برانتلی وۆماك پرۆفیسۆری كاروباری نێودەوڵەتیی لە زانكۆی ڤیرجینیا، بۆ گوڵان: رێككەوتنەكەی نێوان چین و ئێران تەنیا شەراكەتە و ناچێتە خانەی هاوپەیمانێتییەوە

برانتلی وۆماك پرۆفیسۆری كاروباری نێودەوڵەتیی لە زانكۆی ڤیرجینیا، بۆ گوڵان:  رێككەوتنەكەی نێوان چین و ئێران تەنیا شەراكەتە و ناچێتە خانەی هاوپەیمانێتییەوە
* بەم دواییە هەردوو وڵاتی ئێران و چین رێككەوتنێكیان واژو كرد، كە لێكدانەوەی زۆری بۆ كراوە و مشتومڕێكی زۆریشی بە دوای خۆیدا هێناوە، ئێوە وەك كەسێكی شارەزا و تایبەتمەندی كاروبار و سیاسەتەكانی چین، چۆن لەم رێككەوتنە دەڕوانن و بۆچی
* بەم دواییە هەردوو وڵاتی ئێران و چین رێككەوتنێكیان واژو كرد، كە لێكدانەوەی زۆری بۆ كراوە و مشتومڕێكی زۆریشی بە دوای خۆیدا هێناوە، ئێوە وەك كەسێكی شارەزا و تایبەتمەندی كاروبار و سیاسەتەكانی چین، چۆن لەم رێككەوتنە دەڕوانن و بۆچی ئەم رێككەوتنە لەم كاتەدا راگەیەنرا، كە دەگوترێت لە ساڵی 2016ـەوە لە ئارادایە؟
- لە راستیدا ئەوەی دەكرێت لەم بارەیەوە بگوترێت، ئەوەیە كە دەكرێت لێكدانەوە و شرۆڤە بۆ ئەم رێككەوتنە بكرێت لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەووترێت «شەراكەتی ستراتیژیی گشتگیر» لە نێوان هەردوو وڵاتی چین و ئێران، كە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2016 لەلایەن سەرۆكی پارتی كۆمۆنیستی چین شی جینگ پینگ لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ تاران رەزامەندیی لەسەر درا.
* ئایا تا چ راددەیەك دەكرێت ئەم پەرەسەندنە، یان رێككەوتنی لەم چەشنە كاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان هەبێت و، ئایا دەكرێت بە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی، یات وەرچەرخانێك لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی چین و ئێراندا لێك بدرێتەوە؟
- لە راستیدا ئەوەی دەكرێت لەم بارەیەوە بگوترێت ئەوەیە كە ناكرێت ئەم رێككەوتنە بە گۆڕانكاری لە ئاڕاستەی پەیوەندییەكانی هەردوولادا وەسف بكرێت، بەڵكو ئەمە تەنها هەنگاوێكە بۆ پێشەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئاماژەی پێ كرا، ئەوا ئەمە پەرەسەندنێكی نوێیە لە سیاسەتی دەرەكی جیهانی وڵاتی جیهاندا، هەرچۆنێك بێت ئەوەی بەدی كراوە ئەوەیە كە چین زیاتر دوودڵ بووە لە گرتنەبەری سیاسەتێك كە دژ و پێچەوانە بێت لەگەڵ سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، بەو پێیە ویستویەتی خۆی لە رێكارەكانی تۆڵەسەندنەوەی ئەمەریكا بە دوور بگرێت.
* ئێوە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئەمە هەوڵێك نییە لەلایەن وڵاتی چینەوە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی، بەڵكو ئەم كارە تەنیا لە چوارچێوە و لە خانەی شەراكەتدا دەمێنێتەوە، یان چین دەیەوێت بەم شێوەیە بمێنێتەوە، دەكرێت روونكردنەوەی زیاتر لەم بارەیەوە بدەن؟
- بەڵێ، هەروەك ئاماژەم پێ كرد، دەكرێت بگوترێت كە وڵاتی چین سەرقاڵی دروستكردن و بنیاتنانی هاوپەیمانێتی نییە لەگەڵ وڵاتی ئێراندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت تەحەددای سیاسەتی درێژخایەنی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا لە ئاست ئێراندا بكات، كە دەكرێت ئەم سیاسەتەی ئەمەریكاش لە ئاست ئێراندا بە «دوژمنایەتی ستراتیژیی گشتگیر» وەسف بكرێت.
