عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ گوڵان: راپۆرتی دووەمی چاكسازی لە چوارچێوەی رێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكان و كەرتی گشتی دێت
May 10, 2021
دیمانەی تایبەت
حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی دووەمی چاكسازی ئامادە كردووە، كە تایبەتە بە چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازات و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان؛ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە و چەندین بابەتی دیكەی پەیوەندیدار بە رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان و ئیمتیازاتە داراییەكانەوە هەیە كە هاوكاتە لەگەڵ ئامادەكردنی پڕۆژەی بودجەی هەرێمی كوردستان؛ چەند پرسیارمان ئاڕاستەی عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* باس لەوە دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی دووەمی چاكسازی ئامادە كردووە و بەنیازە رەوانەی پەرلەمانی بكات، ئایا خاڵە سەرەكییەكانی راپۆرتی دووەمی چاكسازی چین؟
- راپۆرتی دووەمی چاكسازی كە لەلایەن لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لەهەرێمی كوردستان ئامادەكراوە، راسپاردە و بڕیارەكانی لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و وەزارەتەكانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی كاروبای پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ دەگرێتەوە، هاوكات لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاكی بەردەوام بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ماددە و بڕگەكانی یاسای چاكسازیی ژمارە 2ی ساڵی 2020 یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لەهەرێمی كوردستان بە پێی پەیڕەوی جێبەجێكردنی یاساكە كردووە، یاساكەش چەندین بواری بۆ چارەسەركردنی رۆتین و رێكخستنەوەی خانەنشینان و هەیكەلی هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و دامەزراندنی چەندین ناوەندی دەستنیشانكردنی پەككەوتەیی و وردبینی و بەدواداچوونەوە بە لیستی سوودمەندانی كەمئەندامان و چاودێریی كۆمەڵایەتی، ئەمە وێڕای گرتنە بەری رێكاری یاسایی لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان و بابەتەكانی دوو مووچەیی (ئەوانەی لە جارێك زیاتر سوودمەند بوون لە بودجەی گشتی) و كردنەوەی ئەژمێری بانكی و دروستكردنی كۆدی بێ هاوتا بۆ مووچە خۆران و رێكخستنەوەی دەرماڵەكان و پێداچوونەوە بە دۆسێی كارمەندان و ئەفسەران و گواستنەوەی دۆسێی خانەنشینان و كەم ئەندامان و پەككەوتەیی سەنگەر بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و پەیڕەوی دامەزراندنی یەكەی پاسەوان و دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی و وردەكاریی جێبەجێكردن و كاركردن لەسەر ماددە و بڕگەكان كراوە.
* گرینگیی ئەم راپۆرتەی چاكسازی بۆ لایەنی ئابووری و رێكخستنەوەی كارەكانی مووچە و خانەنشین لە چیدایە؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتووانە لەو ماوەیەی لەبەردەستیدا بوو، كۆمەڵێك كارو ئیجرائاتی گرینگی لە بوارەكانی رێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكان ئەنجام دا، راپۆرتی دووەمی چاكسازییش لەم چوارچێوەیەدا دێت. بە شێوەیەكی گشتی دوای قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا حكومەت ئەركی سەرشانیەتی كایەكانی ئابووری و ئیداری و سێكتەرە جۆراوجۆرەكان بە شێوەیەك رێكبخاتەوە كە تێیدا هاووڵاتیان و گەنجینەی حكومەتیش زیانمەند نەبن و رێگا لە كەوتنەوەی قەیرانی گەورەش بگیرێت، لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی بەو چاكسازییانە و ئەو پلان و بەرنامەیەی لەبەردەستیدایە بارودۆخی دارایی تا راددەیەكی باش راست بكاتەوە و رێگا لە راوەستانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بگرێت، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا ئەركی مووچە و بەخشین و مینحەكان نییە، بەڵكو ئەركی گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان و پێشخستنی سێكتەرە جیاجیاكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیارییشە كە زۆرترین هەلی كار و بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی لەسەرە و لە رێگەی بووژانەوەی ئەم سێكتەرانەشەوە بازاڕی دەیان هەزار كاسب و پیشەوەر لە هەرێمی كوردستان زامن دەبێت.
* سەبارەت بەپێداچوونەوە بە دۆسێی فەرمانبەران كارەكانی لێژنەكە بە كوێ گەیشتووە؟
- لەپێناو پێداچوونەوە بە دۆسێی فەرمانبەران لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی پێویستە وەزیر و سەرۆكی دەستە و فەرمانگە نەبەستراوەكان راستەوخۆ سەرپەرشتیی ئەم پرۆسەیە بكەن و، لەماوەیەكی گونجاودا كۆتایی بە پرۆسەكە بهێنن. هاوكات لەئێستادا گشت وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەكان بە وەزارەتیش دەستیان بە پێداچوونەوە بە دۆسێی فەرمانبەران كردووە و تا ئێستا (340129) دۆسێی فەرمانبەران وردبینییان بۆ كراوە.
