سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: عێراقييه‌كان چيتر دروشمى بێ ناوه‌ڕۆك قبووڵ ناكه‌ن
April 24, 2021
دیمانەی تایبەت
له گفتوگۆيه‌كى ته‌له‌ڤزيۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى (بالثلاثة)ى كه‌ناڵى ئه‌لشه‌رقييه نيووز كه كاژێر 11ى شه‌وى پێنجشه‌ممه 2021/4/22 پێشكه‌ش كرا، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، باسى له دۆخى عێراق به‌گشتى كرد و ڕوانگه‌ى خۆى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق و داهاتووى وڵات خسته ڕوو.سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق و سه‌قامگيريى وڵات‌دا، ده‌بێ هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان لێكگه‌يشتن و ڕوانگه‌يه‌كى هاوبه‌شيان بۆ داهاتووى عێراق هه‌بێت و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و پره‌نسيپه‌كانى سازان، هاوسه‌نگى و هاوبه‌شى، پێكه‌وه كار بكه‌ن وانه و سووديش له هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرن.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى باسكردنى چه‌ند لايه‌نێكى ژيانى تايبه‌ت و سه‌ربورده و ئه‌زموونى كه‌سيى خۆى، بڕواى خۆى نيشان دا كه نه‌وه‌يه‌كى تازه له عێراق دروست بووه و دواى هه‌ژده ساڵ ئيتر قۆناغى ڕاگوزه‌ر له وڵات ته‌واو بوو. عێراقييه‌كان چيتر دروشمى بێ ناوه‌ڕۆكيان له سياسييه‌كانى وڵات قبووڵ نييه و ده‌بێ چاره‌سه‌رێكى جددى بۆ دۆخى عێراق بدۆزرێته‌وه.
ده‌قى ديداره‌كه‌ى ئه‌لشه‌رقييه نيووز له‌گه‌ڵ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى:
به‌شى يه‌كه‌م..
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: سڵاوی خواتان لێبێت له هه‌ولێره‌وه له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ك كه ڕه‌زامه‌ندی دا له یه‌كه‌م شاشه‌ی عه‌ره‌بی ده‌ربچێت و ئه‌مه يه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنیه‌تی له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی.
له ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له دایك بووی، ئه‌و كاته عێراق دامه‌زراندنی كۆماری عێراقی یه‌كه‌م و دووه‌می به‌خۆیه‌وه بینی، به‌رچاوترین ڕووداوی سیاسی كه له‌گه‌ڵی ژیابیت له‌و كاته جه‌نابى سه‌رۆك؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: زۆر سوپاس بۆ كه‌ناڵی شه‌رقییه، به‌خێربێن، هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زان له ئێوه و هه‌موو گه‌لی عێراق و له هه‌موو موسڵمانان پیرۆز ده‌كه‌م. ساڵی 1966 له عێراق له حاجى ئۆمه‌ران له كوردستانی عێراق له دایك بووم. له دایكمه‌وه خه‌ڵكی سلێمانی و له باوكیشمه‌وه ئیدریس بارزانی بووه. ژیانم به منداڵی تا ساڵی 1974 و 1975 له عێراق بووین و دوای نسكۆی شۆڕش ئاواره‌ی ئێران بووین. قۆناغی منداڵیم له ئێران بووین. باوكم سه‌رقاڵى كاروباری ئاواره و په‌نابه‌ران بووه ئه‌وانه‌ی دوای نسكۆی شۆڕش بوون به په‌نابه‌ر له ئێران. ژیانمان به منداڵی له‌وێ بووه. تا ساڵی 1979 دوای شۆڕشی ئێران ورده ورده شته‌كان گۆڕان و هاتینه‌وه ناوچه‌ی كوردستانی عێراق، به‌ڵام ئه‌و كاتانه‌ش هه‌ر له شاخ بووین. قۆناغی منداڵیم قۆناغێك بووه دوای ئاواره‌یی بوو له ئێران و هه‌ر له‌وێش قوتابخانه‌مان خوێندووه و چووینه‌ته قوتابخانه. سه‌باره‌ت به ژیانی سیاسیم، من له یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستانه‌وه ده‌ستم پێكرد، به‌ڵام زیاتر هاتنم بۆ ناو سیاسه‌ت به شێوه‌یه‌كی گشتی دوای ساڵی 1987 بوو كه باوكم كۆچى دوايى كرد و دوای ئه‌وه زیاتر كه‌وتینه ناو بواری سیاسه‌ت و كار‌كر‌ن.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئه‌م ژیانه تا ڕاده‌یه‌ك ئاڵۆزه و گواستنه‌وه‌ت له شاری دایك بۆ وڵاتێكی دیكه بێگومان منداڵيی كه‌سه‌كان یان مرۆڤه‌كان ده‌بات، ئایا ژیانی منداڵیی ڕاسته‌قینه‌ت بینیوه؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: به ڕاستی نا. واته قۆناغی منداڵیمان وه‌ك پێویست نه‌بینی، كاتی منداڵیمان قۆناغێك بوو كه ئاواره‌ی ئێران ببووین وه‌ك هه‌ر خه‌ڵكێكی دیكه كه ئاواره ده‌بێت، واته نه‌ك بۆ ئێمه ئاسان نه‌بوو، بۆ هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ی كه ئاواره بوون له ئه‌نجامی نسكۆى شۆڕش سه‌خت بوو، به‌تایبه‌تی باوكم و جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كه ده‌كاته مامم ئه‌وان زیاتر سه‌رقاڵى كارى ڕێكخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی و خه‌باتی دووباره بوون له عێراق، له‌به‌ر ئه‌وه وه‌ك پێویست ژیانی منداڵیمان نه‌دیوه.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: به‌رێز نێچیرڤان بارزانی ڕه‌مه‌زانتان پیرۆز بێت. پێش ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ هه‌ر میوانێك ده‌ستپێ بكه‌م، سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كه به ژیاننامه له مناڵییه‌وه تا ماوه‌ی خوێندن و فێربوون له‌وێشه‌وه بۆ ژیانی سیاسی و ئه‌وانی تر ده‌ستپێ ده‌كه‌ین. به‌ڵام من به‌په‌له‌م بۆ زانینی وه‌ڵامی پرسیارێكی گرنگ، ئه‌مه یه‌كه‌م جاره بێمه كوردستان و به بنيادنان و ئاوه‌دانی و پێشكه‌وتنی ئێوه شۆك بووم، ئه‌مه هۆكاره‌كه‌ی چییه؟ چۆن توانیتان به ماوه‌یه‌كی كورت بنیادنان و ئاوه‌دانی وا پێشبخه‌ن؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: له ڕاستيدا عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی وڵاتێكی ئاوه‌دان نییه. ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه له كوردستان ده‌یبینین، پرۆسه‌ی ئاوه‌دانى و بنیاتنان دوای ساڵی 2004 ده‌ستی پێكرد. دوای ساڵی 2004 ئومێد بۆ خه‌ڵكی كوردستان گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به ئاوه‌دانی و بنياتنان بكات، ئه‌وه‌ی ئێمه له ده‌ستپێكدا ئه‌نجاممان دا، زۆر فۆكه‌سمان خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه پێویسته كه‌رتی تایبه‌ت له كوردستان دووباره بنیات بنرێته‌وه، كه‌رتی تایبه‌ت داینه‌مۆی پێشكه‌وتنی هه‌ر وڵاتێكه. فۆكه‌سمان له‌سه‌ر كه‌رتی تایبه‌ت و ده‌ستپێكرنی پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه له كوردستان بوو، خه‌ڵكیش یارمه‌تی داين به‌تایبه‌تی كه‌رتی تایبه‌ت ڕۆڵێكى سه‌ره‌كی هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه ده‌یبینین ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێكی ده‌وروبه‌ری خۆمان به‌راوردى بكه‌ین، ده‌بینین پێشكه‌وتنه‌كان زۆر خێرا و وه‌ك پێویست نین. پێویسته ئه‌و پێشكه‌وتنانه نه‌ك ته‌نها له كوردستان، به‌ڵكو له هه‌موو عێراقدا باشتر بكرێت.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: با بگه‌ڕێینه‌وه ژیانی كه‌سيتان، نه‌وه به‌شێكی گرنگی ناسنامه و كه‌سایه‌تیی ژیانی هه‌ر تاكێكی كورده، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی چیاكان به‌تایبه‌تی له كاتی خه‌بات و تێكۆشاندا چی ده‌گه‌یه‌نن؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: كورد هه‌ميشه قسه‌يه‌كى هه‌یه ده‌ڵێت “هیچ دۆستێكمان نییه چیاكان نه‌بێت”. بۆ كورد هه‌میشه وا بووه، خه‌بات و به‌رخۆدانی خۆی هه‌میشه له چیاكان ده‌ستپێكردووه. ئێمه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌و خه‌ڵكه‌ی كه له چیا و كێ‌و بووین و به‌شدار بووین، هه‌ر له گه‌نجێتییه‌وه باوكم و مامم ئێمه‌یان فێركردووه كه ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئازار و مه‌ينه‌تيى خه‌ڵكدا بژین، ئێمه قۆناغی پێشمه‌رگایه‌تیمان بینیوه، ئه‌و شانازييه‌م نه‌بووه وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌دا بین، به‌ڵام قۆناغی پێشمه‌رگایه‌تیشمان بینیوه و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه بووین. له چیاكان بووین و ئه‌م قۆناغانه‌مان هه‌مووی له ژیاندا بینیوه.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: جه‌نابى سه‌رۆك له‌وانه‌یه جه‌نابت گه‌وره‌ترین نه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بیت، كه‌سایه‌تيی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی و باوكی ئیدریس بارزانی، مامی مه‌سعوود بارزانی و باپیری مه‌لا مسته‌فا بارزانی، لای كه‌سایه‌تيی كۆتایی ده‌وه‌ستین، ئایا مه‌لا مسته‌فای بارزانی كه‌سایه‌تيی ئیلهامبه‌خشی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانییه؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه مه‌لا مسته‌فا له ژیاندا بووه وه‌ك باپیرم، قۆناغی منداڵیم بوو. مه‌لا مسته‌فا له ساڵی 1976ه‌وه كه تووشی نه‌خۆشی بوو، بۆ چاره‌سه‌رى چووه ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه ئێمه له‌گه‌ڵ باپیرى خوالێخۆشبوومان ده‌ژیاین، ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی سیاسیم كردووه و وای كردووه كه له‌ژێر سێبه‌ر و ڕێبه‌رایه‌تیی ئه‌ودا گه‌وره ببم، مامم مه‌سعوود بارزانی بووه. زیاتر ئه‌و بووه وه‌ك ئیلهامێك، وه‌ك كه‌سايه‌تييه‌ك، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك، وه‌ك مامێك و وه‌ك باوكێكیش سه‌یرم كردووه، زیاتر ئه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێگه‌ی ژیانم له گه‌نجێتی و تا ئێستاش هه‌بووه.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: با بڵێین چی له مه‌لا مسته‌فا بارزانی فێر بوویت؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ئه‌وه‌ی هه‌موومان له مه‌لا مسته‌فا بارزنی فێری بووین ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت به دڵسۆزییه‌وه تێ‌بكۆشین بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و خزمه‌تی بكه‌ین. ئه‌گه‌ر بتوانم به دوو وشه بڵێم، ده‌ڵێم ڕێبازی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، ڕێبازی خزمه‌تكردنی گه‌له‌كه‌ى بووه، ڕێبازی خزمه‌تكردنی وڵات بووه، ئێمه له‌و كه‌سايه‌تييه‌وه فێری ئه‌وه بووین كه هه‌وڵی جددی بده‌ین بۆ خزمه‌تكردنی دۆزی گه‌له‌كه‌مان.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: هه‌روه‌ك ده‌رباره‌ی ڕۆڵی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی باست كرد جه‌نابى سه‌رۆك، له كاتی باسكردنی كۆچی دوایيی باوكتدا جه‌نابت هه‌ستئامێز بووی، با باسی ماوه‌ی خه‌باتی بكه‌ین، ڕۆڵی ئه‌و له دۆزی كورد و هه‌روه‌ها لێكنزیككردنه‌وه‌ی عه‌ره‌ب و كورددا چی بوو؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: له پرسی كورديدا ڕوون بوو كه له‌ژێر سێبه‌ری باپیرم مه‌لا مسته‌فای بارزانيدا، هه‌م كاك ئیدریس خوا لێى خۆش بێت، هه‌م جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی هه‌ردووكیان له شۆڕشدا یاریده‌ده‌ری بوون. كاك ئیدریس له‌و ماوه‌یه‌ی كه له شۆڕشدا بووه زیاتر پرسی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازی به‌ده‌سته‌وه بووه. یارمه‌تيی مه‌لا مسته‌فای داوه و خۆیشی ڕۆڵكى زۆری بینی له ڕێككه‌وتنی 11ی ئازاری ساڵی 1970 له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئه‌وكات و چه‌ندین جار سه‌ردانى به‌غدای كردووه تا ئه‌و لێكگه‌یشتنه دروست ببێت، هه‌میشه شانازی به‌وه‌وه ده‌كرد كه دوای ڕێككه‌وتنی ساڵی 1970 گه‌لی عێراق به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه له به‌سره‌وه تا هه‌موو شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق زۆر به گه‌رمی پێشوازییان له‌و ڕێككه‌وتنه كرد، دوای چه‌ندین ساڵ خه‌بات و ماندبووبوون گه‌لی عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی پێشوازییان له‌و ڕێككه‌وتنه كرد. یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی ڕۆڵی بینی و ئه‌وانی دیكه‌ش جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و براده‌رانی دیكه‌ش زۆر ڕۆڵيان بينى، به‌ڵام ئه‌و خۆی شانازی به‌وه‌وه ده‌كرد كه ڕۆڵی له‌و ڕێككه‌وتنه‌دا هه‌بووه له نزیكبوونه‌وه‌ی گه‌لی عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی به كورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه، چونكه ئێمه زۆر بڕوامان به‌وه‌یه كه پرسی كورد پێویستی به چاره‌سه‌ر هه‌یه له چوارچێوه‌ی عێراقدا. ساڵی 1970 هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌مان هه‌بووه، ساڵی 1975یش هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌مان هه‌بووه، ئێستاش هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌مان هه‌یه كه پێویسته له چوارچێوه‌ی عێراقدا چاره‌سه‌ر بۆ پرس و كێشه‌كان بدۆزرێته‌وه.