گریگۆری گۆس سەرۆك بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی تێكساس بۆ گوڵان: گفتوگۆكانی ڤیەننا هەنگاوی باشن بۆ بنیاتنانەوەی متمانە لە نێوان ئەمریكا و ئێران

گریگۆری گۆس سەرۆك بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی تێكساس بۆ گوڵان:  گفتوگۆكانی ڤیەننا هەنگاوی باشن بۆ بنیاتنانەوەی متمانە لە نێوان ئەمریكا و ئێران
گریگۆری گۆس بڕوانامەی دكتۆرای لە زانستی سیاسی لە زانكۆی هارڤار بەدەست هێناوە و لە ئێستا پڕۆفیسۆر و سەرۆك بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە سكووڵی بوش بۆ حكومەت و خزمەتی گشتی لە زانكۆی تێكساس، پێشتریش پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی بووە لە زانكۆی ڤێرمۆنت و سەرۆكی بەشی زانستی و هەروەها بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە زانكۆی ڤێرمۆنت، خاوەنی سێ كتێب و چەندین توێژینەوەیە لەبارەی رۆژهەڵانی ناوەڕاست، بە تایبەتی نیمچە دوورگەی عەرەبی و كەنداوی فارسی. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا كە تەوەرە سەرەكییەكانی بریتی بوون لە پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی ناوچەی كەنداو و كێشە و ناكۆكی و بارگرژییەكانی ئەم وڵاتانە لەگەڵ ئێران و رۆڵی ئەمریكا لەو كێشانەدا.
* بەم دواییە وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو، توانیویان بەسەر كێشە و ناكۆییەكانیاندا زاڵ بن، بەتایبەتی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەر ئاسایی بكەنەوە و ئابڵوقە و گەمارۆكانی سەر ئەو وڵاتە كۆتایی پێ بهێنن، ئێوە چۆن لەم پەرەسەندنانە دەڕوانن و ئایا هۆكار و پاڵنەری سەرەكیی ئەم ئاشتبونەوانە چی بوون؟
- لە راستیدا دەتوانین بڵێین پاڵنەری سەرەكی لەم رووەوە بریتی بوو لەو فشارەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا مومارەسەی كرد لە ئاست ئەم وڵاتانەدا، بەو پێیە هەم خواستی ئیدارەكەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ ئەوەی سەركەوتنێك تۆمار بكات پێش ئەوەی دەسەڵات جێبهێڵێت و هەمیش خواستی دەوڵەتانی كەنداو بوو بۆ ئەوەی دیاری و دەستكەوتێك پێشكەش بە ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆ بایدن بكات، تا پەیوەندییەكانیان بكەوێتە سەر سكەیەكی ئاسایی، هەروەها شكستهێنانی بایكۆتەكە لە ناچاركردنی قەتەر بە گۆڕینی هەڵوێست و سیاسەتەكانی رۆڵی هەبوو، بەڵام ئەوەی رۆڵی سەرەكیی هەبوو بریتی بوو لە دەستێوەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
* ئاشكرایە كە وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو، بەتایبەتی عەرەبستانی سعودیە لە باری بارگرژی و رووبەڕووبونەوەدان لەگەڵ وڵاتی ئێراندا، پرسیارەكە ئەوەیە بە تێڕوانینی ئێوە ئایا هۆكار و دەرئەنجامەكانی ئەم بارودۆخە چین؟
- ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكار یی كەنداو دید و تێڕوانینی جیاوازییان هەیە لە ئاست ئێراندا، ئەوەتا عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات و بەحرەین، ئێران بە هەڕەشەیەكی گەورە دەزانن، لە كاتێكدا عومان و كوەیت پێیان وایە ئێران دەوڵەتێكی دراوسێی دژوارە كە دەبێت كار و مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، لە كاتێكدا تێڕوانینی قەتەر لە ئاست وڵاتی ئێراندا ئەوەیە كە دەكرێت وەك هاوبەشێك لەگەڵ ئەوە وڵاتەدا مامەڵە بكرێت. دواتر دەبێت ئەو راستییە لە بیر نەكەین كە ركابەریی هەردوو وڵاتی سعودیە و ئێران رەگ و ریشەیەكی تایەفەگەریی نییە، وەك ئەوەی چەندین چاودێری دەرەكی باوەڕیان وایە كە ئەمە حاڵەتەكە بێت، بەڵكو ئەوەی دەگوزەرێت ئەوەیە كە مەسەلەكە ململانێی هاوسەنگی دەسەڵاتە كە رەنگدانەوە و كاریگەریی هەبووە لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی دەوڵەتە عەرەبییەكان، كە ئەوە بوو حكومەتەكان لاوازكران، یان روخێندران وەك (سووریا، یەمەن، عێراق، لوبنان، خاكی فەلەستین) بەڵام دەكرێت جیاوازییە تایەفەگەرییەكانیش ئاو بكەن بە ئاشی ركابەریدا، بەتایبەتی كە دەبینین لەم شەڕە ناوخۆیی و ناكۆكییانەدا وڵاتی ئێران پشتیوانیی گرووپە شیعەكان و عەرەبستانی سعودیەش پاڵپشتی گرووپە سوننەكان دەكات، بەڵام دەتوانین بڵێین كە جەوهەر و بنەڕەتی ناكۆكییەكە جیۆپۆڵەتیكە، واتە هەردوو دەوڵەتەكە دەیانەوێت بە ناوی ئیسلامەوە بدوێن و هەردوو دەوڵەتەكەش دەیانەوێت بەسەر ناوچەكەدا باڵادەست بن.


