بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاریی گەورە لە نەخشەی سیاسیی عێراقدا دروست ناكەن

بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:  هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاریی گەورە لە نەخشەی سیاسیی عێراقدا دروست ناكەن
هەروەك ئاشكرایە بەم دواییە هەوڵدرا ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان بشێوێندرێت، بەڵام كاردانەوە و ئیدانەكردنەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گەورە و كاریگەر بوون، ئەوەش دەیسەلمێنێت كە پارێزگاریكردن لە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بووەتە جێی بایەخی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەم پرسە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بەتایبەتی پرسی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
* چەند جارێكە گرووپە چەكدارە لە یاسا دەرچووەكان لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و ناوچەی دیكەی كێشە لەسەر هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان، بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردانە دەبوو هێزەكانی سوپای عێراق و پێشمەرگەی كوردستان و هاوپەیمانان كێشەی ئەو گرووپە چەكدارە لە یاسا دەرچووانە چارەسەر بكەن و سنوورێكیان بۆ دابنێن، بەڵام پێشیلكارییەكانیان بەردەوامە و هیچ گرووپێكیان دەستگیر نەكراون و پەرلەمانیش بێدەنگە، ئایا هۆكاری ئەو پاشاگەردانییە لە عێراقدا چییە؟
- بێگومان هۆكارەكانی ئەو پاشاگەردانییە زۆرن، بەڵام هۆكاری سەرەكی، سیاسییە. ئەو لایەن و چەكدارانەی ئەو كردەوانە ئەنجام دەدەن لە رووی سیاسییەوە دەیانەوێت پەیامێك بە هەرێمی كوردستان بگەیەنن كە ئەوان رازی نین لە هەڵویستی هەرێم لە هاوكێشەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی گشتی، دەمەوێت ئەوەش بڵێم كە ئەو گرووپە چەكدارانەی ئەو كردەوانە ئەنجام دەدەن، ئەوە لە بەغداش و لە شوێنەكانی دیكەش ئەنجامی دەدەن، بەڵام من بە راشكاوانە و ئاشكرا دەڵێم ئەو كردەوانەی گرووپە چەكدارەكان كە چەند جارە هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج، ئەمە راگەیاندنی جەنگە لەبەرامبەر كوردستان، وەك لە دەستووردا هاتووە كە هەرێمی كوردستان كیانێكی فیدڕاڵییە و خاوەن دەسەڵاتەكانی خۆیەتی، ئەگەرچی بەداخەوە چەند گرووپێكی چەكدار هێرش دەكەنە سەری، ئەوەش من وای دەبینم كە راگەیاندنی جەنگە دەرهەق بە هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو گرووپانە هەمان ئەو چەكدارانەن كە بارەگای لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستانیان لە بەغدا سووتاند. ئەو گێرەشێوێنییە بەو مەبەستەشە كە هەرێم لە بەغدا و كازمی دوور بێت و هەرێمی كوردستان لاواز بێت و ئەو پێشكەوتنانەی كە لە هەرێم روودەدات لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەدا ئەوە هەرێمی كوردستانی كرووەدتە جێگای متمانەی وڵاتانی زلهێز، چونكە بینیمان چەندین وڵاتی زلهێز و UN دەرهەق بەو كردەوانەی گە ئەو گرووپە چەكدارانە كە كردیانە سەر هەولێر، ناڕەزایی توندیان دەربڕی، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرینگ و پێویستە ئەوەیە كە بزانین چۆن چارەسەری بكەین.

