دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك بۆ گوڵان: لە ماوەی رابردودا 32 ملیار دینار بۆ پڕۆژەكانی دهۆك تەرخان كراوە و پێشبینی دەكەین رەزامەندی لەسەر 40 ملیاری دیكەش بدرێت، بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكە

دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك بۆ گوڵان: لە ماوەی رابردودا 32 ملیار دینار بۆ پڕۆژەكانی دهۆك تەرخان كراوە و پێشبینی دەكەین رەزامەندی لەسەر  40 ملیاری دیكەش بدرێت، بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكە
ئەوەی لە كارنامە و هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی بەدی دەكرێت كاركردنە بە چەندین ئاراستە وەك چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی پارێزگاكان، لەم چوارچێوەیەدا هەنگاوەكانی چاكسازی و پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لە پارێزگای دهۆك كە خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بوونە تەوەری دیمانەیەكی گوڤاری گوڵان لەگەڵ عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك.
* لەماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین پڕۆژەی گرنگ لە دهۆك بەردی بناخەی بۆ دانراوە، ئایا گرنگترین ئەو پرۆژانە چین كە هەتا ئێستا كاریان تێدا دەكرێت؟ و چەند پڕۆژەی دیكەش لە بەرنامەدایە بۆ ئەوەی بۆ پارێزگای دهۆك ئەنجام بدرێت؟
- لە راستیدا ژمارەیەكی زۆر پڕۆژە لە بواری ئاوەدانكردنەوە و رێگاوبان و ئاو و كارەباو تەندروستی و پەروەردە و هەموو بوارەكانی دیكە ئیشیان تێدا كراوە، كە بەشێكیان تەواوبوون و بەشێكیان حاڵی حازر ئیشیان تێدا دەكرێت و چەندین پڕۆژەش لە بواری جیاجیا هێشتا تەندەرن و كاركردن تێیاندا دەستی پێ نەكردوە، بەشێك لە پڕۆژەكانیش پڕۆژەی گەورە و ستراتیژین و كاری بەردەوامیان تێدا دەكرێت، ئەوانەش وەك ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس و رێگا و شەقامی گەورەو دوو ساید و ئۆتۆبانن، هەروەها ئاشكرایە كە بۆ ساڵی نوێش پێش ماوەیەك رەزامەندی لەسەر 32ملیار دیناری دیكە بۆ چەندین پڕۆژەی دیكە بۆ هەموو قەزاكانی دهۆك دراوە و باوەڕمان وایە پاش ماوەیەكی دیكە بڕی 40 ملیار دینار بۆ چەندین پڕۆژەی دیكەی پارێزگاری دهۆك رەزامەندی لەسەر بدرێت. ئەوەی لێرەدا شایستەی ئاماژە پێكردنە ئەوەیە كە ئێمە زیاتر جەختمان لەسەر ئەو شوێنانە كردۆتەوە كە خزمەتگوزاریان كەمە بەتایبەتی گوندەكان و شوێنە دوورەدەستەكان، لەهەمان كاتدا گرنگییەكی تایبەتیشمان بە سەنتەری شارەكان داوە، چونكە خەڵكێكی زۆر لەو شارانە دەژین.

* پارێزگای دهۆك تا ئێستاش ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی شنگال و پارێزگاكانی دیكەی عێراقی حەواندۆتەوە، ئایا تاچەند بوونی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە، گوشاری لەسەر خزمەتگوزاریی سەرەكی لە پارێزگاكە دروستكردووە، بەتایبەتی خزمەتگوزارییەكانی «ئاو و كارەبا و پاككردنەوە»؟
- ئەوە راستە كە هێشتا زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە پارێزگای دهۆك دەژین، واتە 25%ی دانیشتوانی دهۆك لەو ئاوارە و پەنابەرانە پێكهاتووە، ئەو زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانەش بەبێ بەرنامە و لەناكاو بووە، لەكاتێكدا كە ئەو ژمارەی دانیشتوانە زیادی كردووە ئەوا بێگومان فشاری خستۆتەسەر كەرتی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا، بەڵام ئەو ئاوارە و پەنابەرانەش خەڵكی خۆمانن و لەسەر كوردبوون و كوردایەتی ئاوایان بەسەر هاتووە و هاتوونەتە پارێزگای دهۆك، بۆیە پێویستە بەوپەڕی لێبوردەییەوە خزمەت بكرێن وەك هەر تاكێكی پارێزگاكە و تا ئەو كاتەی لێرەبن لەسەرمان واجبە خزمەتیان بكەین.