* ئێوە لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا ئاماژەتان بە رۆڵ، یان بڵێین فشاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد لە خاوكردنەوەی گرژییەكانی ناوچەی كەنداودا، چۆن لە رۆڵی ئەمریكا دەڕوانن لە ئاست ئەم ناوچەیە، و بە تێڕوانینی ئێوە ئایا ئەو رێچكە بەرپرسیارانە و واقیعبینانە چییە كە پێویستە ئەمریكا بیگرێتەبەر، بۆ ئەوەی مامەڵەیەكی بنیاتنەرانە لەگەڵ تەحەددییەكانی ئەم ناوچەیەدا بكات؟
- لە راستیدا بە پێچەوانەی باوەڕی زۆر وڵاتی ناوچەكە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كەنداوی فارسی ناكشێتەوە، بەڵكو ئەوەی روودەدا ئەوەیە كە ژمارەی هێزەكانی لە وڵاتی ئەفغانستان و رەنگە بە تێپەڕبوونی كاتیش ژمارەی هێزەكانی لە عێراق و سووریا كەم بكاتەوە، بەڵام هەندێ بنكەی پەیوەست بە بوونی سەربازی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو لە هەندێ وڵاتی بچوكی كەنداودا دەمێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەكی گشتی دەكرێت بگووترێت رۆڵی ئەمریكا لە كەنداو بەراورد بە رۆڵی ئەمریكا لە سەردەمی جورج بوشی كوڕدا كەمتر دەستێوەردان بە خۆوە دەبینێت، واتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن پتر كار لەسەر درێژەدان و هێشتنەوەی بارودۆخی ستراتیژی هەنووكەیی دەدات. حاڵی حازر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سایەی ئیدارەی جۆ بایدندا هەوڵدەدات لە بارەی پرسی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بكات، بەئومێدی ئەوەی كە سەركەوتن لەم پرسەدا بە تێپەڕبوونی كات سەردەكێشێت بۆ هاتنەئارای پەیوەندییەكی پتر ئاسایی، بە هەمان ئەندازەی ئەوەی كە ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما هیوای بۆ دەخواست.
* ئەوەی روونە ئەوەیە كە هەڵوێست و سیاسەتەكانی شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە (محمد بن سەلمان) مایەی مشتومڕێكی زۆرن، بە تێڕوانینی ئێوە لە كوێدا سیاسەتێكی سەركەوتووانە و ئەدایەكی باشی هەبووە و لە كوێدا نەیتوانیوە ئامانجەكانی بەدی بهێنێت؟
- دەستكەوت و سەركەوتنەكانی شازادەی جێنیشین محمد بن سەلمان دەستكەوتی بەرچاون لەسەر ئاستی كاروبارە ناوخۆییەكان، لە نێویاندا دەتوانین ئاماژە بكەین بە بەشداریی ئافرەتان لە ژیانی گشتیی سعودیەدا، لەگەڵ هەنگاوهەڵگرتن بۆ گرتنەبەری سیستمێكی درێژخایەنتری باج، و هەوڵەكانی بۆ هاندان و بوژاندنەوەیی كەرتی تایبەت، بەڵام ئایا ئەو گۆڕانكارییە درێژخایەنە ئابوورییانەی كە شازادەی جێنشین پلانی بۆ داڕشتوون سەركەوتوو دەبن، یان نا، ئەوا دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین. ئەوەی پەیوەست بێت بە سیاسەتی دەرەكییەوە، ئەوا چەند هەنگاوێكی هەڵەی هەڵگرت كە بوونە هۆی لەكەداركردنی نێوبانگی ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەورووپا، بە چەشنی بایكۆتی قەتەر. هەروەها شەڕی یەمەن كە دەزانین بۆتە بارگرانی بەسەر شازادەی جێنشینەوە، هەروەها ئاشكرایە كە هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیمارات نەیانتوانی شەڕەكە لە رووی سەربازییەوە یەكلا بكەنەوە و پێناچێت بتوانن لە رووی دیپلۆماتییەوە كۆتای پێبهێنن.
* لە دوایین وتاردا كە لە گۆڤاری فۆرێن ئەفێردا بڵاوت كردۆتەوە و باست لەوە دەكردووە كە تەنیا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ شازادی جێنشینی سعودیەدا بكات، پێشنیاری ئەوەت كردووە كە نابێت ئەمریكا هەوڵی گۆشەگیركردنی بدات، بەڵكو گوشاری لەسەر دروست بكات، بە تێڕوانینی ئێوە ئایا ئەو وڵاتە چ كاردانەوەیەكی دەبێت لە ئاست ئەو گوشارانەدا؟
- بە تێڕوانینی من ئەگەر بێتوو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە شێوەیەكی نهێنی، بە پەنهانی و بە چەشنێكی دیپلۆماتی مومارەسەی گوشارەكانی بكات، ئەوا وەڵامدانەوەی دەبێت، ئەو دەزانێت كە زۆرێك لە دەستپێشخەرییەكانی پەیوەست بەو سیاسەتە دەرەكییەی گرتیەبەر دەرئەنجامی پێچەوانەیان لێ كەوتۆتەوە. ئەو لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی رێگایەك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن، هیچ سەركردەیەك نییە كە بیەوێت بە شێوەیەكی ئاشكرا و لەلایەن هێزە دەرەكییەكانەوە گوشاری لەسەر دروست بكرێت، بەڵام پێم وایە وەڵامدانەوەی دەبێت بۆ دیپلۆماتییەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
* كەواتە پێت وایە مامەڵە و هەڵوێستی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن لە ئاست سعودیە چ جیاوازییەكی هەیە لەگەڵ ئیدارەی پێشوی خۆیدا (ئیدارەی سەرۆك ترەمپ)؟
- ئاشكرایە كە سەرۆك جۆ بایدن هەڵوێستێكی توندتری گرتۆتەبەر لە ئاست وڵاتی عەرەبستانی سعودیەدا بەراورد بە ئیدارەكەی پێش خۆی، چونكە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ مامەڵەیەكی گەرموگۆڕی لەگەڵ حوكمڕانیی ئەمری واقیعی ئەو وڵاتە (محمد بن سەلمان) دا دەكرد.
* هەروەك دەزانین كە بێ متمانەییەكی زۆر هەیە لە نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، پێدەچێت ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن ئامادە بێت، ئەگەر نەڵێین پێداگرە، لەسەر دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەگەڵ ئێراندا، بە رای ئێوە ئەو مەرجە پێشوەختانە چین بۆ گرتنەبەری هەنگاوی پەیوەست بە بنیاتنانی متمانەوە لە نێوان ئەم دوو وڵاتە ركابەرەدا، بەلای كەمەوە بۆ گەڕانەوە بۆ نێو رێككەوتنی ئەتۆمی؟
- پێم وایە گرنگترین خاڵی دەستپێك لەم رووەوە گەڕاندنەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتی ئێرانە بۆ نێو ئەوەی پێی دەگووترێت پلانی هاوبەشی گشتیی كاركردن (رێككەوتنە ناوكییەكە). كە حاڵی حازر لەو گفتوگۆیانەی كە لە شاری ڤیەننا ئەنجام دەدرێن ئەمەش روودەدات.
* پێشبینییەكانت چین بۆ ئایندەی ناوچەی كەنداو لە رووی باشترین و خراپترین سیناریۆوە؟
- لە راستیدا من پێم وایە ئەمە پرسیارێكی زۆر گەورەیە و ناتوانم لە میانەی دیمانەیەكدا وەڵامی بدەمەوە.
Top