام بەشی چاودێریی تەندروستی لەلایەن خەڵكەوە ناسراوەو زیاتر كارەكانیان دەبیندرێت، چونكە بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەكەن، لەم رووەوە چواردە تیممان هەیە و دابەشی سەر هەموو شاری هەولێر كراون و، هەر شوێنێك بەپێی قەبارەو بەرفرەوانیی شوێنەكان تیمی بۆ دانراوە و تیمەكان بە بەرنامەو پلانێكی رێكوپێك سەردانی ئەو شوێنانە دەكەن، كە مۆڵەتی تەندروستیی ئێمەیان هەیە، واتە رۆژانە سەردانیان هەیە و راپۆرتی خۆیان ئامادە دەكەن و بەپێی مەرج و رێنماییەكان سەرپێچی و تێبینییەكان تۆمار دەكەن، هەر شوێنێك كە سەرپێچی و كەموكوڕیی زۆری هەبێت كاردانەوەو لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت، تا ئەو ئاستەی كە دەگاتە داخستن و سزای ماددی و پێبژاردن. هاوكات ئەو شوێنانەی كە مۆڵەتیان لای ئێمەیە و ساڵانە مۆڵەت تازە دەكەنەوە، هەمان ئەو تیمانەی چاودێریی تەندروستی سەردانیان دەكەن و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییە تەندروستییەكان دەكەنەوە، پاشان كەشفی دووەم بۆ شوێنەكە دەكەن، لەو كاتەی هەموو پێداویستی و مەرجەكانیان تەواو بوو، مۆڵەتەكەیان بۆ نوێ دەكرێتەوە.
* چۆن بەدواداچوونی بەردەوام بۆ كارگەكانی خۆراك و خواردنەوە و كۆگاكان دەكەن، چونكە ئەو دوو بوار و شوێنانە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانەوە هەیە؟
- ئێمە لە بەشی چاودێریی تەندروستی بەشێكمان هەیە بەردەوام سەردانی ئەو كارگانە دەكەن كە خواردن و خواردنەوە بەرهەم دەهێنن، هاوكات تیمی نموونەمان هەیە، كە نموونەی هەڕەمەكی لە خواردن و خواردنەوەكانی كارگە و كۆگا و سوپەرماركێت و مۆڵەكان وەردەگرن، نموونەكانیش بۆ تاقیگە دەنێردرێن، بۆ ئەوەی دڵنیا بین كە كاڵاو خواردن و خواردنەوەكان شیاون بۆ بەكارهێنان لای هاووڵاتیانەوە.
* ئەی بۆ ئەوەی هاووڵاتیان دڵنیابن لە باشی و كوالێتیی ئاوی خواردنەوە چ رێكارێك دەگرنەبەر؟
- ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تەندروستی، بەرپرسیارین لە بەدواداچوونی كوالێتیی ئاوی خواردنەوە، بۆ ئەو مەبەستە تیممان هەیە سەردانی بیرەكانی ئاوی خواردنەوە و سەرچاوەكانی ئاو دەكات، لە بیرەكان و ئیفرازو بەلۆعەی دەرەوەی ماڵەكان نموونە وەردەگیرێت، ئەو نموونەیانە بۆ تاقیگە دەنێرین و پشكنینی زۆر وردی بۆ دەكرێت، دەبێت دڵنیابین كە كوالێتیی ئاوەكە بەپێی ستانداردی عێراقی و WHOـە. لە هەر حاڵەتێكیشدا كە نەشیاو و نەگونجاو بوو، ئێمە بە نووسراوی فەرمی فەرمانگەی ئاوی هەولێر و ئاوی دەوروبەری هەولێر لە دەرئەنجامی پشكنیینەكانی نموونەی ئاوەكان ئاگادار دەكەینەوە، ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر و دەوروبەر هەماهەنگییەكی زۆ باشمان لەنێواندا هەیە، بۆ بەدواداچوون و دڵنیابوون لە باشی و شیاویی ئاوی خواردنەوە، هاوكات لە هەموو قەزاو ناحیەكانیش تیمی چاودێریی ئاوی خواردنەوەمان هەیە، بۆ زیاتر زانین و ئاگاداریی هاووڵاتیان ئێمە بەرپرسیار نین لە دابینكردنی ئاو، بەڵكو بەرپرسیارین لە بەدواداچوون و كوالێتی ئاوەكە.
* لە كاتی هاتنی كاڵا، بەتایبەتی خۆراك و خوادنەوە، چۆن كارو میكانیزمەكان دەگرنەبەر و هەماهەنگیتان لەگەڵ كۆنتڕۆڵی جۆری چۆنە، تا ئەو كەلوپەل و خواردن و كاڵایانەی هاوردە دەكرێن، شیاو و ستاندارد بن؟
-ئێمە لەسەر یاسای تەندروستیی عێراقی دەڕۆین، كە یاسایەكی سیادییە و دەستەی پێوانەسازیی كۆنتڕۆڵی جۆری لەم رووەوە رێنمای پەیوەست دەردەكەن و ئێمەش پشكنینەكانمان لەسەر رێنماییەكانی ئەوان ئەنجام دەدەین، لە هەموو سنوور و دەروازەكاندا خاڵی وەرگرتنی نموونەی خۆراكمان هەیە، كە نوێنەری ئێمە لەو خاڵەدا نموونەی خۆراك و خواردنەوە و كاڵاكان وەردەگرن و هەر لە سنوورەكە پشكنین بۆ كاڵاكە دەكرێت، ئەگەر پشكنینەكە بە گوێرەی مەرج و رێنمایی كوالێتی كۆنتڕۆڵ بوو، ئینجا رێگا بەو كاڵایانە دەدرێت بێتە ناو هەرێم، ئێمە لەم رووەوە هەماهەنگیی باشمان لەگەڵ خاڵە سنوورییەكان و كوالێتی كۆنتڕۆڵی هەیە و لێژنەیەكی هاوبەشمان لەسەر ئاستی وەزارەت هەیە، كە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی تێدایە و كۆبوونەوەی تایبەت ئەنجام دەدرێت، بۆ وەرگرتنی رێنمایی و وەرگرتنی هەندێ بڕیاڕ و كار، كە پێویستە بڕیاری تازەی لەسەر بدرێت. هەموو هەوڵی ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتییەكە بۆ ئەوەیە نەهێڵین خەڵك تووشی نەخۆشی ببێت، بۆیە كارەكانی ئێمە زۆر بە زەقی دیار نییە، ئەگەرچی زۆر گرنگە و دەتوانین بڵێین، ئەگەر خۆپاراستن لە چارەسەر زیاتر نەبێت، ئەوا شان بەشانیەتی بۆ كۆمەڵگەی ساخ و سەڵامەت.
* هەماهەنگیتان بۆ خۆپارێزیی تەندروستی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری عێراق و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەچ ئاستێكدایە، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا؟
- لەسەر ئاستی پارێزگا لێژنەیەكی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆڕۆنامان هەیە و لێژنەیەكی زانستییشمان هەیە، ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری پاراستنی تەندروستی ئەندامین لە لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەی كۆرۆنای وەزارەتی تەندروستیی كوردستان، هەروەها هەماهەنگی و پەیوەندییەكی بەهێز و بەردەواممان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەیە و لەگەڵ چەندین رێكخراوی جیهانی هەماهەنگیی باش و بەهێزمان هەیە.
* پەتای كۆرۆنا لە چ قۆناغێكدایە و چۆن كۆتایی پێ دێت و ئەو ڤاكسینانەی ئێستا بەردەستن، تا چەند هۆكارێكن بۆ كەمكردنەوە و نەمانی پەتاكە؟
- سرووشتی هەموو ڤایرۆسێك وایە كە زوو زوو خۆی دەگۆڕێت، بەتایبەتی بەرگی دەرەوەی كە پڕۆتینەكەیە، هەروەك چۆن ئەنفلۆنزا ساڵ لەدوای ساڵ گۆڕانكاریی بەسەر دێت و ساڵانە بەپێی گۆڕانكاریی ئەنفلۆنزەكە ڤاكسینێكی بۆ دروست دەكرێت، بەڵام پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرەتا هیچ چارەسەر و ڤاكسینێكی نەبوو، تەنیا رێنماییە خۆپاریزییەكان و قەدەغەی هاتوچۆی نێوان وڵاتان بوو، دوای یەك ساڵ ئێنجا ڤاكسین بەرهەم هات، تا ئەو كاتە باشترین كار و حاڵەت رێنماییە خۆپارێزییەكان بوون. وەك لای هەمووان زانراوە جگە لە ڤاكسین، هەوڵێكی زۆر لە سەر ئاستی هەموو دنیا دراوە و ناوەندە زانستییە پزیشكییەكان، كاریان كردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پەتاكە، چونكە ئەو دەرمانانەی كە تا ئێستاش بەكار دەهێنرێن بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، تەنیا كەمكردنەوەی پەتاكە و زیادكردنی بەرگریی لەشی مرۆڤە و چارەسەری یەكجارەكی نییە، ئەگەرچی لە كۆتایی ساڵی 2020 ڤاكسین دۆزرایەوە، لە ئەمریكا ڤاكسینی فایزەر و مۆدێرنە و لە بەریتانیا ئێسترازێنكاو...هتد، ئێستاش ئەو ڤاكسینانە كە لەلایان رێكخراوی تەندروستیی جیهان پشتڕاست كرانەوە و متمانەیان پێ دراوە، بەردەستن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئەو ڤاكسینانە زۆربن و زۆرترین رێژەی دانیشتووانی گۆی زەوی وەری بگرن، تا بەرگریی لەشیان بەهێز بێت و پارێزراو بن لەو پەتایە، وەرگرتنی ئەو ڤاكسینە شتێكی زۆر باشە، بەڵام دەبێت رێنماییە خۆپارێزییەكانی لەگەڵدا بەردەوام بێت. لەلایەكی دیكەوە راستە كاریگەریی هەر یەكە لەو ڤاكسینانە جیاوازە، بەڵام وەرگرتنی زۆر گرنگ و باشە، بۆ ئەوەی بەرگریی لەش بەهێز بێت و بتوانێت لەكاتی تووشبووندا شەڕ لەگەڵ ڤایرۆسەكە بكات. ئەوەی ڤاكسین وەردەگریت بەتوندی تووشی ئەو پەتاییە نابێت و پێویستی بە نەخۆشخانەش نابێت، هەروەها ئەوانەی ڤاكسین وەردەگرن رێژەی مردنیان بەو ڤایرۆسە زۆر كەم دەبێتەوە، هەر جۆرێك بێت، پێویستە خەڵك وەری بگرێت و پێویستی بەدڵەڕاوكێ نییە، هەموو جۆرەكانیشیان كاریگەریی كەمبوونەوەی پەتاكەی هەیە. هاوكات كە ڤایرۆسەكە خۆی دەگۆڕێت وەك ئەوەی لە بەرازیل و خواروی ئەفریقا و هیندستان هەیە، ئەوا ئەو كۆمپانیانەی ڤاكسنیەكەیان بەرهەم هێناوە، دەتوانن خۆیان رابهێنن و ڤاكسین بەرهەم بهێنن، بەپێ ئەو گۆڕانكارییانەی لە ڤایرۆسەكەدا روو دەدات. جگە لە ڤاكسین ئێستاكەش چەندین هەوڵ هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا، چەندین كۆمپانیای نێودەوڵەتی گەیشتوونەتە قۆناغی باش بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لە دژی ئەو ڤایرۆسە، بەڵام چارەسەرەكە هێشتا نەهاتووەتە نەخۆشخانە و بواری خزمەتكردن بە تووشبووان. بە وەرگرتنی ڤاكسین و خۆپارێزی و دۆزینەوەی چارەسەر، دەگەینە ئەوەی كە بتوانرێت پەتای كۆرۆنا زۆر كەم ببێتەوە، یان هەر وەك ئەنفلۆنزەی لێ بێت، كە ساڵانە هەیە، ئەگەرنا ئەو پەتایە بە یەكجاری كۆتایی نایەت، بەڵام كۆنتڕۆڵ دەكرێت و خەڵكێكی زۆر تووشی نابێت و، گیان لەدەستدان كەم دەبێت، لەلایەكی دیكەوە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان بەشە ڤاكسینمان لە عێراق بۆ دێت و لە پلاندایە بۆ كۆتایی ساڵی2021 رێژەی 20%ی دانیشتووانی عێراق ئەو ڤاكسینە وەربگرن، كوردستانیش لەو چوارچیوەیەدایە و ئەو ڤاكسینەی هەیە، لە سەرووی تەمەنی 18 ساڵی دەتوانن وەریبگرن و وەرگرتنی ڤاكسینەكەش بە ریزبەندی دەبێت، لە تەمەنی گەورە تا دەگاتە 18 ساڵی و بەپێی ئەو بەرنامەیە كە وەزارەتی تەندروستیی كوردستان دایناوە. حكومەتی كوردستان لە رێگای وەزارەتی تەندروستییەوە لێژنەیەكی داناوە بۆ ئەوەی بتوانرێت هەرێم خۆیشی ڤاكسین بەدەست بهێنێت، تا زیاتر خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێم بكرێت و لەو پەتایە بەدوور بن.