دڵشاد میران سیاسەتمەدار و دیپلۆماتكار بۆ گوڵان: سەرۆك بارزانی لەناو ئاڵۆزییەكانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەی هەرێمی كوردستانی پاراستووە
April 29, 2021
دیمانەی تایبەت
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی عێراق و زیاتر ئاڵۆزبوونی بارودۆخی سیاسی، پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بەرەو چارەنووس و ئایندەیەكی نادیار دەڕوات، ئەوە و رۆڵی كورد لەناو ئەم نەخشە سیاسییە تازەیە و پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان؛ تەوەرەی سەرەكیی ئەم گفتوگۆیەی گۆڤاری گوڵان بوون لەگەڵ دڵشاد میران سیاسەتمەدار و دیپلۆماتكار، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.* لە ئێستادا كە پرۆسەی سیاسیی عێراق بەرەو هەڵبژاردن دەچێت، گوێمان لە هەندێك لە لێدوانی سیاسییە دیارەكانی عێراق دەبێت و راشكاوانە باس لەوە دەكەن، ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئەمجارەش وەك هەڵبژاردنی پێشوو، ئاستی ساختەكاری بەرز بێت و رێژەی بەشداری هاووڵاتیان نزم بێت، كۆتایی سیستمە سیاسییەكەیە، ئایا مەبەست لە كۆتایی سیستمە سیاسییەكە چییە؟
- هەرچەندە عێراق بە بارودۆخێكی ئاڵۆزو هەستیار و ناڕووندا تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئەم پرۆسە سیاسییە بەو شێوەیە كۆتایی نایەت كە هەندێك كەس بە شێوەیەكی زۆر نەرێنی باسی لێوە دەكەن. عێراق لە دروستبوونیەوە بەتایبەتی لەدوای ساڵی 2003وە بە بارودۆخێكی سیاسیی ناسەقامگیر و ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە و دامەزراندنی هاوپەیمانێتی و پێكهێنانی حكومەت ئەم پرۆسە سیاسییە زیاتر ئاڵۆز و هەستیارتر دەبێت، بگرە وەكو هەڵبژاردنەكانی پێشووی عێراق، ئەم هەڵبژاردنەش ململانێی سیاسیی سەخت بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەم روانگەیەوە راستە هەڵبژاردنەكان دۆخێكی ناسەقامگیر و هەستیار دروست دەكەن، بەڵام هەرگیز كۆتایی بە پرۆسەی سیاسی نایەت، ئەگەرچی گۆڕانكارییەكی ئەوتۆش بەدوای خۆیاندا ناهێنێت، وەكو ئەوەی پێی دەوترێت وەرچەرخان. بۆ نموونە هەرچی ئەو حزبە سیاسییانەی لە بەغدا و ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەن و دەسەڵاتدار بوون (بە حزبەكانی سوننە و شیعەوە) لە دوای هەموو هەڵبژاردنێكدا بە گۆڕانكارییەكی زۆر كەم هەر خۆیان لەناو پرۆسە سیاسییەكەی عێراق ماونەتەوە، ئێستا منیش لەگەڵ راوبۆچوونی ئێوەدا هاوڕام كە بارودۆخەكە زۆر ئاڵۆزتر بووە، چونكە ئەو هێزو لایەنە سیاسییە گەورانەی عێراق چەندین میلیشیا و هێز و گرووپی چەكدارییان هەیە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتن و لەناو پێگەی سیاسی و سەربازی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی عێراقیدا دەستڕۆیشتوون و پارەیەكی زۆریان لەدەستدایە. هەر بۆیە لەو بڕوایەدا نیم نەخشەی سیاسی لە عێراقدا لەدوای هەڵبژاردنەكان گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ و بنەڕەتی بەسەردا بێت و، پرۆسەی سیاسیش كۆتایی نایەت.
* هێزە سیاسییە سەرەكییەكانی شیعە وەك «تەیاری سەدر، دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانیی فەتح» دەیانەوێت نەخشەیەكی سیاسیی تازە لە عێراقدا دروست بكەن، ئەمەش بەو مانایەی ئەم هێزە سەرەكییانە پێش هەڵبژاردن هاوپەیمانی ناكەن، ئەم پەیامەش بۆنی ئەوەی لێ دێت، هەر سێ لا بە نیازی ئەوە بن خۆیان سەرۆك وەزیران دیاری بكەن، بۆ ئەمەش هەوڵێكی زۆر دەدەن لەگەڵ لایەنی كوردی بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپەیمانی بكەن، ئایا ئەم هەوڵە تازانە چۆن خوێندنەوەی بۆ دەكرێ و تا چەند لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دەبێت؟
- هیچ حزبێكی سیاسیی شیعە هەر هەوڵێك بدات و چەند دەسەڵات و پێگەی خۆی فراوان و بەهێز بكات، ناتوانێت لەناو ئەم پرۆسە سیاسییەی عێراقدا زۆرینەی دەنگەكانی هەڵبژاردن بەدەست بهێنێت، تاوەكو بتوانێت لەناو پەرلەماندا ببێتە كوتلەیەكی گەورەی سیاسی و بە تەنیا حكومەت پێك بهێنێت، هەر خۆی لەخۆیدا سیستەمە سیاسییەكەی عێراق وا دەخوازێت كە هەرسێ پێكهاتەی سەرەكی (شیعە و سوننە و كورد) بە هاوبەشی حكومەت پێك بهێنن. لە هەموو حاڵەتەكاندا لایەنە سیاسییەكان پێویستیان بە یەكترە بۆ ئەوەی بتوانن پێكەوە لەپەرلەمان كوتلەیەكی گەورەی سیاسی پێكبهێنن تاوەكو حكومەت دابمەزرێنن. هەموو پێشبینی و پێشهاتەكان لە دواڕۆژدا بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن كە لە هەر سێ پێكهاتەی سەرەكی عێراق شیعە و كورد و سوننە كوتلەیەكی گەورەی سیاسی پێكبهێنن، بۆ ئەوەی بتوانن حكومەتێكی هاوبەشی شیعە و كورد و سوننە پێكبهێرێت، ئەمەش شێوازێكی پیادەكراوە و هەر لە دەستپێكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق كە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس پەیڕەو كراوە. لەگەڵ ئەم بۆچوونەشدا هێزە سیاسییەكانی عێراق هەمووان لە هەوڵی ئەوەدان ببنە هێزێكی سیاسیی گەورە و پێگەی خۆیان هەبێت بۆ دانوستان و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، سەبارەت بەكوردیش حزبە كوردستانییەكان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێگەیەكی گەورەی جەماوەری هەیە، لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت لەم هەڵبژاردنانەدا پێگەو دەستكەوتەكانی بپارێزێت و وەكو هێزێكی گەورەی سیاسی لە هاوپەیمانێتییەكاندا ئیعتیباراتی خۆی بۆ بكرێت و، پارێزگاری لە مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلی كوردستان بكات . هەر بۆیە بە هاوشێوەی هێزە شیعە و سوننە كوردەكانیش لە نێوخۆدا لە هەوڵی رێككەوتن و پێكهێنانی هاوپەیمانێتین، تەنانەت هێزەكانی شیعە و سوننە لە هەوڵی ئەوەن لەگەڵ هێزێكی سیاسیی كوردستانی و خاوەن دەسەڵات و نفووز هاوپەیمانێتی پێك بهێنن، بۆ ئەوەی لەدوا رۆژدا بتوانن لەگەڵ ئەو لایەنە حكومەتێكی هاوبەش لەگەڵ كورد پێكبهێنن.
* بەشێك لە سیاسەتمەداران باس لەوە دەكەن «هاوپەیمانیی ستراتیژبی كورد و شیعە» بەرەو ئاوابوون دەچێت، ئەمەش بەو مانایەی شیعە چیتر پێویستی بە رۆڵی كورد نەماوە، سەبارەت بە هاوپەیمانی ستراتیژیی شیعە و كورد، راتان چییە؟
- سەبارەت بەو وتانەی كە باس لە كۆتاییهاتنی هاوپەیمانێتی شیعە و كورد دەكات، من پێم وایە هاوپەیمانێتی كورد و شیعە دەمێكە تەواو بووە، هێزە دەستڕۆیشتووەكانی شیعە دەمێكە دەستیان بەسەر پێگەی سیاسی و سەربازی و ئابووری و تەنانەت كۆمەڵایەتی عێراق بەتایبەتی ناوچەكانی شیعەدا گرتووە و لەگەڵیشیدا هەڵوێستیان گۆڕاوە، بەڵام پێشتر باسی ئەوەم كرد، هیچ لایەنێكی شیعە و سوننە، بە بێ كورد ناتوانن حكومەت پێكبهێنن، واتە پێكهێنانی حكومەت پەیوەندی بە هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراقەوە هەیە، لەناو پێكهاتەی زۆرینەی شیعەشدا هەرگیز هیچ هێزێكی سیاسی نییە بە تەنیا زۆرینە بەدەست بهێنێت، هەر دەبێت هاوپەیمانێتی پێكبهێنێت بۆ دروستكردنی كوتلەیەكی گەورەی پەرلەمانی و بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق. هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین پارتی دیموكراتی كوردستان هێزی سەرەكییە لە كوردستانی عێراق و خاوەنی كورسییەكی زۆرە لە پەرلەمانی عێراق و كوردستان، هەموو ئەگەرەكان و پێشهاتەكانیش بۆ ئەوە دەچێت لەم هەڵبژاردنەشدا زۆرینەی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت، بۆیە هێزە سەرەكییەكانی شیعە بەو ئاراستەیە دەچن و هەوڵێكی زیاتر دەدەن بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بكەونە جۆرێك لە رێككەوتن بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا بتوانن حكومەتی نوێ پێكبهێنن، ئەم هەوڵانەش لەدوای كۆتایهاتنی مانگی رەمەزان چڕتر و زیاتر دەبێت. لەم روانگەیەوە پارتی ئەركێكی دیكەی قورسی لەسەر شانە، ئەویش كۆكردنەوەی هێزە سیاسییە كوردستانییەكانە بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە لەبەغدا قورساییەكی زیاتریان هەبێت و لە دانوستان و گفتوگۆكانی داهاتوودا ماف و دەستكەوتێكی زیاتر بۆ گەلی كوردستان بەدەست بهێنن، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش رێزدار نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی حزبە كوردستانییەكانی كردو لە هەوڵی كۆكردنەوەی ئەم حزبانەدایە.
* باسی بارودۆخی هەستیار و ئاڵۆزی عێراق و ئەگەرەكانی گۆڕانكارییەكانت كرد، بەتایبەتی رۆڵ و پێگەی كورد بۆ پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلی كوردستان، بوونی سەرۆك بارزانی وەكو پێشمەرگە و خاوەن پێگەیەكی بەهێز لەناوخۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا تاچەند زامنی پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستانە؟
- رۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی لە شەڕی داعش و پاراستنی سەقامگیریی پرۆسەی سیاسیی عێراق و پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلی كوردستان دیار و لەبەرچاوە، لەسەر هێرشەكانی سەر هەولێر هەموو وڵاتە زلهێزەكان و هاوپەیمانەكان دژی راوەستانەوە، لەسەردانی دیپلۆماتكار و سیاسەتمەدارەكان و سەرۆكەكانی وڵاتان تەنانەت لە سەردانی پاپای ڤاتیكان دەبینین سەرۆك بارزانی چ پێگەیەكی نێودەوڵەتی هەیە، لەكاتی ئاڵۆزبوونی تەنگژەكانی عێراقیشدا پەنای بۆ دەبردرێت، نەوەكو هەموو سیستەمەكە تێك بچێت، ئەم پێگەیە هەرێمی كوردستانی پاراستووە لە ناو ئاڵۆزترین و هەستیارترین ناوچە لەجیهاندا كە رۆژ هەڵاتی ناوەڕاستە. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە هەمووان بەحزب و لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتییەكان لە دەوری سەرۆك بارزانی كۆببینەوە و یەكڕیزیی و یەكدەنگیی خۆمان بپارێزین، بۆ ئەوەی لەم گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی نوێ، زیان بە خەڵكی كوردستان و پێگەو دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان نەگەیەندرێت و بتوانرێت لەناو گفتوگۆی دانوستانەكان بە هێزەوە پێداگری لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان بكرێت.
* لە یەك دوو هەفتەی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵا سەردانی بەغدای كرد، جیا لە دیدار و كۆبونەوەكانی لەگەڵ هەر سێ دەسەڵاتی (پەرلەمان و حكومەت و كۆمار) لەگەڵ هێزە سیاسییە كاریگەرەكانی شیعەش كۆبووەوە و لەمەش زیاتر سەرۆكی هەرێم سەردانی بارەگا سووتاوەكەی لقی 5ی پارتی كرد، ئایا ئەم سەردانە لەم كاتەدا چ پەیامێكی هەڵگرتووە؟
-سەردانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵا بۆ بەغدا و هەموو ئەو دیدارو چاوپێكەوتن وگفتوگۆیانەی ئەنجامی دان، ئەوەیان دەرخست كە هەرێم ئامادەیە و دەستپێشخەریی دەكات بۆ نزیكبوونەوە لە بەغدا و چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی دۆسێی ناوچە جێناكۆكەكان و نەوت و پێشمەرگە و مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێم و چارەسەركردنی هەموو ئەم كێشانە پێویستی بە رێزدار سەرۆك بارزانی و رێزدار نێچیرڤان بارزانی هەیە، ئەمەش دوای سەركەوتنی گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق دێت، من دڵنیام لە رۆژانی داهاتوودا سەردانەكان و گفتوگۆ و دانوستانەكان زیاتر دەبێت، ئەمەش تەنیا بۆ هەڵبژاردن نییە، بەڵكو بۆ چارەسەری كێشەكانی دیكەشە.
* لەئێستادا باس لەوە دەكرێت گرووپ و لایەنی توندڕەوی شیعەی وا دروست بووە، زیانی گەورە بە هاوپەیمانێتی و ستراتیژیەی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەگەیەنن؛ وەكو چاودێرو سیاسەتمەدارێك چۆن دڕوانیتە ئەم گۆڕانكارییانە؟
- بوونی هێزە چەكدارەكان و میلیشیاكانی دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسی و حكومەت خۆی لەخۆیدا كێشەیە، بەڵام كاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر پرۆسەی سیاسی و هاوپەیمانێتییەكان نابێت، ئەم گرووپانە هەر وا دەمێننەوە. لە هەڵبژاردنی رابردووشدا هێزێكی زۆری چەكداری شیعە كە سەر بە وڵاتی دەرەوە بوون، هەر هەبوون، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی رابردوودا قەیس خەزعەلی و ئەهلی حەق و دەیان گرووپی دیكەی چەكداریی سەریان هەڵدا و 17 بۆ 18 كورسیشیان دەستكەوت، بەڵام كاریگەریی تەواویان لەسەر هەموو جومگە سیاسییەكانی عێراق نەبوو، هێزی رەوتی سەدرو حیكمە و هێزی یاسا و فەتح هەر دەمێننەوە و دەتوانن كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەن، بۆ ئەوەی بە تەواوەتی بارودۆخەكە تێك نەچێت.
* خراپیی رەوشی خزمەتگوزاری و بێكاری و هەژاری كە ناڕەزایەتییەكی گەورەی لەحكومەتی پێشووی عێراق لێكەوتەوەو بووە هۆی پێكهێنانی حكومەتی كازمی، بەڵام لە رووی واقیعەوە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران و شەقام گۆڕانكارییەكی ئەوتۆیان بەسەردا نەهات، بگرە پەتای كۆڕۆنا و قەیرانی دارایی و ناسەقامگیریی میلیشیا چەكدارەكانیشی هاتە سەر، ئایا ئەمە چی دەگۆڕێت لە ناو پرۆسە سیاسییەكە و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان؟
- بەڵێ، مانەوەی دۆخی خراپی خزمەتگوزاری و جێبەجێنەكردنی داوای خۆپیشاندەرانی عێراق كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەكان دەبێت، بە راددەیەك رەنگە هەندێك دەموچاوی نوێ بەتایبەتی لەناو ئەوانەی نوێنەرایەتیی خۆپیشاندانەكان دەكەن، بێنە ناو پەرلەمان و دەنگ بە دەست بهێنن و لەناو پرۆسەی سیاسیدا بوونیان هەبێت، بەڵام بێ ئەوەی گۆڕانكاریی كاریگەر و قەبارەیەكی گەورەیان لەناو پەرلەمان و حكومەت هەبێت، ئەگەر لەدوای هەڵبژاردنی داهاتوو و دامەزراندنی حكومەت كێشە و گرفتەكانی چەكداری و دەستێوەردان و خراپیی خزمەتگوزاری و بەرزیی رێژەی هەژاری و بێكاری چارەسەر نەكرێن، ئەگەری ئەوەی لێ دەكرێت تەقینەوەیەكی گەورەی جەماوەری لەوەی پێشوو گەورەتری لێ بكەوێتەوە.