ستیفن بلانك توێژەری باڵا لە پڕۆگرامی ئیرۆئاسیا لە ئەنستیتیوتی دیراساتی سیاسەتی دەرەكی، بۆ گوڵان: سیستمێكی جیهانی فرەجەمسەری و رۆژگارێكی هاوشێوەی شەڕی سارد لە ئارادایە
May 1, 2021
دیمانەی تایبەت
ستیفن بلانك توێژەری باڵایە لە پڕۆگرامی ئیرۆئاسیا لە ئەنستیتیوتی دیراساتی سیاسەتی دەرەكی لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە سەدان وتار و توێژینەوەی لەبارەی پرسەكانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەكی و سەربازی یەكێتی سۆڤیەت/رووسیا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئاسیا، و ئەورووپا نووسیوە و بڵاوی كردۆتەوە. بەردەوام راوێژكاری پێكراوە لەلایەن كۆنگرێس و دەزگای هەواڵگری ئەمریكا و لە چەندین ناوەندی توێژینەوەش كاری كردووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاتوێ كرد كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە هەڵكشانی بارگرژییەكانی ئەم دواییەی پەیوەندیدار بە ئۆكرانیا و شرۆڤەكردنی كاریگەریی ئەم پەرەسەندن و پێشهاتانە، لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و لەسەر سیستمی جیهانی.* لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا ئەو پرس و بابەتەی زۆرترین مشتومڕی لەبارەوە كراوە، لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا بریتی بوو لە كێشەی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا، لە دوای لەشكركێشییەكەی رووسیاوە بۆ كریمیا و بە ئاراستەی سنوورەكانی رۆژهەڵاتی ئۆكرانیا، كە كاردانەوە بوو لە بەرامبەر راگەیاندنی پنتاگۆن بە تەرخانكردنی 125 ملیۆن دۆلار، وەك هاوكاریی سەربازی بۆ ئۆكرانیا و راگەیاندنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ناتۆ بە پشتیوانیی تۆكمەیان بۆ ئۆكرانیا، ئێوە چۆن لە هەڵكشانی ئەم گرژییانە دەڕوانن؟
- ئەگەر ئێمە لە كۆی پرۆسەكە بڕوانین، ئەوا بە تێڕوانینی من ئەمە هەوڵێكە لەلایەن وڵاتی رووسیاوە بۆ ناچاركردنی ئۆكرانیا تا بە داواكارییەكانی رازی ببێت، بەو پێیە ئەمەش هەنگاوێكە بۆ لاوازكردن و پێشێلكردنی سەروەری و یەكپارچەیی خاكی ئۆكرانیا، لەوەش زیاتر دەكرێت ئەم هەوڵەی رووسیا رەهەندێكی دیكەشی هەبێت، ئەویش بریتییە لە گەیاندنی پەیامێك بە رۆژئاوا، واتە هەر بە تەنیا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نا، بەڵكو ئەوروپاش، كە ئەوان ناتوانن هیچ كارێك بكەن و دەستەوەستانن لە ئاست هەوڵەكانی رووسیا بۆ سەرلەنوێ دروستكردنەوەی زۆنی دەستڕۆیشتویی لەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی سۆڤیەتدا بوون و، هەروەها لە ئەوروپای رۆژهەڵاتیش.
* ئەی پێت وانییە ئەمە هیچ پەیوەندییەكی بە بارودۆخی ناوخۆیی رووسیاوە نەبێت؟
- بەڵێ، بە دڵنیاییەوە ئەم كارەی رووسیا لە بەشێكیدا دەچێتەوە چوارچێوەی ئامانجەكانی خودی سەرۆك ڤلادیمیر پوتین بۆ بەهێزكردن و پتەوكردنی پێگەی خۆی لە ناوخۆی رووسیادا و، گەڕاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی رووسیا.
* ئێمە لە پرسیاری یەكەمدا ئاماژەمان بەوەكرد، كە ئەمریكا هاوكاریی سەربازی بۆ ئۆكرانیا تەرخان كرد، دواتر رووسیا هێزەكانی جووڵاند، ئایا ئەم كارەی رووسیا پتر كاردانەوە بوو؟
- لە راستیدا جموجووڵەكانی رووسیا نەك هەر تەنیا دوای هاوكارییە سەربازییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوو بۆ ئۆكرانیا، بەڵكو دوای ئەوە بوو كە سەرۆكی ئۆكرانیا ڤلادیمیر زیلینسكی هێرشی كردە سەر ڤیكتور میدڤیدتشوك، كە كەسێكی لایەنگری رووسیایە و خاوەنی كەناڵی تەلەفزیۆنییە، پەخشی كەناڵەكەشی راگرت و دواتر سەرۆكی ئۆكرانیا بە رووسیای راگەیاند كە ئێمە كار لەگەڵ رۆژئاوا دەكەین، ئەمەش رووسیای توڕەكرد، دواتریش لێدوانەكانی جۆ بایدن هات كە رووسیا هەموو ئەمانەی بە پیلانگێڕییەك لێكدایەوە و، پێی وابوو كە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئۆكرانیا دەیانەوێت ئیرادەی خۆیان بەسەر رووسیادا بسەپێنن.
* ئایا هەڵە نین ئەگەر وەڵامەكەی ئێوە وا لێك بدەینەوە كە رووسیا ئیستفزاز كرا لەلایەن ئەمریكا و ئۆكرانیاوە و، ناچار بە كاردانەوە كرا، بە واتایەكی دیكە، ئایا رووسیا پاساو و شەرعییەتی بۆ ئەم جووڵاندنی هێز و گرتنەبەری ئەم چەشنە رێكارانە هەیە؟
- نەخێر هیچ شەرعییەت و پاساوێك بۆ ئەم كردەوانەی رووسیا لە ئارادا نییە، چونكە ئێمە دەزانین هەر لە بنەڕەتدا هەڵە و پێشێلكارییەكە لەلایەن رووسیاوە بوو، كە بەشێك لە خاكی ئۆكرانیای داگیركرد، دواتر رووسیا هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەكات كە لەسەر هەقە و هیچ كاتێك هەڵەی نەكردووە و، باوەڕی وایە كە بە دوژمن دەورە دراوە، لەبەر ئەوە هەر جموجووڵ و هەنگاوێك بە ئیستفزاز لێك دەداتەوە، مەبەستم ئەوەیە ئەوان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەمە ئیستفزازكردنە و ئەوانیش پاساوی خۆیان هەیە، بەڵام ئەمە بانگەشەیەكی راست نییە، بەڵكو ئامانجی راستەقینەی رووسیا، هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، بریتییە لە لاوازكردنی سەروەری و یەكپارچەیی خاكی ئۆكرانیا و زیاكردنی ئاستی هەڕەشەكان لە ئاست ئەوروپادا.
* پێت وایە ئەو هەڕەشە و مەترسییانە زیاتر هەڵدەكشێن، یان ئەگەری ئەوە هەیە سەربكێشن بۆ پێكدادانی سەربازی؟
- لە راستیدا ئەگەرێكی زۆر هەبوو كە بارودۆخەكە بەرەو هەڵگیرسانی شەڕ هەڵبكشێت، بەتایبەتی لە هەموو ساتێكدا ئەگەری ئەوە هەیە رووسیا هێرش و كردەوەی سەربازی ئەنجام بدات، چونكە باوەڕی وایە هەر كاتێك كردەوەیەكی سەربازی ئەنجام بدات، ئەوا ئامانجەكانی خۆی دەپێكێت و بۆی دەچێتەسەر.
* ئەی هەڵسەنگاندن و تێڕوانینی ئێوە بۆ كاردانەوەكانی رۆژئاوا بە گشتی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەتایبەتی چییەو، ئایا پێت وایە تا چ راددەیەك لە ئاست مەترسی بارودۆخەكەدا بوون؟
- بە دیدی من كاردانەوە و رێكارانەی رۆژئاوا وەك پێویست نیین و لە ئاستی چاوەڕوانیدا نیین، دەبوو رۆژئاوا و بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پتر رێكاری بەرپەرچدانەوە و سەپاندنی سزاكانیان بگرتایەتەبەر، دەبوو ئیدارەی ئەمریكا هێزی سەربازیی لە دەریای رەشدا جێگیر بكردایە و هاوكاری و پاڵپشتیی زیاتری سەربازیی بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر بكردایە، واتە ئاستی هەڕەشە و مەترسییەكانی بۆ سەر رووسیا زیاد بكردایە ئەگەر هاتوو پەنای بردەبەر داگیركردنی ئۆكرانیا.