* لە رووی پڕۆژەكانی رێگاوبانەوە، پارێزگای دهۆك وەرچەرخانی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە، وەك دروستكردنی تۆنێلی زاخۆ، دروستكردنی رێگەی دووسایدی خێرای نێوان پارێزگای هەولێر و دهۆك، لەسەر ئاستی ناوخۆی شاری دهۆك و زاخۆش چەندین پڕۆژەی گرنگی رێگاوبان ئەنجام دراون، ئایا تا چەند ئەم پڕۆژانەی رێگاوبان كاریگەرییان لەسەر پێشكەوتنی پارێزگاكە هەبووە؟

- بێگومان وڵاتێكی وشكانیی وەك هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە رێگاوبانە وشكانییەكان دەبەستێت و بەداخەوە ئێمە هێڵی شەمەندەفەرمان نییە، هەر بۆیە بارگرانیی هاتوچۆ هەمووی كەوتۆتە سەر رێگاوبان و شەقامەكان، ئێستاكە بەشێكی زۆری رێگاو بان و شەقامەكانی پارێزگای دهۆك جووت سایدكراون و شەقامی ئیبراهیم خەلیل كە هەم بەرفرەوان و هەم نۆژەنكراوەتەوە دەكەینەوە و دەچێتە بواری خزمەتكردنی هاووڵاتیان، هەروەك ئەوەی پێشتر جووت سایدی لالش مان كردەوە، هەروەها تەواوكردنی جووت سایدی ئیبراهیم خەلیل بەرەو دێرەبول و پێشابوور و بەرەو سێڕیانی سەحێلا و جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە تۆنێلی زاخۆ، كە ئەمەش شەقام و رێگایەكی نوێیە كە لەماوەیەكی نزیكدا تەواو دەكرێت، واتە ئیش و كار لەسەر ئەو رێگاوبانانە بەردەوامە و ئێمەش گرنگی و تەركیزێكی زۆر باشمان خستۆتەسەر پڕۆژەكانی رێگاوبان و قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكان و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە خەڵكی ئێمە زیاتر سوودی لێ دەبینێت، بێگومان هەبوونی ئەو جۆرە رێگاوبانانە دەبێتە ئاسانكاری و پێشكەوتن لە بواری بازرگانیدا و هۆكاری بوژاندنەوەی ئابووریی ناوچەكە.


* پارێزگای دهۆك پارێزگایەكە كە خاكەكەی بە پیتە بۆ كشتوكاڵ و بەرهەمێكی زۆری كشتوكاڵی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزی بەرهەمهێناندا جووتیاران گلەیی ئەوە دەكەن بەرهەمەكانیان نافرۆشرێت، ئایا بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە چ هەنگاوێكتان هەڵگرتووە بۆ ئەوەی جوتیاران زەرەر لە بەرهەمەكانیان نەكەن؟
- لە راستیدا دوو، سێ پڕۆژەی سەرەكی بۆ ئەو مەبەستە هەن، كە یەكێكیان لەوانە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەر پارێزگایەك گرێبەستێكی لەگەڵ سەرمایەداران ئیمزاكردووە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و دروستكردنی سایلۆ و كارگەی ساوەر و ئارد، ئەوە بەشێوەیەكی گشتی. دووەم: مانگی 7ی ساڵی رابردوو جەنابی رێزدار سەرۆكی حكومەتی كوردستان هاتە دهۆك بەردی بناغەی پڕۆژەی پیشەسازیی خۆراكی لە كانی سپی لە سێمێل دانا، كە پڕۆژەكە پڕۆژەیەكی گەورەیە ئەوەش زیاتر بۆ ئەوەیە ئێمە بەرهەمی جوتیاران وەربگرین، بە بەرهەمی پەلەوەر و ئاژەڵیشەوە و هەندێ پڕۆژەی دیكەشمان بۆ هەندێ شوێن لە پارێزگای دهۆك لە بەردەستە وەك پلانی ساردخانەكان و.. تاد، ئەو پلان و پڕۆژانەش لە بەرنامەی ئێمەدان و ئیشیان لەسەر كراوە، كە لە هەندێ شوێن بەردی بناغەی بۆ دانراوە و لە هەندێ شوێن مۆڵەتیان بۆ دەرچووە و لە هەندێ شوێنیش دەستكراوە بە كاركردن لە سەر دروستكردنی ئەو جۆرە كارگانە.