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئه‌م چیرۆكانه هی ساڵانی حه‌فتاكانن و ئێستاش له‌سه‌ر مێزی دانوستانن، هۆكاره‌كانی چین كه هه‌ولێر داوای كاڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان بكات و ڕۆڵی ده‌ستپێشخه‌ر بگێڕێت، له‌وانه‌یه داوای له به‌غداش كردبێت هه‌مان ڕێگه بگرێته به‌ر، هۆكاره‌كان چین؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: به بڕوای من كێشه‌كان زیاتر كێشه‌ی چۆنیه‌تیی بیركردنه‌وه‌یه، بڕوام وایه كێشه‌كانی عێراق به‌وه چاره‌سه‌ر نابێت ئاخۆ كێ به‌هێزه و كێ لاوازه، كێشه‌كانی عێراق كێشه‌ی یه‌ك خێزانه، كێشه‌ی یه‌ك خێزانیش پێویستی به دانیشتن و گفتوگۆ هه‌يه، پێویسته له‌سه‌ر مێزی دانوستان چاره‌سه‌ر بكرێن. بیركردنه‌وه‌ی كێ به‌هێزه و كێ لاوازه عێراقی تووشی زۆر كاره‌ساتی گه‌وره كردووه، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه وانه له ڕابردوو وه‌رگرین، وانه له‌و هه‌ڵانه وه‌رگرین كه هه‌موومان كردوومانه، به‌غداش هه‌ڵه‌ی كردووه و بێگومان هه‌ولێریش زۆر هه‌ڵه‌ی كردووه، له ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه سه‌قامگیریی عێراقه، سه‌قامگیریی عێراق له ڕووی سیاسییه‌وه، سه‌قامگیریی عێراق له ڕووی ئابوورییه‌وه گرنگه. ده‌بێت بێینه سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م كێشانه چۆن چاره‌سه‌ر بكرێن؟ كێشه‌ی عێراق به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌وه چاره‌سه‌ر ناكرێت به‌غدا ئه‌گه‌ر به‌هێز بێت، به واتاى لاوازى بێت بۆ هه‌ولێر، یان هه‌ولێر به‌هێز بێت، به واتاى لاوازييه بۆ به‌غدا! ئێمه ته‌واوكه‌ری یه‌كترین، به‌غدا و هه‌ولێر، كورد و عه‌ره‌ب له‌م وڵاته‌دا هاووڵاتیی ئه‌م وڵاته‌ن. ده‌بێ هه‌موومان پێكه‌وه هه‌وڵ بده‌ین یه‌كه‌م هاووڵاتیبوونی عێراقی له‌م وڵاته‌دا به‌هێز بكه‌ین، دووهه‌م هاوبه‌شييه‌كى دروست بنیاد بنێین تا بتوانین پێكه‌وه له ئاینده‌دا به‌شدار بین. كێشه‌ی عێراق ئه‌وه‌یه هیچ پێكهاته‌یه‌ك له عێراق له ئاینده‌ی خۆی دڵنيا نییه! ده‌بێت ئه‌مه كۆتایی پێ بهێنین، گه‌لی عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی و به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه شایسته‌ی ژیانێكی زۆر باشترن له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه. ده‌بێت هه‌موومان، هه‌موو سیاسییه‌كانی عێراق له‌م پێناوه‌دا پێكه‌وه كار بكه‌ین. له هه‌رێمی كوردستان له‌وه تێده‌گه‌ین كه ئه‌ركمان له‌سه‌ر شانه و ئاماده‌ین جێبه‌جێی بكه‌ین. ئه‌رك و مافيشمان هه‌یه، ئاماده‌ین له هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م پره‌نسيپه له‌گه‌ڵ به‌غدا په‌یڕه‌و بكه‌ین تا بگه‌ینه لێكگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش بۆ ئاینده‌ی عێراق.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: جه‌نابى سه‌رۆك، ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێینه‌وه و باسی به‌ڕێز مه‌لا مسته‌فای بارزانی بكه‌ین، ئه‌و چۆن له یه‌كێتیی عێراق و برایه‌تيی كورد و عه‌ره‌بی ده‌ڕوانی؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌موو قسه‌كانی خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزانی بكه‌ی، داكۆكيى ئه‌و له‌سه‌ر برایه‌تیی كورد و عه‌ره‌به، داكۆكى له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت كێشه‌كانى گه‌لی كوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقدا چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ڕژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق هه‌میشه به توندوتیژی و چه‌ك وه‌ڵامی پرسی كوردیان داوه‌ته‌وه. پرسی كورد له عێراق پرسێكی جددییه و ده‌بێت چاره‌سه‌ركه‌یشی چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بێت. وه‌ك نموونه‌یه‌ك باسی ده‌كه‌م، دوای ساڵی 1970 هه‌وڵی كوشتنی مه‌لا مسته‌فا درا، ژماره‌یه‌ك له پیاوانی ئایینی‌یان نارده لای و هه‌وڵی كوشتنی درا، ئه‌وه جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی خۆی بۆ ئێمه‌ی باس كردووه، دوای ئه‌وه زۆر باس له‌وه ده‌كرێت كه به چ شێوه‌یه‌ك تۆڵه بكرێته‌وه، باس له‌وه ده‌كرا كه له‌وانه‌یه خه‌ڵكى مه‌ده‌نيش تيايدا ببنه قوربانی، جه‌نابی مه‌لا مسته‌فا یه‌كسه‌ر ڕه‌تی كرده‌وه و گوتی نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ببێته مه‌سه‌له‌ی كورد و عه‌ره‌ب و له‌سه‌ر من شه‌ڕ دروست ببێت، به هيچ شێوه‌يه‌ك ناكرێت. مه‌لا مسته‌فا، دوای مه‌لا مسته‌فا جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و ئێمه‌ش هه‌موومان باوه‌ڕی ته‌واومان به پرسی برایه‌تیی كورد و عه‌ره‌ب هه‌یه و ده‌مانه‌وێ ئه‌و گه‌لانه‌ی له عێراقدان، پێكه‌وه فۆرمۆلێك بۆ پێكه‌وه‌ژيان بدۆزینه‌وه. یه‌كێتیی عێراق و پرسی پێكه‌وه‌ژيانى هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق هێزێكه بۆ عێراق، ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه له مه‌لا مسته‌فا فێری بووین، فێری ئه‌وه بووین كه كورد و عه‌ره‌ب ده‌بێت برا بن. نموونه‌یه‌كی دیكه له‌سه‌ر ئه‌وه باس ده‌كرێت جارێكیان پارێزگارێكی عه‌ره‌ب هه‌بووه له هه‌ولێر و دواتر به‌و لێكدانه‌وه‌يه كه مه‌لا مسته‌فا پێی خۆش بێت پارێزگاره‌كه‌یان گۆڕیوه و پارێزگارێكی كوردیان له شوێنی داناوه، له دیدارێكدا خوا لێى خۆش بێت به به‌غدای گوتووه زۆر پێم باشتره ئه‌و پارێزگاره عه‌ره‌به بگه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر، چونكه بۆ ئێمه ئه‌وه بابه‌تێك نییه كێ عه‌ره‌ب و كێ كورده، ئه‌وه‌ی گرنگه بتوانین پێكه‌وه هه‌موو لایه‌ك له‌م وڵاته‌دا به ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بژین.