موزەفەر سابیر بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی پارێزگای هەولێر بەوەكالەت، بۆ گوڵان: رۆژانە تیمەكانمان دەردەچن بۆ چاودێریی بازاڕەكان
April 17, 2021
دیمانەی تایبەت
چاودێریكردنی بازاڕ بۆ ئەوەی كواڵیتی كاڵاكان باش بن و نرخەكانیشیان گونجاو بن، كار و ئەركێكی گرنگە كە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی ئەنجامی دەدات، ئەم پرسانەش بوونە تەوەری سەرەكیی دیمانەیەگی گوڵان لەگەڵ موزەفەر سابیر بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی پارێزگای هەولێر بە وەكالەت.* چاودێریی بازرگانی لایەنێكی گرنگە بۆ چاودێریكردن لەسەر نرخ و كوالێتی هەموو كەلوپەل و خۆراك و سەوزەومیوەكان لە ناو بازاڕ و دوكانی شار و شارۆچكەكان، ئایا وەك چاودێریی بازرگانی چۆن ئاگادار و چاودێریی بازاڕ دەكەن بۆ ئەوەی نرخ بەرز نەكرێتەوە و كوالێتی كەلوپەل و خۆراكەكانیش ستاندارد و بەپێی پێویست بن؟
- ئێمە رۆژانە بۆ چاودێریی بازاڕ و شوێن و ماركێتەكان پلانمان هەیە، كە لە رێگای چەند تیمێكەوە كە رۆژانە دەردەچن و سەردانی بازاڕ دەكەن، هەر چەندە بەهۆی ئەو قەیرانەی چەند ساڵێكە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، ئێستا تیمەكانمان كەمن و بەپێی پێویست نین، ئەمەش وایكردووە كە نەتواندرێت فەرمانبەر و كارمەند بەپێی پێویست دابمەزرێت، لەلایەكی دیكەشەوە نەبوون، یان كەمیی ئۆتۆمبێل كە زۆر پێویستە بۆ دەرچوون و سەردانی تیمەكان بۆ بازاڕ و شوێنەكان، ئێستا تەنیا چوار ئۆتۆمبیلمان هەیە كە ئەمەش وادەكات تەنیا چوار تیم بۆ ناو شاری هەولێر دەربچن، ئەمەش ژمارەیەكی زۆر كەمە بەتایبەتی بۆ شارێكی وەك هەولێر كە زۆر بەرفرەوان بووە و زۆربەی گەڕەكەكان بازاڕیان هەیە، هەروەها لەبەر كەمیی تیمەكان و كەمیی ئۆتۆمبیل رۆژانە بەپێی پلانێك دەردەچن بۆ گەڕەكێك، یان بۆ بابەتێكی دیاریكراو بۆ نموونە بۆ بەدواداچوون بەسەر گۆشتفرۆشەكان تیمەكان دەردەچن و پشكنین و بەدواداچوونی ورد و تەواو ئەنجام دەدەن، بەپێی ئەو نرخ و كوالێتییانەی بۆیان دیاریكراوە، بە هەمان شێوە رۆژێكی دیكە تیمەكان بۆ بەدواداچوونی سەمونخانە و نانەواخانەكان دەردەچن، پاشان هەر تیمێك لەوانەی دەرچوون، راپۆرتی خۆی ئامادە دەكات و پێشكەشی دەكات و هەر شوێن و دوكان و فرۆشیارێك سەرپێچیی هەبێت، ئەوا بەپێی یاسا و رێنماییەكان لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و لێپێچینەوەكانیش لە ئاگاداركردنەوەوە تا پێبژاردن و داخستنی شوێنەكان دەبێت، پێبژاردنكانیش لە 50هەزار دینار تا یەك ملیۆن دینار دەبێت.
* لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دەبینین چەندین كاڵاو كەرستەی خۆراكی بەرزبوونەوەی نرخیان بەخۆوە بینیوە، ئایا هۆكارەی ئەمە چییە و بەدواداچونتان بۆ كردووە، یان نا؟
- بێگومان هەر كاڵاو كەلوپەلێك نرخی بەرزببێتەوە ئەوا بەدواداچوونی بۆ دەكەین و لێكوڵینەوەی لەسەر دەكەین، بۆ نموونە: ئێستا نرخی زەیتی خۆراك بەرزبۆتەوە و بەرزبوونەوەكەشی یەكجار زۆرە كە بوتڵێكی زەیتی زێڕ لە 1250 دینار بۆتە 2750 دینار، لە هەندێ بازاڕ و شوێنیش بۆتە 3000 دینار، بۆ ئەو بابەتە لێكوڵینەوەمان ئەنجام داوە كە هۆكارەكان بەمشێوەیەیە، یەكەم: پێش ئەوەی دۆلار لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەرزببێتەوە، لە جیهان زەیت تا ئاستێك نرخی بەرز بووەوە و لە دوای ئەوەش لە عێراق و كوردستان دۆلاریش بەرزبووەوە، ئەوەش وایكرد جارێكی دیكە زەیتی خواردن بەرزبوونەوەیەكی دیكەی لە نرخەكەی بەخۆوە دیت، لەبەر ئەوەی هاتنی زەیت و زۆربەی كاڵا خۆراكییەكانمان لە دەرەوە بە دۆلار دەهێندرێت، هەموو كاڵا هاورەكراوەكان لە24%ی هاتۆتە سەر، لە سەردان و بەدواداچونەكانمان هەر دوكان و بازرگانێك لەو رێژەییە زیاتر كە دیاریكراوە بفرۆشێت ئەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت، لەلایەكی دیكەوە هەر كاڵایەك هاوردەكراوبێت، ئێمە لە بازرگانەكان داوای مانێفێست دەكەین، بۆ نموونە: زەیت مەوادە سەرەتاییەكەی لە ئۆكرانیا دێت و لەوێ لە سەرچاوەكەی نرخی بەرزبۆتەوە و رێژە و بڕی گوڵەبەڕۆژە كەمی كردووە، ئەو كاڵاو خۆراكانەی لە هەرێمی كوردستانیش ئامادە و پڕدەكرێت، ئەوانیش مەوادە سەرەتاییەكانیان گرانبووە، بەڵام ئێمە چاودێریی وردی نرخەكان دەكەین كە دەبێت قازانجی كاڵاكان لە نێوان 10 بۆ 15% بێت هەر كەسێك لەمە زیاتر بفرۆشێت، دەچێتە چوارچێوەی ئیستیغلالكردن و جێگای قبول نییە، بەپێی رێنماییەكان سزاو لێپێچینەوە دەرهەق بەو كەس و بازرگان و دوكاندارانە ئەنجام دەدرێت.
* ئایا بەچ شێوەیەك چاودێریی كۆگا و ساردكەرەوەكان دەكەن؟
- ئێمە بۆ كۆگاكان تیمێكی تایبەتمان هەیە كە سەردان و بەدواداچوون تەنیا بۆ كۆگاكان دەكات و هیچ كارێكی دیكیان لە ئەستۆ نییە، گەرچی تیمێك بۆ ئەو مەبەستە بۆ شاری هەولێر زۆر كەمە، چونكە تەنیا لە رێگای گوێر 2800 كۆگای جۆراوجۆری گەورە و بەرفرەوانی لێیە كە هەر كۆگایەكی 1000مەتر چوار گۆشەیە، ئەو ژمارە كۆگایانەش بە تیمێكی سێ كەسی ناتواندرێت بە باشی كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئەو كەسانەی لەو تیمەدان شارەزای باشیان هەیە كە سەردانی كۆگاكان دەكەن هەر سەرپێچیەك ببینن تۆماری دەكەن و پاشان بە راپۆرت بەرزدەكرێتەوە و لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەن كۆگاكە دەكرێت، چاودێری و سەردانەكانی كۆگاكان بۆ مەبەستی ماوەی بەسەرچوون و ماوەی كۆگاكردنیان و رەشبوونەوەی ستیكەرەكان و هەموو شتێكی كاڵاكان ئەنجام دەدەن، هاوكات تیمەكانمان تایبەت سەردانی سەربڕخانەو گۆشتفرۆشەكان دەكەن.