* تۆپۆگرافیای پارێزگای دهۆك بە شێكی زۆری ناوچەی شاخاوییە، ناو شاری دهۆكیش مەودای فراوانبوونی كەمە، ئایا لە ناو ماستەرپلانی پارێزگای دهۆكدا چۆن مامەڵەتان لەگەڵ تۆپۆگرافیای پارێزگاكە كردووە؟
- شاری دهۆك لە باشوور و باكوو رو رۆژهەڵات گەیشتۆتە شاخەكان و ناتوانرێت لەوە زیاتر بەو سێ لایەوە بەرفراوان بكرێت، بەڵام بەرفرەوانبوونی شاری دهۆك بەلای رۆژئاواوە كە دەشتێكی پان و بارینە بەرەو سێمێل و فایدە دەڕوات، بەتایبەتی بەرەو سێمێل دەشتێكی پان و بەرینە، هاوكات ئێمە لە پلانەكانی شار پەنامان بردۆتە بەر یەكەی نیشتەجێبوونی ستوونی تاوەكو زیاتر كاریگەری لەسەر زەوییە كشتوكالییەكان نەكەین و زەویی كشتوكاڵیی زیاتر لەدەست نەدەین، ئێستا زیاتر لەسەر دروستكردنی باڵەخانە و شوێنی نیشتەجێبوون مۆڵەت دەدەینە پڕۆژە ستوونی و تاوەرەكان، لەلایەكی دیكەوە شاری دهۆك بەرەو فایدە چووە، كە ئێستاكە خەڵكی دهۆك زیاتر لە 100 هەزار كەسی لە فایدە دەژین.
* لەگەڵ ئەوەی پاریزگای دهۆك باشترین پارێزگایە بۆ گەشتوگوزار، ئەویش نەك تەنیا گەشت و گوزاری ئاسایی، بەڵكو چەندین بواری دیكەی گەشتیاریی وەك گەشتیاری شوێنەوار، لەبەر ئەوەی پارێزگای دهۆك زۆر دەوڵەمەندە بە ناوچەی شوێنەوار، بەڵام هەست دەكەین ئاستی وەبەرهینان لەم كەرتە گرنگە لە ئاستی دەوڵەمەندیی پارێزگاكەدا نییە، پرسیار ئەوەیە بۆچی وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاریدا وەك پێویست نییە؟
- لە هەقیقەتدا زیاتر لە نیوەی پارێزگای دهۆك ناوچەیەكی شاخاوییە و ئەو شوێن و جێگایانە بۆی هەیە زۆر سوودی بۆ كاری كشتوكاڵی نەبێت، بەڵام ناوچە و شوێنی دڵرفینن و گونجاوە بۆ گەشتیاری، بەشێك لە قەزای ئامێدی و زاخۆ و ئاكرێ و شێخان و شوێنی دیكەش كە گونجاون بۆ گەشتیاری ئیش لەسەر پڕۆژەی گەشتیاری لەو شوێنانە دەكەین و كۆمەڵێك پڕۆژەی گەشتیاری هەن بەرەو تەواوبوون دەچن و بەشێك لە پڕۆژەی گەشتیاری كە لە پلاندابوون تەواوكراون و بەشێك لە پڕۆژە گەشتیارییە گرنگ و گەورەكان لەپاش جەژنی رەمەزانی پیرۆز دەكەینەوە و دەكەونە خزمەت گەشتیاران، كە هەندێك لە ئۆتێلی نوێ و هەندێك لە شوێنە گەشتیارییە ناودارەكان لەسەر ئاستی عیراق و لە سەرسەنگ و ئامێدی شوێنە گەشتیارەكان نۆژەن دەكرێنەوە و دەكەونە خزمەتی گەشتیارانەوە.
* لەگەڵ ئەوەی لە پارێزگای دهۆك چەندین پڕۆژەی گەورەی ئاو جێبەجێ كراوە وەك پڕۆژەكانی ئاوی (دهۆك، زاخۆ، ئامێدی) بەڵام پێ دەچێت تا ئێستاش كێشەی كەمئاوی 100% چارەسەر نەكرابێت، ئایا پڕۆەتان بۆ فراوانكردنی پڕۆژەی گەورەی ئاو چۆنە؟
- بەشێك لە كێشەكانی ئێمە لە پڕۆژەی ئاودا پەیوەستە بە تۆڕی دابەشكردنی ئاوەوە، هەروەها پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ كێشەیەكی گەورەبوو، بەڵام خۆشبەختانە پێش ماوەیەك رێزدار سەرۆكی حكومەتی كوردستان 18 ملیار دیناری دیكەی تەرخانكرد بۆ ئەو پڕۆژەیە كە پڕۆژەیەكی یەكجار گەورە و ستراتیژییە و ئاو لە زێیەوە بۆ ناو شاری ئاكرێ رادەكێشێت، كە بۆ دەیان ساڵی دیكە كێشەی ئاوی ئاكرێ چارەسەر دەبێت، هەروەها لە پڕۆژەكانی پار ساڵ كە رەزامەندی لەسەردراوە و ئێستا ئیشی لەسەر دەكرێت، راكێشانی ئاوە لە روباری خاپوور بۆ شاری باتوڤە و لە دهۆكیش پێش چەند مانگێك پڕۆژەیەكی گەورەی ئاومان كردەوە كە بڕی 33 ملیۆن دۆلاری تێچووە، كە ئاو لە بەنداوی موسڵ بۆ فایدە و ناوچەی شاریا و چەندین شوێنی دیكە دابین دەكات كە 200 هەزار كەس سوود لەو ئاوی خواردنەوەیە وەردەگرێت.
