خەسرەو گۆران: ئەگەر پۆستی پارێزگار بۆ لیستی ئەلمتحدون بێت ئەوا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا مافی لیستی برایەتی و پێكەوەژیانە
June 26, 2013
دیمانەی تایبەت
خەسرەو گۆران ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدیمانەیەكی تایبەت بەگوڵان كە سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لەگەڵیدا ئەنجامدرا؛ باسی ئەو سەركەوتنانەی كرد كە لیستی كورد بەدەستی هێنا و تێیدا ئەگەری ئەوە هەیە كورد 12 كورسی بەدەستبهێنێت، ئەوەشی راگەیاند بەرزیی رێژەی دەنگدەرانی پێكهاتەی كوردیی باشتر بووە بەراورد بەپێكهاتەكانی تری ناو پارێزگای نەینەوا، ئەمەش بەقازانجی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان گەڕایەوە. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد پاڵێوراوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پرسی شێریان بەركەوتووە و بەمەش پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا مافی لیستی برایەتی و پێكەوەژیانە.* بەشداریبوونی كورد لەهەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواو ئەگەری بەدەستهێنانی 12كورسی و بەرزبوونەوەی رێژەی دەنگەكانی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لەو پارێزگایە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا ئەمە دەستكەوتێكی باش نییە بۆ كورد؟
- سەرەتا ئێمە ناتوانین بڵێین دەنگەكانی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەراورد بەساڵانی پێشوو زیادیكردووە یاخود زیادی نەكردووە ؛ ئەوەبوو لە هەڵبژاردنەكانی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كە لەساڵی 2009 ئەنجامدراو لیستی برایەتی 274 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام ئەمساڵ دەنگەكانمان نەگەیشتۆتە ئەو ژمارەیە، گەرچی تائێستا هەندێك دەنگی (تایبەتی و ئەوانەی لەدەرەوەی پارێزگای موسڵ دەژین و بەئاوارە ناودەبرێن یا هەندێك بنكەی دەنگدەران كە كێشەیان لەسەرە ) تا ئێستا هەموو ئەو دەنگانە بەو هۆكارانەوە جیانەكراونەتەوە، تا ئێستا ئەوەی لەلای ئێمە وەكو دەزگای هەڵبژاردن تۆمار كراوە لەسنووری 220 هەزار كەس دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمجارە رێژەی بەشداریكردنی دەنگداران لەپارێزگای نەینەوا كەمە و لە 40% تێپەڕی نەكردووە لەكاتێكدا لەساڵی 2009 بەرێژەی 58% ی دەنگدەران بەشدارییان لەدەنگداندا كرد، هەربۆیە كەمبوونەوەی رێژەی دەنگدەرانی پارێزگای نەینەوا لەم ساڵدا بۆ لە 40% لەكاتێكدا بەشداریی دەنگدەرانی كورد بەرز بوو ئەمە بە قازانجی كورد گەڕایەوە، چونكە دەنگدانی پێكهاتەی كورد باشتر بووە بەراورد بەپێكهاتەكانی تری ناو پارێزگای نەینەوا. لەلایەكی دیكەوە لە ساڵی 2009 تارادەیەك دوو لیست و جەمسەر بوون كە ركابەری یەكترییان لەهەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەكرد، ئەویش هەردوو لیستی برایەتی كە نوێنەرایەتی كوردو كەمە نەتەوایەتی و ئایینەكانی دەكرد لەگەڵ لیستی حەدبا كە نوێنەرایەتی عەرەب و زیاتر هێزە شۆڤێنیەكان و ئەوانەی لەدژی كورد بوون پاڵپشتی دەكران، بەشێوەیەكی گشتی ئەنجامەكەی ئەو كات وا بوو كورد توانی بەرێژەی لە 33%ی دەنگەكانی برد و لیستی حەدباش دەنگەكانی تری بردو 19 كورسی بەدەستهێنا لەبەرامبەر 12 كورسی بۆ لیستی برایەتی بوو.