* ئێوە جۆرێك لە راسپاردە پێشنیار دەكەن بۆ ئیدارەی ئێستای ئەمریكا لە پەیوەندی بەم كێشەیەوە، ئایا هیچ جیاوازییەكی بنەڕەتی بەدی دەكەیت لە نێوان سیاسەت و رێچكەی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن بە بەراورد بە ئیدارەكەی پێش خۆی بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ؟
- ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە سەرۆك بایدن و ئیدارەكەی بەراورد بە ئیدارەكەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەهێزتر هاوكاریی ئۆكرانیا دەكەن، بە دڵنیاییەوە ئەم ئیدارەیە لەسەر ئاستی گوتار و لێدوانەكانی هەڵوێستی توندتر دەگرێتەبەر لە ئاست رووسیا، بەڵام بە بۆچونی من دەبێت ئەم ئیدارەیە بە كردەوە پاڵپشتی لە لێدوانەكانی بكات، تاكە زمانێكیش كە رووسیا لێی تێبگات زمانی هێزە، مەبەستم ئەوەیە دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو قەناعەتە لای رووسیا دروست بكات كە ئامادەیە هێز بەكار بهێنێت.
* لە كاتێكدا زۆر كەس پێشبینی ئەوەیان دەكرد كە بارودۆخ و ناكۆكییەكە لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و رووسیادا پتر هەڵكشێت، ئێستاش ئێوە پێشنیاری ئەوە دەكەن ئەمریكا بیسەلمێنێت كە ئامادەی بەكارهێنانی هێزە لە دژی رووسیا، ئەگەر پێویستی كرد، بەڵام سەرۆك جۆ بایدن پێشنیاری ئەوەی كرد كە لە وڵاتی سێیەم كۆبونەوە لەگەڵ سەرۆك پوتیندا ئەنجام بدات، بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنێك لەبارەی هێوركردنەوەی بارودۆخەكە لە ئۆكرانیا، ئێوە چۆن لەم پێشنیارە دەڕوانن؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە ئەگەر هاتوو داگیركاری لەلایەن رووسیاوە روویدا، ئەوا ئەم كۆبونەوە و گفتوگۆیانە روونادەن، دووەم دەبێت ئەوە بڵێم كە نیازی راستەقینەی، یان ئامانجی راستەقینەی رووسیا ئەوەیە كە رۆژئاوا بە ئەمریكا و ئەوروپاوە ناچار بكات كە ئۆكرانیا رادەستی رووسیا بكەن، بە بێ ئەوەی گەلی ئۆكرانی هیچ قسەیەكی لەم پرسەدا هەبێت.
* ئێوە ئاماژەتان بە نیاز، یان ئامانجی راستەقینەی رووسیا كرد، لێرەدا دەمانەوێت ئەو پرسیارە بكەین، ئایا خودی ڤلادیمیر پوتین دەیەوێت لەسەر ئاستی جیهان چی بەدەست بهێنێت؟
- تا ئەو راددەیەی كە من بتوانم مەزەندەی بكەم، رووسیا سەرەتا دەیەوێت ئۆكرانیا تێكبشكێنێت، بۆ ئەوەی وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە ئارادا نەمێنێت، هەروەها دەیەوێت ئەوە بۆ رۆژئاوا بسەلمێنێت كە ئەوان لە ئاست رووسیادا هیچیان پێ ناكرێت.
* ئەی پێت وانییە ئەو بیەوێت سیستمە جیهانییەكە كە بە سیستمی لیبڕاڵی، یان بنیاتنراو لەسەر بنەمای رێساكان ناسراوە، لاوازی بكات؟
- دەبێت ئەوە بڵێین كە سیستمی لیبڕاڵی زاراوەیەك و دەستەواژەیەكی خەیاڵكردی جوانە و لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە داڕێژراوە، ئەوەشی بەدی دەكرێت، لەم روەوە ئەوەیە كە ساڵ لە دوای ساڵ پوتین پتر هێرشەكانی بۆ سەر ئەم سیستمە چڕ دەكاتەوە بە بێ ئەوەی وەك پێویست باجی ئەو هێرشانە بدات، كەواتە ئەگەر بەراستی سیستمێكی جیهانی لە ئارادا بووایە، كە لەسەر بنەمای رێساكان كاری بكردایە، ئەوا هیچ یەكێك لەم پەرەسەندنانە رویان نەدەدا