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ئێوه په‌يامى به‌ڕێز مه‌لا مسته‌فا بارزانیتان وه‌رگرت و ئێستا جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، وا تێده‌گه‌م ئه‌و په‌يامه له كاتی هاتنی داعش و حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره عه‌ره‌به‌كاندا كه له پارێزگاكانه‌وه هاتبوون ڕه‌نگى دايه‌وه. من هێشتا باس له چوارچێوه‌ی برایه‌تی و یه‌كێتیی عێراق ده‌كه‌م؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: نامه‌وێت وه‌ك منه‌تێك ئه‌و بابه‌ته باس بكه‌م، چونكه ئێمه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی خۆمان به‌جێ گه‌یاندووه. ساڵی 2014 زۆر به‌داخه‌وه كه داعش هات و زۆر ناوچه‌ی له مووسڵ و ئه‌نبار داگیر كرد، خه‌ڵكی ئه‌و شوێنانه هاتنه هه‌رێمی كوردستان، ئێمه به ئه‌ركمان زانی ده‌رگایان بۆ بكه‌ینه‌وه و لێره بن. له‌و كاته‌دا نزیكه‌ی دوو ملیۆن ئاواره‌ی عێراق و په‌نابه‌ری سووریامان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی شانازییه، به سوپاسه‌وه ده‌مه‌وێت خه‌ڵكی عێراق ئه‌وه بزانن له‌و ماوه‌یه‌دا و تا ئێستاش ئێمه یه‌ك كێشه‌ى ئه‌منیمان له‌و ئاوارانه نه‌بینی وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له هیچ يه‌كێك له وان نه‌مانبینی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست ببێت له‌نێوان كورد و عه‌ره‌بدا، به پێچه‌وانه‌وه زۆر به خۆشی بوو، ئێستايش ئه‌وه‌ی گوێم لێ ده‌بێت زۆرێك له‌وانه‌ی به خۆشحاڵييه‌وه توانيويانه بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان له فه‌للووجه و ئه‌نبار و مووسڵ و شوێنه‌كانی دیكه، ئه‌و په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیيان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك له هه‌رێمی كوردستان هه‌ر ماوه، ئه‌وه بۆ ئێمه جێگه‌ی شانازییه. ئه‌وه‌ی كه ئه‌نجاممان داوه ئه‌ركه و ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌موكوڕییه‌ك هه‌بووبێت، داوای لێبوردنیان لێده‌كه‌ین. ئێمه ئه‌ركمان به‌جێ گه‌یاندووه، ئه‌و ئه‌رك و تێگه‌يشتنه‌ى له‌سه‌رى په‌روه‌رده كراوين جێبه‌جێمان كردووه كه ده‌بێت ڕێز له برایه‌تیی كورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه بگرین.
به‌شى دووه‌م..
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: كاتێك باسی چیا ده‌كه‌م، په‌ندێك هه‌یه كه ده‌ڵێن چیاكان په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بوون بۆ سیاسییه‌كان و ئۆپۆزسیۆنه‌كان و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وانه‌ی كه ده‌ترسێن، به هه‌مان شێوه چیاكان بوونه په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ ئاواره‌كان دوای ساڵی 2014، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا چیاكان هه‌ر به په‌ناگه‌ی ئارام بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان و ئه‌وانه‌ی ده‌ترسێن و ئۆپۆزسیۆنه‌كان و ئه‌وانه‌ی داوای ژیانێكی باشتر ده‌كه‌ن، ده‌مێننه‌وه؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه، هیوادارین په‌نابردن بۆ چیا، په‌نابردن بۆ شاخ له هه‌موو عێراقدا نه‌مینێت و پێویست به‌وه نه‌كات. با سه‌رله‌نوێ ده‌ست به‌وه بكه‌ینه‌وه بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق به شێوه‌یه‌كی وا بیر بكه‌ینه‌وه كه وانه له هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو وه‌رگرین، ئه‌و هه‌ڵانه‌ی هه‌موومان كردوومانن، با ئه‌مه هێزێك بداته ئێمه بۆ ئاينده‌ى عێراق، هیوادارم هیچ كاتێك هیچ عێراقییه‌ك پێویستی به‌وه نه‌بێت و پێى وابێت كه ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ شاخه‌كان و وا بزانێت ته‌نها شوێنێكی ئارام بۆ ئه‌وان شاخه‌كانن، هيوادارم عێراق له‌و قۆناغه ده‌رباز ببێت.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: به‌ڵام له میانه‌ی قسه‌كانتاندا پێش كه‌مێك فه‌رمووتان له‌وانه‌یه ئێمه هه‌ندێك له لایه‌نی ژیانمان باس كرد، به‌ڵام گوتتان كه به‌غدا هه‌ڵه‌ی كرد و سیاسییه‌كانی عێراق هه‌ڵه‌یان كرد و ئێمه‌ش هه‌ڵه‌مان كرد، ئێستا به زمانێك قسه ده‌كه‌ن كه له هه‌ڵه‌كانی ڕابردوومان فێر بین، هه‌روه‌ك ئه‌وه وایه یه‌كه‌م جاره ئه‌م زمانه له نه‌وه‌ی دووه‌می سیاسی گوێبیست ببم، واته جه‌نابتان له نه‌وه‌ی دووه‌می نه‌ك نه‌وه‌ی یه‌كه‌م، ئێستا نازانم ئایا نه‌وه‌ی یه‌كه‌م خاوه‌نی عه‌قلیه‌تێكی كلاسیكی بوون و جیا بوون له نه‌وه‌ی دوه‌م؟ ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ی جه‌نابتان له‌سه‌ر حسابی ئه‌وه ده‌بێت كه ژیانێكی باشتر بۆ عێراقییه‌كان بێت و هه‌موو دۆسیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: كێشه له چۆنیه‌تيی بیركردنه‌وه‌دایه، سه‌یركه‌ن به شێوه‌یه‌كی گشتی له عێراقدا دوو جۆره بیركردنه‌وه هه‌یه، بیركردنه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌یه ده‌ڵێت له كوێ هه‌ڵه‌مان كرد وامان به‌سه‌رهات؟ بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیكه ئه‌وه‌یه خه‌تای كێ بوو وامان به‌سه‌ر هات؟ ده‌بێ “خه‌تای كێ بوو وامان به‌سه‌ر هات” بخه‌ینه لایه‌كه‌وه. ده‌بێ له عێراق یه‌ك شت بزانین، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه له كوێ هه‌موومان هه‌ڵه‌مان كرد كه ئه‌مڕۆ دۆخی عێراق به‌م شێوه‌یه‌یه؟ ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌مان دایه‌وه، بێگومان ژیانێكی خۆشتر چاوه‌ڕێی هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌كات. له سه‌ردانمدا بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌موو سیاسییه‌كانی عێراق په‌يامم ئه‌وه بوو (ئێمه هه‌ڵه‌مان كردووه، ئێوه‌ش هه‌ڵه‌تان كردووه، با دانیشین و وانه له‌و هه‌ڵانه وه‌رگرین بۆ ژیانێكی باشتر بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان) تا به‌و شێوه‌یه بیر نه‌كه‌ینه‌وه عێراق نابێته وڵاتێك كه هه‌موومان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین. گه‌لی عێراق شایسته‌ی ژیانێكی زۆر باشتره له‌وه‌ی كه ئێستا هه‌یه، ئه‌م شه‌ڕه سیاسییه بێ مانایه‌ی له عێراق ده‌كرێت له‌سه‌ر چییه؟ باشتر نییه بیر له‌وه بكه‌نه‌وه چۆن ئابووریی عێراق به‌هێز بكه‌ن؟ ئايا ده‌كرێت عێراق تا ئێستا هه‌رچی شتومه‌كی هه‌یه به كوردستانیشه‌وه هه‌مووی له وڵاتانی دراوسێ هاورده‌ى ده‌كات؟ عێراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده كه نه‌ك ته‌نها سامانی سروشتی هه‌یه، سامانی مرۆییشی هه‌یه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه سیاسییه بكرێت، با شه‌ڕه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه بێت چۆن عێراق به‌ره‌و پێشه‌وه ببه‌ین؟ چۆن عێراق وا لێ بكه‌ین ببێته وڵاتێكی وه‌به‌رهێن و خۆمان پێداويستييه‌كانمان دابين بكه‌ين. ئه‌مه زۆر گرنگتره له‌و شه‌ڕه سیاسییه بێ مانایه‌ی كه ئێستا له عێراق خه‌ریكین و خه‌ڵكمان پێوه‌ى ماندوو كردووه. له‌پێناو چی؟ به ڕای من ده‌بێت فۆكه‌س بخرێته سه‌ر ئه‌م لایه‌نه، چۆن ئێمه هه‌موومان هه‌وڵ بده‌ین متمانه‌ى گه‌لی عێراق بۆ سیاسییه‌كانی عێراق بگه‌ڕێته‌وه؟ ئه‌مڕۆ متمانه نه‌ماوه، هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌ی عێراق ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه، ڕێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌موو عێراق چه‌ند بوو؟ زۆر زياده‌ڕۆييشى تێدا ده‌كرێت، به‌ڵام ڕێژه‌كه زۆر كه‌م بوو، بۆچى كه‌م بوو؟ خه‌ڵك متمانه‌ى به‌وه نه‌ماوه كه سندووقی ده‌نگدان ده‌توانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، چونكه ئێمه باسی سیستمێكی دیموكراتی ده‌كه‌ین، دیموكراتی به‌س ئه‌وه نییه هه‌موو چوار ساڵ جارێك ئه‌و خه‌ڵكه ببه‌یت و پێی بڵێی وه‌ره ده‌نگ بده، خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی له سیاسییه‌كانی عێراق هه‌یه، خه‌ڵك ده‌یه‌وێت ژیانێكی باشتر ببینێت، خه‌ڵك ده‌یه‌وێ له‌م دۆخه ناخۆش و نه‌هامه‌تييه‌ى ئه‌مڕۆى عێراق، ده‌ربچێت.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: به‌ڵام جه‌نابى سه‌رۆك، ته‌نیا داننان به هه‌ڵه‌كان به‌س نییه، پێویسته هه‌وڵی جددی هه‌بێت به شێوه‌یه‌ك هاووڵاتیی عێراقی هه‌ستی پێی بكات بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بێت و بڵێت به ڕاستی من به‌ره‌و ژیانێكی باشتر ده‌چم؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: پیموایه عێراقییه‌كان ورده ورده و نه‌وه‌ی تازه‌ى وڵات ئێستا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قۆناغه. نه‌وه‌ی ئێستای عێراق، نه‌وه‌ی پێش ده ساڵ نییه، ئه‌وه‌ی ساڵی 2003 له‌دایك بووه، ئێستا ته‌مه‌نی 18 ساڵه. ئه‌مه خۆی له خۆیدا ئێستا ئاماده‌یه بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه و قبووڵی ناكات، گه‌لی عێراق مومكین نییه هه‌ر دروشمى بێ ناوه‌ڕۆك له سیاسییه‌كانی عێراقی قبووڵ بكات و ژیانی ده‌وێت، كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غداش به‌شێكن له‌و سه‌قامگیرییه سیاسییه‌ی كه عێراق ده‌بێت به‌خۆیه‌وه بیبینێت. ئه‌مڕۆ ڕاستييه‌ك له عێراق هه‌یه، ده‌مه‌وێت ڕاشكاوانه باسی بكه‌م، سه‌یری عێراق بكه، به به‌رده‌وامی پێكهاته‌یه‌كی عێراق ترسی له ڕابردوو هه‌یه، به‌رده‌وام پێكهاته‌یه‌كی دیكه ترسی له ئاینده هه‌یه، به‌رده‌وام پێكهاته‌یه‌كی دیكه ترسی له ڕابردوو، له ئێستا و له ئاينده‌ش هه‌یه كه ئه‌وه‌یان كورده. تا كه‌ی ئێمه ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین؟ ده‌ڵێین قۆناغێكی ڕاگوزه‌ره، له 2003 ئێستا ساڵی 2021ه، ئه‌م قۆناغی ڕاگوزه‌ره تا كه‌ی؟ 18 ساڵه، 18 ساڵ ته‌مه‌نێكه، ئه‌وه‌ی له 2003 له‌دایك بووه ئێستا ته‌مه‌نی 18 ساڵه. ئيتر ته‌واو، ده‌بێت دابنیشین و چاره‌سه‌ری بكه‌ین، كه پێداگیری له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ده‌كه‌ین، ته‌نها مه‌به‌ستمان بۆ هه‌ولێر نییه، ئێمه مه‌به‌ستمان بۆ سه‌قامگیریی هه‌موو عێراقه، بۆ سه‌قامگیریی عێراق به‌شێك له كێشه‌كان كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدان، تا كه‌ی ئێمه چاوه‌ڕوان بین؟ هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌ڵێن تا كه‌ی چاوه‌ڕوان بین؟! دۆخی هه‌رێمی كوردستان پێش ساڵی 2003 وه‌ك ئێستا بوو. ساڵی 2002 ئه‌مه‌ریكییه‌كان هاتنه لامان و باوه‌ڕیان به ئێمه هێنا كه یارمه‌تییان بده‌ین چونكه عێراق به‌ره‌و وڵاتێكی دیموكراتی ده‌چێت و بڕیاری خۆیان دابوو ڕژێمی ئه‌وكاته لابده‌ن و بیڕووخێنن، داوای یارمه‌تییان ده‌كرد بۆ عێراقی نوێ، ئێمه به هه‌زاران هیواوه به‌شداریمان له‌و پرۆسه‌یه‌دا كرد بۆ عێراقێكی نوێ، عێراقێك كه بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان بێت، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌م عێراقه‌مان بنیات نا؟ له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شى، له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی، ئه‌و چه‌مكانه‌ى عێراقمان له‌سه‌ری دامه‌زراند، ئه‌و هاوبه‌شييه هه‌یه؟! ئه‌و پێكه‌وه‌بوونه هه‌یه؟ نییه! ئه‌مڕۆ له عێراق واقعێك هه‌یه، ئه‌م شتانه نییه، به‌شێكی زۆر له عێراقییه‌كان ئه‌مڕۆ تووشی نائومێدى بوون، پێيان وايه به‌شێك نين له پرۆسه‌ی سیاسیی ئه‌م وڵاته. داعش له ئه‌نجامی ئه‌مه دروست بووه، داعش له مه‌ریخه‌وه نه‌هاتووه، له ئه‌نجامی هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی سیاسیی ئه‌م وڵاته دروست بوو! نابێت ئه‌م هه‌ڵانه دووباره بكه‌ینه‌وه، چونكه ئه‌مڕۆ دیسان زه‌مینه‌یه‌كی دیكه په‌یدا ده‌بێت بۆ ئه‌م توندڕه‌وییه، به ناوی داعش نا به ناوێكی دیكه، خه‌می ئێمه خه‌می ته‌نيا كوردستان نییه، خه‌می ئێمه خه‌می هه‌موو عێراقه، له چوارچێوه‌ی ئه‌و جوگرافیایه‌دا كه پێی ده‌ڵێن عێراق، داوای ژیانێكی باش بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌كه‌ین. له ساڵی 2003ه‌وه خوالێخۆشبوو جه‌نابی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی هه‌رچی له توانایاندا بوو بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بكه‌وێته سه‌رپێی خۆی، كه‌مته‌رخه‌مییان نه‌كرد و هه‌رچی له توانایاندا بوو كردیان. ڕۆڵی ئێمه له عێراق ڕۆڵی تێكده‌رانه نییه، ڕۆڵمان ڕۆڵێكی بونیاتنه‌ره له عێراق، ده‌مانه‌وێت كێشه‌كانی عێراق به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر ببن، ئه‌مه بۆ سه‌قامگیریی عێراق گرنگه.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: باشه له‌وانه‌یه ئه‌م گوتاره سه‌رنجڕاكێش و نوێ بێت له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به زمانی یه‌كێتيی وڵات له‌وانه‌یه پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو بێت ده‌رباره‌ى ئه‌م كێشه‌یه. كاك نێچیرڤان با باس له كۆتا شت بكه‌ین، له‌وانه‌یه ئه‌وه به‌رده‌وامیی ئه‌وه بێت كه باسی ده‌كه‌ی كه ئه‌ویش كه‌ركووكه و گرێ و چاره‌سه‌ره، كاتێك سه‌یری هه‌واڵه‌كانم ده‌كرد چاوم به هه‌واڵێك كه‌وت ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كانی جه‌نابتان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی یان له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌رباره‌ی جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور و ئه‌م مانشێتانه گه‌یشتنه میديای عێراقی، به‌ڵام له میانه‌ی ئه‌و دیداره‌دا ده‌مانه‌وێت ئه‌و پرسه زیاتر شرۆڤه بكه‌ن و چۆن ده‌توانرێت ئه‌م كێشه‌یه بگه‌یه‌نرێت كه زیاتر له جارێك له هه‌وڵه سیاسییه‌كانی كوردی یان عه‌ره‌بی باس كراوه، چ شتێكی نوێ له دۆسیه‌ی كه‌ركووكدا هه‌یه؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: كه‌ركووك شارێكی عێراقییه، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ولێریش شارێكی عێراقییه، سلێمانیش شارێكی عێراقه له‌و جوگرافیایه‌دا كه پێی ده‌ڵێن عێراق، كێشه‌ی كه‌ركووك چییه؟ هه‌موومان ده‌زانین كه‌ركووك كێشه‌یه‌كه، به‌ڵام ئاماده نین ده‌ستی بۆ ببه‌ین تا ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ببێت. به ڕای من كێشه‌كه دوو به‌شه، یه‌كه‌میان پرسی سامانی سروشتییه، ئه‌و سامان و خێره له هه‌موو عێراق هه‌یه ته‌نیا له كه‌ركووك نییه، له به‌سره هه‌یه، له هه‌ولێر هه‌یه، له سلێمانیش هه‌یه و له هه‌موو شوێنه‌كان هه‌یه، ئه‌مه‌یان به‌شێكه. ئه‌گه‌ر ئێمه یاسای نه‌وت و غازمان هه‌بوایه له عێراق به هیچ شێوه‌یه‌ك پرسی نه‌وت نه‌ده‌بوو به كێشه، چونكه یاسایه‌كمان ده‌بوو و به‌پێی ئه‌و یاسایه هه‌رێمی كوردستان و شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق دڵنیا ده‌بوون له‌وه‌ی كه بودجه‌ى خۆیان وه‌رده‌گرن. كه‌واته چاره‌سه‌ری كه‌ركووك ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ڕێككه‌وتنێكی ته‌واو بكه‌ین له‌سه‌ر یاسای نه‌وت و غاز. كێشه‌ی دووه‌م پرسی خاكه، كێشه‌كه به‌وه چاره‌سه‌ر نابێت هه‌رێمی كوردستان بڵێت كه‌ركووك يان فلانه شوێن كوردستانه، به‌وه چاره‌سه‌ر نابێت، پێداگیریی به‌غداش له‌وه‌ی كه كورد هیچ مافێكی له كه‌ركووك نییه، به‌وه‌ش چاره‌سه‌ر نابێت. پێویسته هه‌ردوولا نه‌رمییان بۆ چاره‌سه‌ريی كێشه‌كه هه‌بێت. مادده‌یه‌كی ده‌ستووریمان هه‌یه پێی ده‌ڵێن مادده‌ی 140 له ده‌ستووری عێراقدا كه زیاتر له سه‌دا هه‌شتای گه‌لی عێراق ده‌نگی بۆ داوه، مادده‌یه‌ك هه‌یه كه جێبه‌جێ ببێت، ڕێگه‌چاره‌ی بۆ كێشه‌كه داناوه. ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت جێبه‌جێكردنی ئه‌م مادده ده‌ستوورییه‌یه و هیچی دیكه نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌م مادده ده‌ستوورییه جێبه‌جێ بكرێت، به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم نه كورد و نه هیچ پێكهاته‌یه‌كی دیكه له كه‌ركووك كێشه‌یان نامێنێت، به‌ڵام پاشخستنی چاره‌سه‌ریی پرسی كه‌ركووك و شوێنه‌كانی دیكه نابێت، بێگومان بابه‌ته‌كه ته‌نیا كه‌ركووك نییه، بابه‌ته‌كه شوێنه‌كانی دیكه‌شن، ئه‌و ناوچانه‌ی ئیمڕۆ پێی ده‌ڵین ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، ئه‌مه ده‌بێت به لێكگه‌یشتن و دانیشتن چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه، له‌وه زیاتر هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌كی دیكه نابینین.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: ڕۆڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌م دۆسیایه‌دا چییه؟ له سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا باستان له‌وه كرد كه له‌م كێشانه‌دا مێزی گفتوگۆی عێراقی دادوه‌ر ده‌بێت، كه‌واته ڕۆڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له دۆسیای كه‌ركووكدا چییه؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (UNAMI) له عێراقدا هه‌یه، ڕۆڵی (UNAMI) یارمه‌تیدانی نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه به‌مه‌به‌ستی یارمه‌تیدانی عێراقییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. سروشتی ئێمه له عێراقدا وایه كه ناتوانین خۆمان كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و نازانین. ڕۆڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌و پرسه‌دا ده‌توانێت ته‌نیا ڕۆڵێكی یارمه‌تیده‌ر بێت، له ئه‌نجامدا ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆمان، بۆ عێراقییه‌كان كه ده‌بێت دانیشین و چاره‌سه‌ریان بكه‌ین. نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ڕووی ته‌كنیكییه‌وه ده‌توانن زۆر زۆر یارمه‌تیمان بده‌ن، یارمه‌تيی ئێمه بده‌ن به‌وه‌ی هه‌ردوولا هان بده‌ن. باوه‌ڕ ناكه‌م نه به‌غدا و نه هه‌ولێر حه‌ز بكه‌ن هيچ لايه‌نێك ڕۆڵێكی له‌مه زیاتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ببينێت.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: با پرسیار له‌وه بكه‌م وه‌ك هاوكارم ده‌ستی پێكرد. جه‌نابى سه‌رۆك، ده‌رباره‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور، بۆچی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی هه‌ن وای داده‌نێن كه ئه‌م ماده‌یه ماده‌یه‌كی مردووه؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: چونكه نایانه‌وێت واقع ببینن، نایانه‌وێت واقعی عێراق ببینن، ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌ك وا بیر بكاته‌وه ئه‌وا تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق. با نموونه‌یه‌ك بهێنمه‌وه، شۆڕشی كورد ساڵی 1961 ده‌ستی پێكرد، ساڵی 1970 ڕێككه‌وتنی 11ی ئازار له‌نێوان خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزانی و حكوومه‌تی ئه‌و كاتی عێراقدا ئیمزا كرا، له‌و كاته‌دا خوالێخۆشبوو سه‌ددام خۆی هاته ناوپردان بۆئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه له‌گه‌ڵ بارزانی ئاماده بكات و دوای ئه‌وه له به‌غدا ڕێككه‌وتنی 11ی ئازار ڕاگه‌یه‌نرا، هه‌روه‌ك باسم كرد هه‌موو لایه‌ك به عه‌ره‌ب و كورد و هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه پێیان خۆش بوو، ساڵی 1974 كه به‌غدا پێى وابوو به‌هێزه، دووباره شه‌ڕی له‌گه‌ڵ شۆڕشی كورد و بارزانی كرده‌وه، نه‌یتوانی شۆڕشی كورد بشكێنێت ناچار بوو چوو له‌گه‌ڵ شای ئێران ڕێككه‌وتنی كرد و نیوه‌ی شه‌تولعه‌ره‌بی دا به ئێران، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نیوه‌ی شه‌تولعه‌ره‌به‌ش بگه‌ڕێنێته‌وه، هه‌شت ساڵ شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ئێران كرد، قه‌رزدار بوو كوێتی داگیركرد، ئه‌م مه‌ينه‌تييه، ئه‌مه مێژووی دوێنێیه، به‌ڵام چییه؟ بیركردنه‌وه بۆ چاره‌سه‌ر هه‌ڵه بوو! شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌كه ئه‌وه بوو كێ به‌هێزه و كێ لاوازه؟ پرسی كورد، مادده‌ی 140، كێشه‌كان به‌م فه‌رهه‌نگه، به‌م عه‌قلیه‌ته له عێراق چاره‌سه‌ر ناكرێن و مومكین نییه! كێشه‌ی خێزانێكه، ده‌بێ دانیشین به گفتوگۆ چاره‌سه‌ری بكه‌ین. ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێت مادده‌ی 140 مردووه، ئه‌وه تێگه‌یشتنێكی زۆر هه‌ڵه‌یه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بڵی مردووه، با بڵێت وه‌رن دانیشین و چاره‌سه‌رێكی دروستی واقعیانه‌ی بۆ بدۆزینه‌وه، چاره‌سه‌رێك كه له خزمه‌تی هه‌موو عێراقدا بێت.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: تایبه‌ت به ده‌ستوور و مادده‌ی 140 و به‌شداریتان له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور له‌و كاتدا. پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه هه‌موو كات له لێدوانه‌كانتاندا ده‌بینم باسی گه‌ڕان به‌دوای هاوبه‌شيدا ده‌كه‌ن، ئایا لایه‌ن هه‌ن كه به شێوه‌یه‌كی گشتی هاوبه‌شيى سیاسیی ئێوه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فيدراڵدا دا به‌رته‌سك بكاته‌وه؟ بۆچی ئه‌م لایه‌نانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاوبه‌شيتان له پرۆسه‌ى سیاسی كه‌م بكه‌نه‌وه؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ئه‌و هاوبه‌شييه، ته‌نیا باسی هاوبه‌شيى خۆمان ناكه‌ین وه‌ك كورد، پێمان وایه پێكهاته‌كانی دیكه‌ش ده‌بێت هه‌ست به‌وه بكه‌ن كه به‌شێكن له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا و ته‌نيا باسی كورد ناكه‌م، چونكه ئه‌و هاوبه‌شييه و گه‌یشتن به‌و بۆچوونه كه هه‌موومان به‌شێكین له‌م وڵاته، ئه‌مه ته‌نها كێشه‌ی كورد نییه، پێكهاته‌كانی دیكه‌ش هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه، بۆیه پێم وايه تا ئێستا گوتوومانه قۆناغی ڕاگوزه‌ره، به‌ڵام ته‌واو قۆناغی ڕاگوزه‌ر نییه. له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی زۆر گرنگى ئاینده‌داين، ده‌زانین زۆر هۆكاریش هه‌بووه كه پێشتر نه‌یانهێشووه به ڕاستی و به جددی فۆكه‌س بخه‌ینه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كێشه‌كانیش، داعش بووه. ساڵی 2014 له هه‌رێمی كوردستان (1100) كیلۆمه‌تر سنوورمان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بوو، دوو ملیۆن ئاواره‌مان هه‌بوو، نزیكه‌ی (10000) هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی ئێمه بریندار بوون، نزیكه‌ی (2000) پێشمه‌رگه‌ش شه‌هیدمان هه‌یه، بێگومان ئه‌مه ته‌نها له هه‌رێمی كوردستان نا، هه‌موو عێراقییه‌كان وایان به‌سه‌رهاتووه و قوربانییان داوه، ئه‌مڕۆ پێمان وایه دۆخێكی دیكه هاتۆته پێش، دۆخێك كه ده‌بێت پێكه‌وه دانیشین و ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
به‌شى سێيه‌م..