* وەك دەزانین ساڵانە لە بۆنە نەتەوەیی و ئایینییەكاندا كاڵاو شتومەكی خواردن و خواردنەوە لە بازاڕەكان نرخیان بەرز دەبێتەوە، ئایا بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز چ بەرنامەیەكتان داناوە تاوەكو نرخ بەرز نەكرێتەوە؟
- وەك ئاماژەمان پێ دا رۆژانە تیمەكانمان بۆ چاودێری و بەدواداچوونی نرخ و كوالێتی سەردانی بازاڕ و دوكان و فرۆشگاكان دەكەن، بەڵام ئێمە پلانمان هەیە و خۆمان ئامادە كردووە سەردان و بەدواداچوونی تیمەكانمان بۆ بازاڕ لە مانگی رەمەزانی پێرۆزدا زۆرتر و زیاتر بكەین، بەڵام بەداخەوە نەك هەموو كەسێك بەڵكو هەندێك لەو دوكاندارو فرۆشیارانەی خۆمان ئەو جۆرە بۆنەو مانگانە بۆ قازانجی زیاتری خۆیان دەقۆزنەوە كە ئەوەش لەلایەن لێژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەت و پارێزگا یو چاودێری بازرگانییشەوە جێگای قبوڵ نییە و ئیجرائاتی توند دەرهەق بەو شوێن و كەسانە دەكرێت.
* ئایا ژمارەی ئەو ئاشانەی كە ئارد بەرهەم دەهێنن لە شاری هەولێر بۆ بەشە ئازوقەی هاووڵاتیان چەندە و بۆچی گلەیی زۆریان لەسەرە، بەتایبەتی لەوەی ئەو ئاردەی هاووڵاتیان وەری دەگرن نابێتە نان؟
- لە شاری هەولێر 15 ئاش هەیە كە بەشە ئاردی هاووڵاتیان ئامادە دەكات كە بەپێی پسوولەی ئازووقە دابەش دەكرێت، ئەو ئاشانە سەر بە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵن و لە لایەن بەغداوە بڕی گەنم بۆ ئەو ئاشانە دیاری دەكرێت، بەپێی گەورەیی ئاشەكە و ئاستی بەرهەمهێنانی ئاردەكە و دابینكردنی گەنمەكەش هەر لەلایەن عێراقە، پارەی گەنمەكەش كە بۆ هەر تەنێك 10 دۆلارە ئەوە عێراق دەیدات و كەپەكەكەش خاوەن ئاشەكان بۆ خۆیان دەیفرۆشن و كاری ئێمەش وەك چاودێریی بازرگانی، چاودێریی ئاردەكەیە كە جۆرێكی باش و گونجاو بەرهەمبێنن، كە بەكەڵكی نانكردن بێت، هەر ئاشێكیش دوو فەرمانبەری خۆی هەیە جگە لە تیمی ئێمە چاودێریی بەرهەمهێنانی باشی و كوالێتی بەرزی ئاردەكە دەكەن، بەڵام هەندێك جار پرسیاری ئەوە دەكرێت بۆ ئاردەكە نابێتە نان، هەر بۆ نموونە وەك ئەو ئاردەی لە ماوەی چەند مانگی رابردوو گلەیی زۆری لەسەر بوو كە هاووڵاتیان دەیانگووت نابێتە نان، بێگومان ئەوە راستبوو ئاردەكە خراپ بوون لەبەر ئەوەی ئەو گەنمەی ئەو ماوەییە لەلایان ئاشەكان كرابووە ئارد، ئەوە لە سایلۆی هەولێر وەرگیرابوو و ئەو گەنمەش سن و كیسەڵە لێی دابوو، ئەو زیندەوەرەش رۆحی گەنمەكە دەكوژێت، كە مادەیەكی تێدایە بەناوی گلوتین، بەمەش وای لە ئاردەكە كردبوو نەبێتە نان، چونكە ئەو مادەییە جیڕی و پێز بە هەویرەكە دەدات، لەلایەكی دیكەوە پێشتر گەنمی هاوردەكراوی وەك گەنمی