* بە رەچاوكردنی ئەوەی لە وەڵامەكەتاندا ئاماژەتان پێ كرد، ئایا رەهەندەكانی ئەم رێككەوتنە، یان وردتر بڵێین ئایا پاڵنەرە سەرەكییەكانی پشت ئەنجامدانی ئەم رێككەوتنە چییە، بە واتایەكی دیكە، ئایا چین دەیەوێت چی بەدەست بهێنێت، یان دەكرێت تەنیا بە هەوڵێكی لێك بدرێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و تەحەددیكردنی سیاسەت و باڵادەستییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا؟
- بە تێڕوانینی من ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوان چین و ئێراندا ئەنجام دراوە رەهەندێكی نوێ لەخۆ ناگرێت، بەڵكو دەكرێت ئەمە بە بوێری و جەسارەتێكی نوێ لەلایەن وڵاتی چینەوە لێبك بدرێتەوە، كە هەنگاوێكی لەم چەشنەی هەڵگرتووە. دواتر دەبێت ئێمە ئەو راستییەمان لە یاد نەچێت كە وڵاتی چین لە هەوڵی زامنكردنی دەستڕاگەیشتن بە وزەدایە، لە پێناو ئەوەی بتوانێت ئەو كار و چالاكییانەی بەرفراوان بكات، كە پەیوەستن بە دروستكردن و بنیاتنانی پڕۆژەكانی ژێرخانەوە، هەروەها چین لەم هەنگاو و هەوڵانەیدا دەیەوێت لە پێگەیەكدا بێت كە بتوانێت برەو بە رۆڵی نێودەوڵەتی دراوەكەی (رێنمینبی) بدات، ئەمانە كۆمەڵێك پاڵنەری سەرەكین كە ئەوەمان بۆ روون دەكەنەوە، بۆچی چین دەیەوێت بەم شێوەیە هەڵسوكەوت بكات، بەڵام ناكرێت پاڵنەرەكانیش لەمانەدا كورت ببنەوە، چونكە هۆكاری دیكەش هەن كە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن.
* تا ئێستا باس لە پاڵنەر و دەستكەوتەكانی وڵاتی چین كراوە لە سەبارەت بەم رێككەوتنەوە، كە ئاشكرایە لایەنەكەی دیكە ئێرانە، كە حاڵی حازر ئێرانیش بە دۆخێكی دژواری دارایی و ئابووریدا تێدەپەڕێت، بە تایبەتی بەهۆی سزا سەختە ئابوورییەكانەوە كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكاوە بەسەریدا سەپێندراوە، ئایا چین دەیەوێت لەم رێیەوە ئێران بەكار بهێنێت بۆ برەودان بە پێگەی خۆی وەك هێزێكی باڵا، یان دەیەوێت چ پەیامێك بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بدات؟
- من لەو روانگەیەوە لێی ناڕوانم كە ئەمە هەوڵی وڵاتی چین بێت بۆ ناردنی پەیامێكی دیاریكراو بۆ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، بەڵكو ئەمە لە بنەڕەتدا پتر رێككەوتنێكە كە ئامانجی لێی هێنانەئارای بەرژەوەندی و قازانجی هەردوو وڵاتەكەیە، بەڵام بە ئەنجامدان و جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە، ئەوا چین لە پێگەیەكدا دەبێت كە كەمتر بایەخ بە سیاسەت و سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بدات، هەر لەم رووەوە دەتوانین بڵێین كە كاریگەری و دەستڕۆیشتویی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بەسەر چیندا داكشاوە و كەم بۆتەوە.
* هەر لە پەیوەندی بە سزا و رێكارەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا لە دژی وڵاتی ئێران، كە زۆر كەس پێیان وایە وەك پێویست ئامانجەكانی خۆیان نەپێكاوە و ئێرانیان ناچار بە سازشی قورس نەكردووە، ئایا پێت وانییە ئەنجامدانی ئەم رێككەوتنە ببێتەهۆی ئەوەی لە كاریگەریی ئەو سزایانە كەم ببێتەوە، یان بەپێچەوانەوە سزاكان دەبنەهۆی ئەوەی ئەم رێككەوتنە وەك پێویست جێبەجێ نەكرێت؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بە دەرئەنجامی رێككەوتنەكەوە لەسەر كەمكردنەوەی كاریگەریی سزاكانەوە، ئەوا دەكرێت بڵێین ئەم رێككەوتنە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەو گۆشەگیری و نادڵنیاییە دیپلۆماسییەی كە ئێران بە دەستیانەوە دەناڵێنێت و گرفتارە، لەوەش زیاتر، كاتێك گرێبەستەكانی نەوت بە دراوی رێنمینبی ئەنجام دەدرێن، ئەوا ئەمە خۆی لە خۆیدا سەردەكێشێت بۆ كەمكردنەوە و لاوازكردنی ئەو سزا داراییانەی كە دەكرا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا پەنا بۆ بەكارهێنانیان ببات، بەهۆی ئەوەی دراوی دۆلاری ئەمەریكی بۆتە دراوی زاڵ لە مامەڵە و گرێبەستەكانی نەوت لە جیهاندا.


* هەروەك ئاشكرایە كە ئیدارەی ئێستای ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی جۆ بایدن هەوڵی پێكهێنان و بنیاتنانی هاوپەیمانێتییەك بۆ ئیحیتواكردن و لە قاڵبدانی چین دەدات، لەم روانگەیەوە ئایا دەكرێت ئەم رێككەوتنە وەك هەوڵێكی چین لێك بدرێتەوە، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هەوڵەی ئەمەریكا لە رێی بەرفراوانكردنی تۆڕی هاوپەیمانێتییەكانیەوە؟
- لە راستیدا هەوڵ و كۆششەكانی وڵاتی چین لەم رووەوە پتر پەیوەستە بە ئەنجامدانی شەراكەتەوە، لەبری ئەوەی ئەمە بە هەنگاوێك لێك بدرێتەوە بۆ دروستكردن و بنیاتنانی هاوپەیمانێتی، وەك هەوڵێك بۆ بەرەنگاربونەوە و بەرپەرچدانەوەی هاوپەیمانێتییەكانی ئەمەریكا، دەكرێت لەم بارەیەوە ئاماژە بكرێت بەو راستیەی كە یەكەم «شەراكەتی ستراتیژی» وڵاتی چین لەگەڵ وڵاتی بەرازیلدا بوو لە ساڵی 1995.
* ئەمەش ئەگەر لە ئێستادا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا سەرقاڵی بنیاتنان و بەهێزكردنی هاوپەیمانێتی بێت بۆ بەرەنگاربونەوەی چین و، ئەگەر چینیش هەوڵی دروستكردنی شەراكەت بدات لەگەڵ وڵاتە جیاوازەكاندا، ئایا دەكرێت بڵێین هەردوو وڵات بە چەشنی سەروەختی شەڕی سارد بیر دەكەنەوە؟، بە واتایەكی دیكە ئایا ئێستا ئێمە لە رۆژگاری شەڕی ساردی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و چیندا نیین؟
- لە راستیدا ئەو بۆچون و تێڕوانین و شرۆڤەكارییانە لە ئارادان كە جەخت لەسەر ئەوە دەكەن، كە لە ئێستادا ئێمە لە سەروەختی شەڕی ساردداین، بەڵام ئەگەر من بمەوێ وەڵامی پرسیارەكەتان بدەمەوە، ئەوا پێم وایە لەبەر ئەوەی ركابەرییەك لە ئارادایە لە نێوان هەردوو وڵاتی چین و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكادا، ئەوا ئەمە خۆی لە خۆیدا رۆژگاری شەڕی سارددمان بیر دەهێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا رەفتار و هەڵسوكەوتەكانی چین و دۆخی گشتی لە جیهاندا، بە بەراورد بەو رۆژگارەی لەسەروەختی شەڕی سارددا لە ئارادا بوو، تەواو جیاوازن.
Top