* كەواتە بەپێی بەرزی رێژەی دەنگدەران لەناو پێكهاتەی كوردی و ئەو دەستكەوتانەی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان بەدەستی هێناوە ئایا ژمارەی كورسییەكانی كە بەدەست هاتووە چەندەو لەناویشیاندا كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان چەند كورسییان بەدەستهێناوە؟
- ئێستا لەبەر چەند هۆكارێك زووە بزانین كورد چەند كورسی لەئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەست كەوتووە، چونكە لەلایەك تا ئێستا روون نییە لیستە عەرەبییەكان چەند دەنگیان بەدەستهێناوە و دەنگەكان فەرز نەكراون و ئێمە بریكارمان لەناوچە عەرەبنشینەكان نەبووە بۆ نموونە لە باشوورو رۆژئاواو هەندێك شوێنی ناو موسڵ بریكارمان نەبووە، هەربۆیە تا نەزانین ئەوان چەند دەنگیان بەدەستهێناوە زەحمەتە بتوانین بڵێین چەند كورسیمان بەدەستهێناوە، لەلایەكی دیكەوە راگەیاندنی هەموو ئامارو ژمارەكان سەرەتایین و فەرمی نین و قابیلی گۆڕانكارین، ئەمە جگە لەوەی ئێستا لەهەڵبژاردنەكان سیستەمێكی نوێیان پەیڕەوكردووە بۆ چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكان كە پێشتر لەهەڵبژاردنی رابردووی ساڵی 2009 نەبووە، پێشتر قاسمی هەڵبژاردن هەبوو كە هەر كیانێكی سیاسی دەنگەكانی نەگەیشتایە لە 30 هەزار دەنگ ئەوا ئەو كات دەنگەكانی بەفیڕۆ دەچوو هیچ كورسی دەست نەدەكەوت، دوایی دەكرایە كورسی بەناوی كورسییە قەرەبووەكان و بەسەر لیستە براوەكان دابەش دەكرا، ئێستا ئەم سیستەمە نەماوەو لەقازانجی لیستە گەورەكان نییە بەڵكو بەپێچەوانەوە لەقازانجی لیستە بچووكەكانە. لەم حاڵەتەدا من پێشبینی ئەوە دەكەم چەند كورسی بەدەستبهێنین كە پشكی شێر بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ نموونە ئەگەر 12 كورسی بەدەستبهێنین من بڕوا ناكەم یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە 2 كورسی زیاتر بەدەستبهێنێت، تەنانەت ئەگەر 10 كورسی بەدەستبهێنین ئەو كات یەكێتیی نیشتمانی كوردستان رەنگە 1 كورسی بەدەست بهێنێت و كورسییەكانی دیكە هەمووی دەبێتە كورسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەم حاڵەتەشدا حزبەكانی تری وەكو یەكگرتوو كۆمەڵ و گۆڕان هیچ كورسییەكیان بەدەست ناكەوێت.
* پێشتر وەكو لیستی برایەتی كێشە لەگەڵ لیستی حەدبا هەبوو بەهۆی قۆرخكردنی هەموو دەسەڵاتەكان ؛ ئێستاش هاوپەیمانێتی (المتحدون) پێكهاتووە ؛ ئایا بەبۆچوونی بەڕێزت ئەم داتاو ژمارە سەرەتاییانەی ئەمجارە كورد دەستی كەوتووە هاوكێشەكان گۆڕانكاری بەسەردا نایەت؟ یا هاوپەیمانێتییەكان چی بەسەردا دێت؟ بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگا بەعەرەب بدرێت و پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بدرێتە كورد؟
- ئێمە ئومێدەوارین ئەو كێشەیەی كە لە ساڵی 2009 لەنێوان لیستی برایەتی و لیستی حەدبا روویدا ئێستا روونەداتەوە، ئەوەبوو لەساڵی 2009 لیستی حەدبا بەیەكلایەنی هەموو دەسەڵاتەكەی بۆ خۆی قۆرخكردوو بووە هۆكاری ئەوەی لیستی برایەتی بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ پایكۆت بكات و دواتر پێكهاتن و لیستی برایەتی گەڕایەوە. هەربۆیە من پێم وایە ئەمجارە بارودۆخی نێوان لیستی برایەتی و حەدبا لەسەر ئەنجامەكان دەمێنێتەوە، تەنانەت لیستی حەدباش كە ئێستا ناوی هاوپەیمانێتی (المتحدون)ە وەكو خۆی نەماوەتەوە و پەرت پەرت بوون و زۆر بەشی لێجیابووەتەوە بۆ نموونە لیستی عەبدوڵا حەمید یاوەری لێجیابووەتەوە هەروەها لیستەكانی تری وەكو عیسام عاید و دڵدار زێباری لێجیابووەتەوە، بەڵام هەر بەلیستی دووەم لەدوای لیستی برایەتی دەمێننەوە، لەبەرامبەردا بەپێچەوانەوە لیستی برایەتی وەكو خۆیەتی و بەهێز ماوەتەوە. ئومێدەوارم ئەو دوو لیستە بتوانن هاوپەیمانێتیەك ببەستن، ئەگەر پۆستی پارێزگار بۆ ئەوان بێت ئەوا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا مافی لیستی برایەتییە.
* كوردستانییانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەم هەڵبژاردنەو هەڵبژاردنەكانی پێشووتریش بینیمان كە چۆن بەهەستێكی بەرپرسیارێتی و بگرە شۆڕشگێڕانە و كورد پەروەرانە بەشدارییەكی كارایان هەبوو لەدەنگدان، پرسیارەكەمان ئەوەیە پێزانینی ئێوە بۆ ئەو بەشداریكردنە كوردستانییە چۆنەو چییان بۆ دەكەن؟
- جێبەجێكردنی ماددەی 140 و یەكلاكردنەوەی ئەم كێشەیە بەزووترین كات لەگەڵ حكومەتی فیدرال و چیدیكە ئەو خەڵكە كوردستانییە چاوەڕوان نەبن، كە بۆ ماوەی 10 ساڵ دەبێت لەچاوەڕوانی جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستوورییەن. لەلایەكی ترەوە كاتی ئەوەهاتووە ئەوناوچانە بەهەرشێوەیەك لەشێوەكان راستەوخۆ لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوەببرێن و ئەو لیژنانەی بەم دواییە پێكهات كەلەدوا سەردانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا دروست كرا و دواتر هاتنی بەڕێز مالیكی بۆ هەولێر ئومێدەوارم لەجێبەجێكردنی رێكەوتنامەكان پەلە بكرێت بۆ ئەوەی ئایندەی ئەو خەڵكە چی تر لەمەترسیدا نەبێت.
* ئایا ئەو رێژە بەرزەی بەشداریكردن ئاماژەیەك نییە بەوەی ئەو ناوچانە كوردستانین و پێویستە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان؟
- ئەمە جۆرێكە لە راپرسی كە خانەقین و ناوچەكانی ديكەی سەر بەپارێزگاكەو موسڵیش بەشداریكردنی زۆرینە لەدەنگدان و پاڵپشتیكردنی خەڵك لەو ناوچانە بۆ پاڵێوراوەكانی كوردستانی رادەربڕینێكی خەڵكییە بۆ كوردستانییەتی ناوچەكە.
* ئایا بەشداریكردنی كورد بەرێژەی 90% و سەركەوتنی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو ناوچانە واناكات پارتی دیموكراتی كوردستان پێزانینی بەرامبەر بەو دەنگدەرانە هەبێت؟
دەنگدان بەپاڵێوراوانی پارتی لەم ناوچانە شتێكی نوێ نییە، ئەگەر بەرێژە باسی ئەم مەسەلەیە بكەین زۆرترین لایەنگرانی پارتی لە پارێزگای موسڵەو دواتر لە دهۆك و هەولێر و شوێنەكانی تر دێت، ئەمە بەرێژەو ئامارو ژمارە روون و لەبەرچاوە، ئێمەش هەرگیز ناتوانین ئەو هەڵوێستە جوامێرانەی خەڵكی لەو ناوچانە بكەین و قەرزاری ئەو خەڵكەین و ئەركی سەرشانمانە كێشەو گرفتەكانیان بۆ چارەسەر بكەین، چونكە ئەمجارە بەكوردو كریستیان و یەزیدی و شەبەكیشەوە دەنگیان بەكاندیدەكانی پارتی دا.