* یەكێك لە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان جێبەجێكردنی پڕۆژەی چاكسازییە، لەم لایەنە گرنگەوە وەك پارێزگای دهۆك چۆن هەنگاوتان ناوە؟
- چاكسازی زۆر بوار لەخۆی دەگرێت، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە زیاتر چاكسازیی ئیدارییە و یەكێك لەوانەش كەمكردنەوەی رۆتینات و نەهێشتنی واسیتەو واسیتەكارییە و نەهێشتنی گەندەڵی و نەهێشتنی هەندێك لەو كێشانەی كە بەربەستن لە پێشكەوتنی كۆمەڵگە لەو بوارەدا لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكومەت بەردەوام لە هەوڵی ئەوەداین رۆتینات كەم بكەینەوە، لە ئەنجامدا لادان لە یاسا یەكجار كەم بۆتەوە و زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتی تا ئاستێكی باش قوفلدراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بریتییە لە گۆڕانكاری، یان چاكسازی لەسەر سیستەمی بەڕێوەبردن لە چوارچیوەی یاسادا، چونكە هەندێك شت هەیە دەبێت یاساكان بگۆڕدرێن تاوەكو ئێمە بتوانین چاكسازیی پێویست ئەنجام بدەین، بەشێك لەو چاكسازییەش دەتوانین لە خۆمانەوە دەست پێ بكەین، ئەویش گۆڕانكاری لە ئەدای حكومەت و بەرپرسانی حكومییە كە وابزانم ئەوەشمان ئەنجام داوە، هەروەك ئاگادارن لە هەفتەكانی رابردوو دەرگاكانی خۆمان داخست و خۆمان چووینە ناو خەڵك بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گوێ لە داواكاری و گلەیی و رەخنەكانی خەڵكی خۆمان بگرین، لەزۆر شوێن و دانیشتنیش تا كۆتای نەیاندەزانی كە من پارێزگارم كە بەراشكاوانە بەبێ هیچ بەربەستێك هەموو ئەو داواكاری و رەخنانەی هاووڵاتیان هەیانبوو وەرمان گرتووە.
* لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو دیتمان جەنابت وەك هاووڵاتییەك لە چەندین كۆڕو دانیشتن لەگەڵ هاووڵاتیان و توێژی جیاجیای پارێزگای دهۆك دانیشتیت و لە نزیكەوە گوێبیستی داوكاری و رەخنەكانی هاووڵاتیان بوویت، ئەمە بەچ مەبەستێك بوو، تاچەند لە رووی ئیدارییەوە سوودی لێ وەردەگرن؟
- لەو سەردان و دانیشتنانەی لەگەڵ هاووڵاتیان دوو ئامانجی سەرەكیی خۆمان هەبوو، یەكەم: ویستم بەچاوی خۆم بە بێ ئەوەی دەزگاو لایەنە پەیوەندارەكان هەست بكەن و بەبێ ئەوەی خەڵك بزانێت و هەست بكات كە كەسێك چاودێریی بەرنامەی رێكارو رێنماییە تەندروستییەكان دەكات، بۆ بەرنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا. دووەم: ئەو دەرفەتەمان قۆزتەوە بە دەمامك و بەستنی ماسك لەزۆر شوێن، بەبێ ئەوەی بناسرێمەوە نیو كاتژمێر و زیاتریش لەگەڵ خەڵك دانیشتووم بۆ وەرگرتنی داواكاری و پێشنیار و گلەیی و گازاندە و رەخنەكان، كە خەڵك چۆن دەڕواننە حكومەت و چۆن هەڵسەنگاندن بۆ بەرپرسانی حكومی و ئیش و ئەدای حكومەت دەكەن، خەڵكەكە بەگشتی زۆر بە راشكاوانە هەموو قسەو داواكارییەكانیان باسكرد، بەڵام لە كاتێكدا بیانزانیایە من پارێزگارم بۆی هەبوو بەو راشكاوییەی دیتم و گوێم گرت قسەیان نەكردایە، دوای وەرگرتن و زانینی كێشەی خەڵك پاش 24 كاتژمێر توانراوە هەندێ كێشە چارەسەر بكرێن، لەو كێشەو داواكارییانەی لەم دانیشتن و سەردانەی لای خەڵك وەرمانگرت، هەندێ كێشە لە چوارچیوەی قەزایەك بووە هەر لە قەزاكە چارەسەركراوە، بەڵام ئەگەر كێشەكە، یان داواكارییەكان گەورەتربن و لە تواناو دەسەڵاتی ئێمە بەدەربێت، بۆ چارەسەركردنیان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەنديدارەكان، یان ئەنجومەنی وەزیران قسە دەكەین.
Top