ئوسترالی و كەنەدی و ئەمریكی لەگەڵ گەنمی خۆمان بەرێژەی 40% تێكەڵ دەكرا، بۆ ئەوەی ئاردەكە جۆرێكی باش بێت و بۆ نانكردن گونجاوبێت، گەرچی ئێستا گەنم لەلایەن عێراقەوە هاوردە ناكرێت و لەم لایەنەشەوە ئێمە سەر بە عێراقی فیدراڵین و دابەشكردن و هێنانی گەنمیش ناوەندییە، ئێستا ئێمە گەنمی هاوردەكراومان نییە و لەكاتێكدا گەنم بەشی بەشە ئاردی ناوخۆی نەكرد هەر پارێزگاو ناوچەیەكیش گەنمی خۆی دەكاتە ئارد، بۆ نموونە ئەو ساڵ ئێمە لە هەولێر تەنیا 390هەزار تەن گەنممان لە سایلۆ هەولێر وەرگرتووە و ئەو 390 هەزار تەنەش بەشی بەشە ئاردی هەولێر ناكات، لەو كاتەدا بەغدا بڕیار دەدات لە فڵانە سایلۆی فڵانە پارێزگا گەنم بۆ ئاشەكانی هەولێر بێت، لێرەدا بۆی هەیە بپرسن بۆچی ئەو گەنمە خراپە وەرتانگرتووە؟
* بۆچی لەناكاو لە چەند رۆژی رابردوو نرخی مریشكی كێڵگەكانی ناوخۆ لە بازاڕەكانی شاری هەولێر زۆر بەرزبۆتەوە، بە پێچەوانەشەوە هێلكە بەگشتی نرخی بەرەودابەزین دەچێت؟
- هەموو ئەو جۆرە حاڵەتانە كە روو دەدات ئەوە تیمەكانمان بەدواداچوونی مەیدانیی بۆ دەكەن، تیمەكانمان سەردانی نووسینگەكانی تایبەت بە پەلەوەر و مریشكفرۆشی دەكەن بۆ ئەوەی هۆكاری ئەو زیادبوونی نرخەی لەناكاوە بزانین كە بۆچی دەگەڕێتەوە، ئەمجارەی بەرزبوونەوەی نرخی مریشكی كێڵگەكانی ناوخۆ بۆ ئەو هۆكارانە دەگەڕێتەوە، یەكەم: مریشكی زیندوو رۆژانە زیاتر لە(200) هەزار مریشك بە قاچاخ بۆ شارەكانی ناوەراست و خوارووی عێراق دەرووات، دووەم: نرخی جووجەڵەو عەلەف بەشێوەیەكی گشتی لە سەرچاوەی خۆیەوە واتە لە توركیا گرانبووە، بۆ نموونە نرخی جووجەڵە لە 500دینارەوە بۆتە 1250دینار و نرخی هەر تەنێك لە عەلەف 200 تا 300 هەزار دیناری چۆتەسەر و گرانبووە، سێیەم: ئێستا خاوەن پڕۆژەو كێڵگەكانی بەخێوكردنی پەلەوەر بەرهەمیان كەمترە، چونكە لەماوەی رابردوو زەرەرمەندبووبوون بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرە ئەنفلۆنزایەك كە تووشی مریشك بوو، كە بە هەزار مریشك بەم هۆیەوە مردن، سەرئەنجام خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر زەرەری زۆریان كرد. بەڵام خۆشبەختانە نرخی هێلكە ماوەی هەفتەیەكە لە دابەزیندایە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆكارانە، یەكەم: لە وەرزی بەهار بەروبوومی شیر زۆر دەبێت و خەڵك كەمتر هێلكە بەكاردەهێنن، دووەم: بوونی هێلكەی توركی لە بازاڕدا كە نرخی كارتۆنێكی دابەزیووە بۆ(57 بۆ 58) هەزار دینار، سێیەم: هەموو ساڵێك لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆزدا نرخی كارتۆنی هێلكە 7تا8 هەزار دینار دادەبەزێت.