جۆشوا لاندیز بەڕێوەبەری سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئۆكلاهۆما بۆ گوڵان: لاوازیی سووریا پێگەی ئێران و ئیسرائیلی بەهێزتر كردووە

جۆشوا لاندیز بەڕێوەبەری سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئۆكلاهۆما بۆ گوڵان:  لاوازیی سووریا پێگەی ئێران و ئیسرائیلی بەهێزتر كردووە
جۆشوا لاندیز كەسایەتییەكی ئەكادیمی ئەمریكییە و تایبەتمەندی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شارەزای كاروبارەكانی سووریایە، لە ئێستادا بەڕێوەبەری سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی ئۆكلاهۆما و لە هەمان زانكۆدا وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە: وەك ئیسلامی سیاسی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسلام، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخ، كولتوور و كۆمەڵگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیە.
* ئێوە كەسێكی شارەزای بارودۆخی سووریان و لە نزیكەوە چاودێریی پەرەسەندنەكانی ئەو وڵاتە دەكەن، ئایا هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ مامەڵەكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئەو وڵاتەدا چییە، كە ئێمە دەزانین مشتومڕێكی زۆر هەیە لەم رووەوە، كە هەندێك دەڵێن دەبوو ئەمریكا دەستێوەردانی زیاتری بكردایە و هەندێكی دیكە پێیان وایە دەبوو ئەمریكا زیاتر خۆی بەدوور بگرتایە؟
- لە راستیدا دەبێت لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لێكدانەوە و راڤەی هەڵەی بۆ دۆخی سووریا هەبوو، چونكە باوەڕی وابوو كە ئەگەر هەندێ پشتیوانیی ئۆپۆزسیۆن بكات، ئەوا لە كۆتاییدا دۆخەكە باشتر دەبێت، كە بینیمان باشتر نەبوو. بەڵام زۆرێك لە چاودێران پێیان وابوو ئەوەی ئەمریكا كردی هەم كەم بوو و هەم درەنگوەختیش بوو، لەگەڵ ئەوەشدا من پێم وانییە چارەسەری دۆخەكە لای ئەمریكا بێت، بە دەربڕینێكی دیكە پێم وانییە ئەگەر ئەمریكا پارە و چەكی بناردایە، ئەوا هەلومەرجەی ئەو وڵاتە بەرەو باشتر دەچووایە، بەڵكو بە پێچەوانەوە رەنگە بارودۆخەكەی هێندەی دیكە خراپتر بكردایە، لەلایەكی دیكەوە دەبێت ئاماژە بەوە بكرێت كە هیچ بەڵگەیەك نییە كە بتوانیت گریمانەی ئەوە بكەین كە ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی دەیتوانی بەرەیەكی یەكگرتوو پێك بهێنێت بە چەشنێك هەڵسوكەوتی بكردایە كە خۆی ئامادەبكردایە بۆ حوكمڕانیكردنی سووریا. بە شێوەیەك كە ئەگەر بهاتایە و ئەسەد لە دەسەڵات دوور بخرایەتەوە، یان دەسەڵاتەكەی بڕووخێندرایە ئەوا سووریا دەبووە گۆڕەپانی شەڕی لایەنە جیاوازەكان، كە ئەمەش مایەی كاولكاریییەكی زیاتر دەبوو بەراورد بەو كاولكاری و نەهامەتییەی لە ئارادا بوو، كەواتە هەر دەبوو ئەمریكا خۆی بە دوور بگرتایە لە بارودۆخەكە.

* باشە با لێرەدا پرسیارێكی دیاریكراوتر بكەین لەبارەی ئەدا و مامەڵەی ئیدارەی ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن، ئایا هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی و ریشەیی ئەم ئیدارەیە بەدی دەكەن بەراورد بە ئەدای ئیدارەكەی پێش خۆی؟
- ئەوەی لەم رووەوە شایستەی ئاماژەپێكردنە ئەوەیە كە ئەنتۆنی بلینكن كە ئێستا بۆتە وەزیری دەرەوەی ئیدارەكەی سەرۆك جۆ بایدن، بە ئاشكرا رایگەیاند كە یەكێك لە پەشیمانییە گەورەكانی ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما ئەوەبوو كە كاری زیاتری، یان دەستێوەردانی زیاتری نەكرد لە سووریا، واتە ئەو باوەڕی وابوو كە بە پشتیوانیكردنی زیاتری یاخیبووان و رەوانەكردنی چەكی زیاتر بۆیان، بارودۆخەكە بەرەو باشتر دەبوو و ئەمریكا دەیتوانی كاریگەرتر و كاراتر بێت بۆ گۆڕینی رەوشەكە بە ئاراستەیەكی باشتردا، بەڵام من هاوڕا نییم لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا و بە دیدی من نەدەبووە هۆی باشتركردنی هەلوومەرجی سووریا. گومان هەڵناگرێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەیتوانی دەسەڵاتی ئەسەد بڕوخێنێت، بەڵام كێشەكە ئەوە بوو كە ئایا بەدیلەكە چی دەبوو، كە ئێمە هیچ بیرۆكەیەكمان نەبوو كە كێ جێی دەگرێتەوە، لەبەر ئەوە پێم وانییە ئەم ئیدارەیە هیچ هەنگاوێك، یان گۆڕانكارییەكی دراماتیكی ئەنجام بدات، دواتر هەروەك لە وەڵامی پێشوودا ئاماژەم پێكرد چارەسەری دۆخی ئەو وڵاتە لای ئەمریكا نییە، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئێمە بینیمان كە ئەنتۆنی بلینكن لە بەرژەوەندیی كوردی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا قسەی كرد و ئەمەش پەرەسەندنێكی گرنگە و لەم رووەوە پێم وایە كارێكی زیاتر دەكات وەك لەوەی كە جەیمس جێفری- نێردەی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ سووریا كردی بۆ بەردەوامیدان و درێژەپێدانی هاوكاری و پشتیوانی بۆ باكووری رۆژهەڵاتی سووریا كە كوردی لێ نیشتەجێییە.