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: زۆر باسی گفتوگۆی سیاسیم كرد و هیوادار بووین به ڕیزبه‌ندی و به‌پێی مێژووی ژیان بچینه ناو سیاسه‌ت، به‌ڵام باسی سیاسه‌تمان كرد. به هه‌رحاڵ با كه‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه قۆناغی حه‌فتاكان، له حه‌فتاكان گوازرانه‌وه تاران و له زانكۆی تاران خوێندووتانه و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى شای ئێران ژیاون. باسمان بۆ بكه خوێندنتان چۆن بوو و ژیان له كاتی ده‌سه‌ڵاتى شا چۆن بوو؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ساڵی 1974 دوای نسكۆی شۆڕش چووینه ئێران، دوای شۆڕشى ئێران له ساڵی 1979 كه ئه‌و كاته ته‌مه‌نم 12 – 13 ساڵان بوو، دوو ڕووداو ڕوویان دا یه‌كه‌میان شۆڕشى ئێران بوو و دووهه‌میش له‌و كاته‌دا خوالێخۆشبوو باپیرم مه‌لا مسته‌فا كۆچى دوايى كرد. دوای شۆڕشى ئێران كه له ئه‌مه‌ریكا له نه‌خۆشخانه بوو، به‌ته‌ما بوو بگه‌ڕێته‌وه، له‌و كاته‌شدا باوكم ئیدریس له‌گه‌ڵيدا بوو، ئه‌و كاته كاك مه‌سعوود له‌وێ نه‌بوو، گه‌ڕابووه‌وه، له ئێران بوو، بێگومان بۆ من تێگه‌یشتنم كه‌م بوو، ئه‌وه نه‌بوو به ته‌واوی بزانم چی ڕوویداوه، به‌ڵام ده‌مزانی خۆشییه‌كی زۆر هه‌یه به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه شا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌ما. شا یه‌كێك له‌وانه بوو كه ڕێككه‌وتنی جه‌زائیرى كردبوو، يه‌كێك له هۆكاره‌كانى نسكۆی شۆڕشی كورد بوو، بێگومان بۆ خه‌ڵكی كورد به شێوه‌یه‌كی گشتی ڕووداوێكی زۆر گه‌وره بوو، زۆریش گرنگ بوو. له‌و ماوه‌يه‌دا له ئێران چووینه قوتابخانه و خوێندمان، من زانكۆم ته‌واو نه‌كرد، من به‌ته‌ما بووم بچمه ئه‌مه‌ریكا. یه‌كێك كه زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵ ده‌دام و كاره‌كانى بۆ ڕايى ده‌كردم تا بچمه ئه‌مه‌ريكا بخوێنم، خوالێخۆشبوو د. ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی بوو یادی به‌خێر. به‌ڕێزيان زۆر تێكه‌ڵى خێزانمان بوو، به‌تایبه‌تیش دۆستێكی زۆر نزیكى باوكم بوو، ئه‌و زۆر حه‌زی ده‌كرد و زۆر مه‌به‌ستی بوو كه بۆ به‌رده‌وامیی خوێندن بچمه ئه‌مه‌ریكا و هه‌موو كاره‌كان ته‌واو بوون. ئه‌و ڕۆژه‌ی كه به‌ته‌ما بووم بچم، ڕۆژی دوایی باوكم كۆچى دوايى كرد. كاك ئیدریس له ته‌مه‌نی 43 ـ 44 ساڵان به وه‌ستانى دڵ كۆچی دوایی كرد، دوای ئه‌وه به‌رپرسیاريه‌تيى خێزان و به‌رپرسیاريه‌تيى منداڵه‌كان زیاتر وای كرد كه نه‌متوانی بچمه ده‌ره‌وه. ئه‌و كاته جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانیی مامم له پێشمه‌رگایه‌تی بوو، ئه‌ویش نه‌یده‌توانی بگه‌ڕێته‌وه له‌به‌ر ئه‌ركى پێشمه‌رگایه‌تی و حزب و ماوه‌یه‌كی زۆری پێچوو تا گه‌ڕایه‌وه. قوتابییه‌كی زۆر زیره‌ك نه‌بووم له قوتابخانه، به‌ڵام خراپیش نه‌بووم، له بیركاری خراپ بووم، به‌ڵام له وانه‌كانی وه‌ك فه‌لسه‌فه و مێژوو و جوگرافیا و وانه‌كانی دیكه، قوتابییه‌كی زیره‌ك بووم. كه ده‌هاته سه‌ر بیركاری و ئه‌وانه زۆر باش نه‌بووم، خه‌ریكی وه‌رزشیش بووم كه له‌وساوه تا ئێستاش به‌شێكه له ژیانم.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: خاڵێكى گرنگتان باس كرد، به‌پرسياريه‌تيى له ته‌مه‌نێكى زووه‌وه، ده‌بێته‌هۆى پێگه‌يشتنێكى زياتريش ده‌داتێ، وايه؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: هه‌روه‌ك پێم گوتن له ته‌مه‌نێكی زۆر گه‌نجييه‌وه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی و فه‌رمانه‌كانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تييه‌م وه‌رگرت. له ژیانی سیاسیمدا كه ده‌ستم پێكردووه، هه‌میشه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵم خه‌ریك بووه و ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه له‌وه‌ی بێمه ناو ژیانی سیاسی و به‌رپرسیاريه‌تی وه‌رگرم. هه‌موو كه‌سێكیش له ژیانی خۆي‌دا هه‌ڵه ده‌كات و شتی باشیش ده‌كات، منیش وه‌ك هه‌ر مرۆڤێك له ژیانی سیاسیی خۆمدا هه‌ندێك شتی باشم كردووه، هه‌ڵه‌شم زۆر بووه، بێگومان ئه‌وه نییه هه‌ر شتی باشم كردووه و هیچ هه‌ڵه‌یه‌كم نه‌بووه، مرۆڤ هه‌ندێك جار سه‌یری ده‌كاته‌وه ده‌بینێت. گرنگ ئه‌وه‌يه مرۆڤ له ژیانی خۆی له‌و هه‌ڵانه فێر ببێت و بیكاته هێزێك بۆ ئاينده.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: سه‌ره‌تایه‌كتان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌ستپێكرد، به‌ڵام به پرسیارێكی خێرا، جه‌نابتان زمانی ئینگلیزی و فارسی ده‌زانن، نهێنی ئه‌وه چییه كه به زمانی عه‌ره‌بی قسه ناكه‌ن؟ بۆچی؟ قورسه؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ئه‌وه یه‌كێك له‌و شتانه‌یه كه من زۆر گله‌یی له خۆم ده‌كه‌م، ناڵێم سه‌ختيشه چونكه ئه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌ر شتێك بكاته ئیراده‌ی ده‌توانێت، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بۆ نموونه بۆ منداڵه‌كانم ئامۆژگارييان ده‌كه‌م پێیان ده‌ڵێم فێری عه‌ره‌بی ببن، به نه‌وه‌ی تازه‌ی كوردستانیش ده‌ڵێم خۆتان فێری زمانی عه‌ره‌بی بكه‌ن، په‌نا به‌خوا منیش خۆم فێر ده‌كه‌م.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: زمانی عەرەبی قورسە؟
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: قورسه، ئه‌وه‌نده ئاسان نییه، به‌ڵام پێویسته، زۆريش پێویسته.
ئه‌لشه‌رقييه نيووز: كاك نێچیرڤان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوكارم ئێمه‌ى برده‌وه ڕابردوو و بۆ مێژووی پێگه‌یشتنتانى گه‌ڕاندینه‌وه، له‌وانه‌یه باس له گواستنه‌وه‌كانتان بۆ شاره عێراقییه‌كان بكه‌ین، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌ر ده‌ستی ئێمه‌دان جه‌نابتان له‌و كه‌سایه‌تییه سیاسییانه‌ن كه سه‌ردانی به‌غداتان كردووه پێش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، هیچ شارێكی دیكه‌ی عێراق هه‌یه كه سه‌ردانتان كردبێت، هه‌روه??