كاروان ساڵح :سیاسەتی گۆڕان رق و كینە و ململانێی رابردووە و ئێستا ورد دەكرێتەوە
June 25, 2013
دیمانەی تایبەت
بایكۆتكردنی دانیشتنی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، سەرسوڕمانێكی سیاسیی دروستكردووە، چەندین پرسیاری هەمەجۆری وروژاندووە، بەوەی رەتكردنەوەی رەها لە كۆمەڵگەی دیموكراتی چ مانایەكی هەیە و چ مەترسیەك لەسەر ئاییندەی دیموكراتی دروست دەكات؟ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە بەڕێز كاروان ساڵح پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* رەتكردنەوەی رەهاو قبوڵ نەكردنی بەرامبەر لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
- بەو پێوەرەی تۆ بەرامبەرەكەت رەت بكەیتەوەو جیاوازییەكان قبوڵ نەكەیت و زۆرینەو دیموكراسیەت فەرامۆش بكەیت، ئەوە گرتنەبەری رێڕەوی دیكتاتۆریەتە، واتا خۆسەپاندن لە بیروڕا. من پێموایە جیاوازیی بیروڕا لەم هەرێمەدا جوانییەكی بەخشیوە بە پرۆسەی دیموكراسی و گەیاندویەتیە ئاستێكی بەرچاو و دەتوانین بڵێین كە زۆر شت ماوە بیكەین و لە پایەیەكی باشین، بەڵام ئومێد دەكەین بەرەو پێش بڕۆین.
* لە پرسی دەستوور زۆر لە لایەنەكان بە تایبەتیش ئۆپۆزسیۆن داوای سازانی نیشتمانیان دەكرد، ئێستا خەریكە ئەو سازانە نیشتمانییە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا بەڕێوەدەچێت، بەو پێیەی كە ماڵی هەمووانە، ئایا ئەم پرۆسەیە چۆن بەڕێوە دەچێت؟
- ئەوەی ئەوان دەیخوازن سازان نییە، بەڵكو رەتكردنەوەی بیروبۆچوونی هەموو لایەنە سیاسییەكانە، واتا سەپاندنی بیروڕای خۆیانە، ئەوە پێی ناڵێن دانووستان یان رێكەوتن یان سازان، لە سازاندا دەتوانیت راو بۆچوون و سەرنجی خۆیشت بخەیتەڕوو تێكەڵ بە رای بەرامبەر دەكەیت و پرۆژەكە دەبێتە هی هەمووان و دەكەوێتە ژێر بەرپرسیارێتیی ئەوانەی كە داكۆكی لێ دەكەن، بەڵام سەپاندنی رای خۆت و نەخوێندنەوەی راكانی بەرامبەر ئەوە شتی دیكەیە نەك سازان.
* باشە بۆچی بزووتنەوەی گۆڕان كۆی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە دوژمنی خۆیان وێنا دەكەن، ئەو جۆرە سیاسەتكردنەی ئەوان چۆن دەبینیت؟
- ئەوە تۆڵەسەندنەوەو رق و كینەی كۆن و كۆمەڵێك حساباتی شەخسی و ململانێیەكانی رابردووە ئێستا ورد دەكرێتەوە، بەداخەوە دەبوایە لەسەر هەر پرسێك بیانكردایە لەسەر پرسی دەستوور كە چوار ساڵە ئەو بێنەو بەردەی لەسەر دەكرێت ئێستا نەیانكردایە، بەتایبەتی ئێستا لە لێواری هەڵبژاردنداین و لە سەروبەندی ئەوەین سەندووقەكانی دەنگدان یەكلاكەرەوەی هەموو كێشەكان بن، لە كاتێكدا كە دەستوور دەكرێت بە موزایەدەی سیاسی و وروژاندنی هەستی خەڵك و دەكرێت بەوەی كە هیچ كەسێك بڕوای بە ئاییندەی خۆی نەمێنێت بەڕاستی ئەوە كارەساتێكی گەورەیە، من پێموایە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەوە گەورەتربن و بزانن كە ئەو دەستوورە مەرجەعیەتە ئەمڕۆ ئەگەر ئەو دەستوورەمان هەبووایە زۆر بە ئاسانی لەو تەنگژەو قەیرانە رزگارمان دەبوو، دەستووریشه چاودێریی شەرعی و راستەقینەو یاسایی بەسەر هەموو دامەزراوەكانی ئەو هەرێمە هەر لە سەرۆكایەتی هەرێم تا دەگاتە بچووكترین فەرمانگە، چونكە ئەگەر دەستوورت هەبێت دەتوانی شەفافیەت و روونی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی دەستەبەر بكەیت، یاسا سەروەری بەرجەستە بكەیت، بەبێ دەستوور شتەكان پەنهان و تەمومژاوی دەبن، گەندەڵی كۆتایی پێ نایەت و سەروەریی یاسا دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
* مامەڵە كردن بە كۆی ئەو پرۆسانەی كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستاندا هەیە بەم شێوەیە لەلایەن ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتیش گۆڕان، یاری كردن نییە بە چارەنووسی میللەتێك كە لە كۆتاییشدا خۆشیان زەرەرمەند دەبن؟
- چۆن دەبێ كە تۆ دیموكراسیت بوێت و بڕواشت پێی نەبێت، داوای دادپەروەری بكەیت خۆت دادپەروەری بەرپا نەكەیت، داوای بە كۆمەڵ بڕیاردان و سازان و پێكەوە ژیان بكەیت خۆت سازان رەت بكەیتەوە، بتەوێ رای خۆت بسەپێنیت و رای ئەوانی دیكە رەت بكەیتەوە، ئەوانە هەموویان یاریی مەترسیدارن و پێموایە پێشتر ئەو یارییانە كراون، نە كەسی تێدا سەركەوتوو بووەو نە كەسیشی ئێستاو ئاییندە تێیدا سەركەوتوو دەبێت، دوا بڕیار و راش هەر هی گەلە و هەر ئەویش دواجار بڕیاردەدات كێ لە بەرنامەو پرۆگرامە نیشتمانییەكان داكۆكیكارە و كێش تێكدەری هەموو ئەو بەرنامەو پرۆگرامە نیشتمانییانە دەبێت، بۆیە هیواخوازم كە هێشتا دەرفەتێكی زۆر ماوە كە بگەڕێنەوە نێو بازنەی گەل و نیشتمان و بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان لەسەرووی بەرژەوەندیی تاكەكەسی و حزبی و بانگەشەی هەڵبژاردندا بێت، با دەست لە ناو دەست بكەین، چونكە ئێمە لە ناوچەیەك دەژین رووداوەكان گەرمن و گۆڕانكاریی زۆر بەڕێوەیەو ئەزموونەكەی ئێمەش كە ساڵەهای ساڵە بە خوێنی شەهیدان و بە ئارەقەو فرمێسكی تێكۆشەران و بە هەوڵی نیشتمانپەروەران هاتۆتە بەرهەم، ناكرێ لە ململانێی تاكەكەسی و حزبی و نێوان لایەنەكان بەهەدەری ببەین، بۆیە هیواخوازم هەفتەی ئاییندە ئەو لایەنانەی بەشداریان نەكردووە بێن بەشداری بكەن و رای خۆیان بخەنەڕوو، نابێت هیچ كەسێك لە رای جیاواز بترسێت چونكە ئاییندەمان یەكەو ئامانجەكانمان روونە، بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانیش لە سەرەوەی هەموو بەرژەوەندییەكەوەیە.