* خانەنشینی یەكێكە لەو تەوەرانەی كە لە راپۆرتی دووەمی چاكسازیدا گرینگییەكی زۆرتان پێداوە. ئایا لەم رووەوە چ راسپاردەیەكتان هەبووە؟
- وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپێردراوە بۆ دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2020 و رێنمایی دارایی ژمارە 24، بۆ دامەزراندنی ئەم سندوقە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەستاوە بە دانانی هەیكەلبەندی و میلاكی پێویست لە رووی ژمارەی فەرمانبەران و دابینكردنی كەلوپەلی پێویست و باڵەخانە، جگە لەمەش كار بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی بانكی و كردنەوەی هەژمێری بانكی بۆ موووچەخۆران و فەرمانبەران دەكرێت. ئەمە جگە لەوەی مووچەی خانەنشینی بە ناونیشانی (شارەزا) و (دادوەران) و (بەڕێوەبەرانی گشتی) هەموار كرایەوە و، كاركردنیش لەسەر ماددەی 7ی یاسای چاكسازی تایبەت بەخانەنشینكردنی فەرمانبەران بەردەوامە.
* لە راپۆرتی دووەمی چاكسازی، سەبارەت بەپێداچوونەوە بەدۆسێی شەهیدان و زیندانییان و راگیراوی سیاسی، چ راسپاردەیەك پێشكەش كراوە؟
- بەڕێز وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان راسپێردراوە بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان لەبەردەم پێداچوونەوەی دۆسێی شەهیدان و زیندانییان و راگیراوی سیاسی، چاكسازی لە لیستی شەهیدان بۆ پاراستنی مافی خانەوادە سەربەرزەكانی شەهیدانە و پێویستە یاسای چاكسازیی لەلایەن لێژنەكانی وەزارەتەوە جێبەجێ بكرێت. هاوكات بۆ یەكخستنی ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیكراو و گیراوی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، توانراوە پەیڕەوی ژمارە 8ی ساڵی 2020ی تایبەت بە دیاریكردنی ئیمتیازاتی زیندانیكراو و گیراوی سیاسی دەرچێت، ئەمە وێڕای دەرچوواندنی پەیڕەوی ژمارە 9ی ساڵی 2020 ی تایبەت بە دیاریكردنی ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوا ن و دەرچوواندنی رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2021ی رێنمایی ئاسانكاریی جێبەجێكردنی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیكراو و گیراوی سیاسی كوردستان و دەرچوواندنی رێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2021ی تایبەت بە رێنمایی ئاسانكاریی جێبەجێكردنی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان لەهەرێمی كوردستان. جگە لەمەش رێنمایی مافی بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی و یاسا و ماف و ئیمتیازاتی تاقانەی جینۆساید و پلەبەندیی مینحەی كەسوكاری شەهیدانی سەنگەر و گواستنەوەی دۆسێی شەهیدانی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایش و دژە تیرۆر، بۆ وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەردەچێت.
* سەبارەت بە دەرماڵەكان چ راسپاردە و پێشنیارێكتان لە راپۆرتەكەدا هەبووە؟
- لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە كراوە كە بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری پێداچوونەوە بە رەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بكات، بۆ رێكخستنەوەی دەرماڵەكان بە رەچاوكردنی تێبینیی وەزارەتەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بۆ ئەوەی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت و بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت. بە شێوەیەكی گشتی ئەم راپۆرتەی چاكسازی چەندین خاڵی دیكەی تایبەت بە ئەژمێرەی بانكی و دیاریكردنی پێگەی یاسایی بۆ معەوەمەكان و پێداچوونەوە بە دۆسێی كارمەندان و ئەفسەران و بابەتی دوومووچەیی و كردنەوەی یەكەی ژمێریاری لە وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەی پاسەوانان و چەندین خاڵ و بڕگەی دیكەی گرینگ لەخۆ دەگرێت.