* ئەی پێت وانییە ئەمە كاردانەوەی وڵاتی توركیای لێ بكەوێتەوە؟
- بە دڵنیاییەوە ئەمە دەبێتەهۆی ئەوەی بكەونە كێشە و ناكۆكییەوە لەگەڵ توركیادا، بە چەشنی ئەوەی لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا روویدا، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە كە بەرپرسەكانی ئیدارەی بایدن بە ئەندازەی جەیمس جێفری، یان بەرپرسەكانی دیكەی ئیدارەی ترەمپ بە تەنگ رەچاوكردنی توركیاوە نین، لەبەر ئەوە بە شێوەیەكی گشتی رەنگە بتوانین بڵێین ئەگەری ئەوە هەیە ئەمە دەرئەنجامێكی پتر ئەرێنی بۆ كوردی سووریای لێ بكەوێتەوە.
* هەروەك دەزانن ئیسرائیل زۆر بە وردی و لە نزیكەوە چاودێریی بارودۆخ و پەرەسەندن و پێشهاتەكانی سووریا دەكات و چەندین جار هێرشی كردۆتەوە سەر چەند ئامانجێك لەو وڵاتەدا، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئیسرائیل سوودمەندی سەرەكییە لە دۆخی سووریا بەهۆی ئەوەی حكومەتی ئەو وڵاتە بە راددەیەكی زۆر لاواز بووە لە ئەنجامی شەڕە ناوخۆییەكەوە، یان بە پێچەوانەوە لە سووریادا دەرفەتی زیاتر بۆ ئێران دروست بووە، بۆ ئەوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست بكات؟
- با بەڕاشكاوی بێڵێین، ئێران نەبووەتە مایەی هەڕەشە و مەترسییەكی گەورە بۆ سەر ئیسرائیل، دواتر ئەوە شتێكی شاردراوە نییە كە ئێران دەیەوێت توانایەكی مووشەكیی زیاتر لە هەردوو وڵاتی سووریا و لوبنان دروست بكات، كە ئێران بانگەشەی ئەوە دەكات ئەمە بۆ بەرگری لەخۆكردنە، چونكە ئێران ترس و نیگەرانیی هەیە لەوەی ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی، كە ئەمەش ئەگەرێكی بەهێزە، بە تایبەتی كە پێشتر چەندین جار هەڕەشەی لەم چەشنەیان كردووە، بە تایبەتتر كە ئێستا گفتوگۆكان دەستیان پێ كردۆتەوە بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ نێو رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، كەواتە ئێران بنیاتنانی توانای موشەكیی لە سووریا و لوبنان بە ئامرازی بەرپەرچدانەوە لە دژی ئیسرائیل دادەنێت. دواتر ئیسرائیل هەمیشە ئەوە دووپات دەكاتەوە، كە ئێران هەڵمەتی دروستكردنی رق و قین لە دژی ئیسرائیل و تەنانەت جوولەكەش ئەنجام دەدات و هەوڵدەدات هەست و سۆزی موسڵمانەكان لە دژی ئیسرائیل بجووڵێنێت و خۆی بكاتە پاڵەوانی كێشەی فەلەستین، چونكە لەم رووەوە ئیسرائیل هۆكاری مەشرووعی خۆی هەیەكە هەست بە نیگەرانی بكات لە ئاست ئێراندا، بەڵام ئەگەر ئێمە باس لە هاوسەنگیی هێز بكەین، ئەوا ئیسرائیل زۆر بەهێزترە لە ئێران، چونكە ئیسرائیل چەكی ناوكیی هەیە و هێزێكی ئاسمانیی باشتری هەیە و خاوەنی تەكنەلۆژیایەكی پێشكەوتوتری مووشەكە بەراورد بە ئێران، كەواتە جگە لە ژمارەی سەرباز ئەوا ئیسرائیل لە هەموو روویەكی سەربازییەوە باڵادەست و پێشكەوتووترە، بەڵام ئاشكرایە كە ئیسرائیل هەوڵ دەدات هێندەی بكرێت ئێران لاواز بكرێت و هێندەی بكرێت سووریا لاواز بێت، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش هانی ئەم كارە دەدات بە بواردان بە ئیسرائیل بە هێرشكردنەسەر هەر ئامانجێك لە سووریا كە بیەوێت، ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان بە لاوازیی حكومەتی سووریا كرد كە پێم وایە لاوازبوونی ئەم حكومەتە بۆتە هۆی ئەوەی نەتوانێت بەرهەڵستیی خواستەكانی ئێران بكات، ئەمەش بۆتە مایەی بەهێزبوونی ئێران، لە هەمان كاتدا لاوازیی ئەسەد مایەی بەهێزبوونی ئیسرائیلیشە، چونكە ئەوەتا ئیسرائیل بەردەوام هێرش لە ناو خاكی سووریادا ئەنجام دەدات بە بێ ئەوەی حكومەتی سووریا بتوانێت بەرهەڵستی بكات، كەواتە لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین هەردوو وڵات (ئێران و ئیسرائیل) سوودمەند بوون لە لاوازیی سووریا، ئێستا لوبنانیش بەهۆی بارودۆخە خراپە ئابوورییەكەیەوە تەواو لاواز بووە، كەواتە بەراورد بە رابردودا هەردوو وڵات لە پێگەیەكی باڵادەستردان. هەروەها دەتوانین بڵێین توركیاش لە پاڵ ئێران و ئیسرائیلدا لە پێگەیەكی بەهێزتردان و عەرەب بەهۆی شەڕەكانی نێو جیهانی عەرەبی و بەهۆی ئەو دۆخە سەختە ئابوورییەی پێیدا تێدەپەڕن لە پێگەیەكی لاوازدایە، بە تایبەتی لە سووریا و لوبنان.
* چۆن لە ئایندەی سووریا دەڕوانن لە رووی باشترین و خراپترین سیناریۆ كە چاوەڕوانی ئەو وڵاتە بكات؟



- ئەوەی ئاشكرایە سووریا رێگایەكی دورودرێژ و دژواری لە پێشە بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتەكەی، ئێمە دەزانین بە رەوتێكی لەسەرخۆی پڕۆسەی بنیاتنانەوە لە سووریا دەستی پێكردووە، راستە هێشتا ناسەقامگیرییەكی زۆر هەیە، میلیشا و مەترسیی دیكە هەیە و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدرێت، كەواتە نائارامییەكی زۆر هەیە و خەڵكیش دوچاری هەژارییەكی گەورە بوونەتەوە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین كە خەڵكی سووریا خەڵكێكی بەهرەمەندن و پێشتریش وڵاتی خۆیان بنیاتناوەتەوە و جارێكی دیكەش دەتوانن ئەم كارە بكەن، هەروەها من پێم وایە لە سایەی ئیدارەی جۆ بایدندا خواستێكی كەمتر هەیە بۆ ئازارگەیاندن بە سووریا لە رووی ئابوورییەوە، راستە رەنگە ئیدارەی بایدن سزاكانی سەر سووریا هەڵنەگرێت، بەڵام بۆی هەیە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا كە بەرپرسە لە جێبەجێكردنی سزاكان، هەندێ سستی بنوێنێت و بە هەمان ئەندازەی توندیی پێشوو جێبەجێیان نەكات، رەنگە ئەمەش جیاوازی دروست بكات، چونكە بۆی هەیە وەبەرهێنەران بگەڕێنەوە بۆ نێو ئەو وڵاتە و هێندەی رابردوو ترس و نیگەرانییان نەبێت، لەم رووەوە دەروازەیەك دەكاتەوە، كە ئەمەش پێویستییەكی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بەگشتی، واتە گرنگە بۆ لوبنان ئەگەر بیەوێت لەم نەهامەتییە ئابوورییە رزگاری ببێت، هەروەها گرنگە بۆ ئەردەن بۆ ئەوەی ئابوورییەكی تەندروست بنیات بنێتەوە، لە هەمان كاتدا بۆ عێراقیش، چونكە پێویستە عێراق و سووریا دوو هاوبەشی بازرگانی گەورەی یەكتر بن، هەروەها دەبێت عەرەب خۆی هەوڵەكانی بخاتەگەڕ لەم رووەوە و كار بكات بۆ تێپەڕاندنی شەڕی تایەفەگەری و توندڕەوی و پتر تەركیز لەسەر پەرەپێدانی ئابووری و پەروەردە و گەیشتن بە جۆرێك لە لێكتێگەیشتن بدەن لە نێو خۆیاندا، بۆ ئەوەی دەوڵەتە دراوسێكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاریان نەهێنن.
Top