* باشە بە رای ئێوە چی بكرێت باشە لەم رووەوە؟
- بێگومان ئەو گرووپانەی كە نەیانتوانی لە رووی سیاسییەوە پاڵەپەستۆ لەسەر هەرێمی كوردستان دروست بكەن، ئەوە ئێستا دەیانەوێت بە فیعلی و بە رێگاو شێوەی چەكداری كاریگەری و فشار بخەنە سەر هەرێمی كوردستان كە كاتیۆشا و چەندین جۆر مووشەكیان ئاراستەی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەولێر كرد، بۆیە دەبێت هەرێمی كوردستان ئەو پرسە زۆر بە گرینگ وەربگرێت، كە ئێمە كیانێكی فیدڕاڵین و ئەوە هەڕەشەیە لەسەر بوونی ئێمە، واتە ئێمە پارێزگایەك نین كە سرووشتی بێت ئەو كردەوانە بەرامبەرمان بكرێت، بەڵكو ئێمە هەرێمێكی فیدڕاڵین لە رووی دەستووری، هەر بۆیە داوادەكەم لەسەر ئاستی حكومەتی فیدڕاڵی و UN و پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستانیش ئەو بابەتە باس بكرێت و لێكۆڵینەوەی لە بارەوە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت بە چ شێوەیەك چارەسەری ئەو كردەوانە بكرێت، لەوانەشە ئەو بژاردەیەش هەبێت كە هێزی نێودەوڵەتی لەنێوان ئێمەو ئەو ناوچانە دابنرێت، تاوەكو ماوە و دوورییەك هەبێت لەنێوان هەرێم و ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی ئەو گرووپە چەكدارانە لە هەرێم دوور بخرێنەوە.


* ماوەیەكی زۆرە باس لەوە دەكرێت كە ئاسایشی ناوچە كێشە لە سەرەكان بە هاوبەشی لەلایان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقەوە بپارێزرێت، بەڵام وەك دەبینین چەكدارەكانی حەشدی شەعبی رێگرن لەسەر ئەم پرسە و هەر ئەوانیش بوونەتە رێگر لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی شنگال. بۆچی رێككەوتنی شنگال جێبەجێ ناكرێت؟ بۆچی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەستبەرداری چەكدارانی پەكەكە نابن؟
- حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق خەمی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووریان نەخوارد، چونكە ئەگەر لە سەرەتادا ماددەی 140 جێبەجێ بكرابایە تووشی ئەو هەموو كێشەو حاڵەتانە نەدەبووین كە لە ناوچەكەدا روودەدات، كە بووەتە هۆی ئەوەش بۆشایی ئەمنی لە ناوچەكەدا هەبێت و، ئێستاكەش هەمان عەقڵییەتە لە عێراقدا، هەر بۆیە چۆن ئەوان دەتوانن تەفاهوم لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و حكومەتی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی ئەو ناوچە كێشە لە سەرانە كە بۆشایی ئەمنییان تێدایە، چارەسەری بكەن، بە رێگای خاڵی هاوبەش، یان بە رێگای هاوكاری و هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەڵام حكومەتی عێراقی و لایەنی ئەمنیی خۆیان نایانەوێت ئەو كێشانە چارەسەر بێت و هەرێمی كوردستانیش بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ چارەسەری كێشەكانە بۆ ئەو ناوچانە و خۆی لە بەغدا نزیك دەكاتەوە، ئەگەرچی حوكمڕانانی بەغدا نایانەوێت، لەبەر ئەوەی عەقڵییەت و باڵێكی سیاسی لە عێراق هەیە، هەوڵدەدەن زیاتر هەرێم لە بەغدا دوور بكەنەوە، بەڵام ئێمە بەو هیوایەن حكومەتی كازمی باش ئاگاداری ئەو دۆخە بێت. لەلایەكی دیكەوە دەبینین جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی شنگال ئەوە نیشان دەدات كە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەوپەڕی لاوازیدایە.


* لە ئێستاوە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی هەڵبژاردن لەناو عێراق دەستی پێ كردووە و، لایەنە سیاسییەكانی عێراق خەریكی هەڵمەتی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردنن، ئایا تاچەند مەزندە دەكرێت ئەم هەڵبژاردنە نەخشەی سیاسیی عێراق بگۆڕێت؟ یان ئەگەر وەك جاری پێشوو ئاستی ساختەكاری زۆر بەرز بێت، ئەوە تا چەند ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی بەو سیستەمە سیاسییە دەهێنێت؟
- ئەم سیستەمە سیاسییەی عێراق بە ئاسانی كۆتایی پێ نایەت، چونكە جەماوەری خۆی پەیدا كردووە لە رووی سیاسی و دارایی، تاوەكو لە رووی جەماوەریش، هەروەها خاڵێكی زۆر گرینگ هەیە ئەویش ئەوەیە كە هەتا چەك لە دەستی گرووپە میلیشیاكاندا بێت و ئەو هێز و گرووپانە مابن، ناتوانین بڵێین هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف لە عێراق ئەنجام دەدرێت. هەر بۆیە چاودێران مەزندەی گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ ناكەن لە دۆخی عێراق، ئەگەر هەڵبژاردن لەكات و ماوەی خۆیدا بكرێت و منیش نابینم نەخشەی سیاسی لە عێراق بگۆڕدرێت، بەڵكو تەنیا چەند دیمەن و دەموچاوێك دەگۆڕدرێت، ئەگەرچی مەرجەعیاتی سیاسی لە عێراق ئەوانە هەر دەمێنن و دەتوانن نوێنەرانی خۆیان لە بازنەكانی هەڵبژاردن كە دەستنیشان كراون، بگەیەننە ئەنجومەنی نوێنەران و بێگومان گۆڕانكاریی گەورە روونادات.


* سەردانی پاپا بۆ ناوچەكانی دەشتی نەینەوا خاڵێكی گرینگ بوو، بەڵام لەوە گرینگتر ئەوە بوو كە لە هەولێر دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی كوردستان رێوڕەسمێكی زۆر گەورە و دیاری بۆ ئەنجام درا، پەیامی ئەو سەردانەی پاپا چۆن دەخوێنیتەوە؟
- سەردانی پاپا بۆ عێراق پشتیوانی بوو بۆ بەرقەراریی ئاشتی و ئارامی لە عێراق و ناوچەكە بەگشتی و پەیامێكیش بوو بۆ حكومەت و میللەتانی ناوچەكە كە هیچ رێگایەكی دیكە نییە جگە لە پێكەوەژیان، هەروەها سەردانی پاپا بۆ دەشتی نەینەواو بۆ ناو شاری مووسڵیش بە راستی سەردانێكی مێژووییە و لەكاتی خۆیدا بوو، دەتوانین بڵێین سەردانێكی بوێرانەش بووە، هاوكات هەموو جیهان و ناوچەكە ئەو دیمەنانەیان دیت كە لە یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری لە پایتەختی كوردستان كە پاپا بەو پەڕی ئازادی و ئاسوودەیی لەناو ئاپۆرەی جەماوەرێكی زۆردا هاتوچۆ و دیدارەكانی بەڕێوەچوو، ئەمەش خۆی لەخۆیدا پەیامێكی زۆر روون و ئاشكرایە كە هەولێر چەند پێشكەوتووە و ئارامی و ئاسایش لەوپەڕی بەرقەراریدایە و كوردستان سەلماندی بە كردار كە شوێنی پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبووردەییە و سەردانەكەی پاپا ئەو راستییەی بۆ جیهان سەلماند كە بۆی هەیە پێشتر ئەگەر باسی پێكەوەژیان لە كوردستان بكرابایە، بە زێدەڕۆییان بزانیبایە، بەڵام لە سەردانەكەی پاپا بۆ هەولێر و حكومەت و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان نیشانیان دا كە لەو بارودۆخەی لە عێراق هەیە و بە هەبوونی كۆڕۆنا لە ناوچەكە، كە چەندین كێشە هەیە، ئەو پەڕی ئارامی و سەقامگیرییان لە هەرێمی كوردستان بینی و بە چاوی خۆیان بینیان كە شوێنی پێكەوەژیانی راستەقینەیە، ئەمەش سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ كوردستان، هەروەها لە كاتێكدا خودی پاپا سەردانی شوێنێك بكات، واتە لەو شوێنە ئارامی هەیە و ئەو شوێنە گرینگی خۆی هەیە. واتە ئەو شوێنە پێویستی هەیە بە پشتیوانیكردن و ئەوەی لە سەردانەكەی پاپا لە هەولێر بینرا ئەوە لە هەقیقەتدا دیمەنێكی مێژوویی بوو.
Top