* بە حوكمی ئەوەی ئێوە ئەندامی شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بوون بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، جێگەی دەستخۆشییە هەوڵەكانتان گەیشتە ئەوەی لەسەر بودجە لەگەڵ حكومەتی عێراق رێك بكەون، ئەم رێككەوتنە وەك لە میدیاكان باسی لێوە كراوە و بە دەستكەوتێك بۆ حكومەتی هەرێم لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام وەك دەیبینن شتێكی ئەوتۆ لە باری گوزەرانی خەڵك چارەسەر ناكات و، هەتا ئێستا لێبڕینی مووچە درێژەی هەیە، ئایا گرینگیی ئەم رێككەوتنە لەسەر بودجە لەگەڵ حكومەتی عێراق چییە؟
- وەكو ئاشكرایە پێویست بوو وەك یەكێك لە ئیلتزاماتەكانی سەر شانی حكومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو رێككەوتنە كە لە نێوانیان ئەنجام درا لە مانگی 1ی ئەمساڵەوە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بە پێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 كە سەرجەم مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەخۆ دەگرێت، وەكو تەواوی ناوچەكانی دیكەی عێراق بنێرێت، هەرچەند هیچ رێگرییەكی یاسایی و پاشگەزبوونەوەیەك نەبووە، تاوەكو ئەو مووچە و ئیلتزاماتانەی سەرشانی حكومەتەكەی كازمی نەنێردرێت، خۆ دەكرێت بڵێین ئەگەر ئەوان لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2020 هیچ بڕە پارەیەكیان نەناردووە، ئەمە پەیوەست بووە بە یاسای كورتهێنانی دارایی، خۆ لە ئەمساڵدا هیچ رێگرییەك نەبووە، نەناردنی مووچە و شایستە داراییەكان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە هۆكارێكی سەرەكیی بەردەوامبوونی لێبڕینی مووچە بووە، هەر بۆیە دەبێت ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان سەیری ئەوە بكەین و بزانین داهات و خەرجییەكانمان چەندە و كورتهێنان چەندە، بۆ ئەوەی بە پلانێكی دارایی تۆكمە تا راددەیەك ئەو كۆرتهینانە پڕ بكەینەوە. لێرەدا دەمەوێت باسی خاڵێكی گرینگ بكەم، ئەویش بودجەی عێراقە كە خۆی لەخۆیدا پێی دەوترێت بودجەی قەیران و كورتهێنانی زۆرە و ئیتر ئامانجی سەرەكی و ستراتیژیی حكومەتی عێراق پڕكردنەوەی خەرجی بەكاربردنە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەران، بەڵام گرفتی سەرەكی لە عێراقدا جێبەجێنەكردنی رێككەوتن و هاتنە پێشەوەی قەیران و تەنگژە سیاسی و ئابوورییەكانە كە رێڕەوی پێشبینی و پێشهاتەكان بە جۆرێك دەگۆڕێت كە تۆ چاوەڕوانی ناكەیت.
* حكومەتی هەرێم هەموو وەزارەتەكانی راسپاردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە ئامادەكردنی پڕۆژەی بودجە بكەن، دیارە ئاراستەكەش بۆ ئامادەكردنی دوو بودجە بووە، واتە (ئەگەر بەغدا بودجەی نارد، یان نا)، ئێستا ئەوە لەگەڵ بەغدا رێككەوتین، ئەمەش مانای ئەوەیە یەك بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، پرسیاری ئێمە ئەوەیە بە پشتبەستن بەو پارەیەی لە بەغداوە دێتە كوردستان، ئایا ئەم بودجەیە هێڵە گشتییەكانی چۆن دەبن؟ ئایا گریمانەی ئەوە ناكەن كە بەغدا رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكات؟
- بە هۆی پشوودرێژیی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەرك و ماندووبوونی درێژخایەن و بەردەوامی تیمی دانوستانكار لەگەڵ عێراقدا توانرا یاساكە پەسەند بكرێت و تا راددەیەكی باش و بەپێی توانا ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق جێگەی بكرێتەوە، ئەمەش بۆ جێبەجێكردنی و بەرنامەی حكومەتی هەرێم لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان و باشكردنی رەوشی دارایی هەرێم گرینگ بوو، تەنانەت دەتوانرێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ مووچە و پشكی هەرێم دێت، پشتی بێ ببەستین. حكومەتی هەرێمی كوردستان پرسی مووچە و مینحەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێداویستیی تایبەتی لە ریزبەندی پێشەوەی كارەكانی داناوە، ستراتیژیی سەرەكیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دابینكردنی مووچە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و راستكردنەوەی رەوشی ئابووری داڕێژراوە. ئێمە لە پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان میكانیزیمێك دادەنێین بۆ چارەسەركردنی پرسی كورتهێنان بە شێوازێك كە كاریگەریی لەسەر بودجەی بەكارخستن نەبێت. بە شێوەیەكی گشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی كەمكرنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات كاری كردووە بۆ ئەوەی كورتهێنانی دارایی رابگرێت، پلان و بەرنامەشی لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی مانگانە مووچە بگاتە دەستی فەرمانبەران و جووڵەی بازاڕ رانەگیرێت و، لە ئاكامی جووڵەی بازاڕیشەوە خەڵكی بەتایبەتی گەنجەكان هەلی كاری نوێیان دەست بكەوێت، بۆ پاڵپشتیكردنی ئەم پلانەش حكومەت سیاسەتی گەشەپێدانی ئابووری و فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهاتی دەست پێ كردووە، بەوەش پارەیەكی زۆر بۆ گەنجینەی حكومەت دەگەڕێتەوە و، لە رووی كوالێتی و ئەداشەوە ئاستی خزمەتگوزارییە پێشكەشكراوەكان باشتر دەبێت. لەلایەكی دیكەوە لەبواری چاكسازییەكان لە دۆسێی نەوت و گرێبەستەكان و لابردنی لێخۆشبوونی گومرگی خاڵە سنوورییەكانیشەوە داهاتێكی باش بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە و توانراوە ئەو كەموكورتییانە و زۆر لەو كێشانە چارەسەر بكرێت كە لە سەرەتای كابینەكەدا رێگر بووە لە بەردەم باشكردنی بارودۆخەكە و رێكخستنەوەی كاری كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت.