كاركردنی خانمان لە پاركەكان ئەزموونێكی جوان و سەرنجڕاكێش

كاركردنی خانمان لە پاركەكان ئەزموونێكی جوان و سەرنجڕاكێش
بە هۆی كەمیی دەرفەتی دامەزراندن و نەبوونی هەلی كار و گرفتی ئابووری، بەشێك لە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان لە پڕۆژەیەكی رێكخراوی «ریچ» لە پاركەكانی شار كاری باخەوانی و كرێكاری دەكەن، خانمانیش بە رێژەیەكی بەرچاو لەم پڕۆژەیەدا بەشدارن. كارمەندێكی رێكخراوی ناوبراو ئەوە دەخاتە روو كە زیاتر لە ساڵێكە هەڵمەتی پاككردنەوە و سەوزكردنی پاركەكانیان دەست پێ كردووە، ئەوەش دووپات دەاتەوە كە ئامانجیان رەخساندنی هەلی كارە بۆ چینی گەنجان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان، خانمانی بەشداربووی پڕۆژەكە لە روانگەی جیاوازەوە باسی كارەكەیان دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

یەڵدا ئیبراهیم تەمەنی 34 ساڵەو دەرچووی كۆلیژی كشتوكاڵە، وەك خۆی یاسی كرد، خێزاندارە و دایكی دوو منداڵە و زیاتر لە 10 ساڵیشە خوێندنی تەواو كردووە و دانەمەزراوە، لە ئێستادا لە یەكێك لە پاركەكانی شار وەك كرێكارێك باخەوانی كار دەكات و، هەر لە بارەی كارەكەیەوە دەڵێت: «ئیشەكە، خۆشە بەڵام كاتی دەوامەكەی زۆرە، بە درێژایی رۆژەكە یەك كاتژمێر پشوومان هەیە، هەروەها كارەكەشمان بە رۆژانەیە، ئەو رۆژەی نەخۆش بی، یان كارێكی زەرووریت هەبێت، ئەوا پارەی ئەو رۆژەت بۆ حیساب ناكرێت، تەنانەت رۆژانی بارانی بارانیش كە كار ناكەین، ئەو رۆژەمان بۆ حیساب ناكەن».
ئێلین محەمەدی تەمەن 26 ساڵ یەكێكە لەو دەیان خانمانەی كە لە پارەكەكان كار دەكات. ئەویش دەرچووی كۆلیژی كشتوكاڵە و خێزاندارە و دایكی كچێكە، وەك خۆی باسی دەكات ماوەی چوار ساڵە كۆلیژی تەواو كردووە و دانەمەزراوە، سەبارەت بە هۆكاری بەشداریكردنی لە پڕۆژەكەدا گوتی: «فۆڕمی زۆرم پڕ كردووەتەوە و زۆریش بەدوای كاردا گەڕاوم، بۆ ئەوەی بتوانم یارمەتی خێزانەكەم بدەم، ئەم كارەش وێڕای قازانجی ماددی سوودی ئەوەشی هەیە ئەزموونی باخەوانی پەیدا دەكەین».
نمە محەمەد تەمەنی 30 ساڵە و دەرچووی كۆلیژی كارگێڕ و دارایییە، سەبارەت بە ژیانی خۆی و كۆسپەكانی بەردەم كارەكەی دەڵێت: «منداڵێكم هەیە و زۆرجار لای ماڵی باوكم و هەندێك جاریش لای ماڵی خەسووم بەجێی دەهێڵم، لە كارەكەم مورتاحم و بەهۆی بێكاری ئەو كارە دەكەم، چونكە كرێچیم، راستە بۆ ئێمەی دەرچووانی زانكۆ و ئێمەی ئافرەت كاری كرێكاری كارێكی قورسە، بەڵام خۆشییەكەی لەوەدایە كە ماوەكەی 40 رۆژە و تەواو دەبێت، لەم وڵاتەدا كار زۆرە، بەڵام من وەكو ئافرەتێك حەز ناكەم هەموو كارێك بكەم».
شەهلا سلێمان دەرچووی پەیمانگەی پزیشكییە، سەبارەت بە كارەكەی بۆ گوڵان گوتی: «ماوەی سێ ساڵە خوێندنم تەواو كردووە و دانەمەزراوم، من بەشبەحاڵی خۆم هەر كارێك هەبێت، دەیكەم، بە مەرجێك تێیدا سەربەرز بم، چونكە ناچارم كار بكەم، كچی گەورەی ماڵم و برای گەورەم نییە، دایكم نەخۆشە و ناچارم یارمەتی باوكە پێشمەرگەكەم بدەم، ئەو برینداری سەنگەرە، لێرە بە هەرەوەزی و بە خۆشییەوە كاردەكەین، كارەكە بۆ بارودۆخی ئەمڕۆمان گونجاوە، بەڵام ئەگەر خێزانەكەم پێویستیان بە هاوكاری و كاركردنی من نەبێت، ئامادە نەدەبووم كاری قورسی لەمجۆرە بكەم، چونكە بەڕاستی كرێكاری و باخەوانی بۆ ئافرەتان كارێكی قورسە، بەڵام ئێمە لە رۆژگارێكدا دەژین، نان لە گەرووی شێردایە، لەلایەكی دیكەوە لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژهەڵات وەكو خۆبەخش كار دەكەم، بەداخەوە بەهۆی دانەمەزراندن 70%ی كارمەندانی نەخۆشخانەكان خۆبەخشن و بەهۆی خۆشەویستییان بۆ پیشەكەیان و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی ئەو كارە ئەنجام دەدەن.»
شاناز شۆڕش وەك چاودێرێك لە هەمان پارك كاردەكات و دەرچووی كۆلیژی دارایی و بانكە، سەبارەت بە كارەكەی گوتی: «ئێمە لێرە كۆمەڵێك چاودێرین و هەریەكەمان سەرپەرشتیی چەند كرێكارێك دەكەین، لەم پڕۆژەیەدا گەنجان و خانمان و كەمئەندامانیش سوودمەندن، ماوەی كارەكە رۆژانە 7 سەعاتە، لە ماوەی ئەو 40 رۆژەدا، شەش سەعات و نیو مۆڵەتیان پێ دەدەرێت بۆ كاری پێویست، رۆژانی باران كار ناكەن، بەڵام ماوەی 40 رۆژەكە تەواو دەكەن و، پارەی 40 رۆژیان پێ دەدرێت، داواكارین نموونەی ئەو رێكخراوانە زۆر بن و هەلی كاری زیاتر بۆ چینی گەنجان و خانمان بڕەخسێنن.»
لەلای خۆیەوە خەندە ئیسماعیل كارمەندی مەیدانیی رێكخراوی ریچ، سەبارەت بە پڕۆژەكەیان بۆ گوڵان گوتی: «ئێمە وەكو رێكخراوی ریچ لە ساڵی پارەوە دەستمان بەو پڕۆژەیە كردووە، دوو ئامانجمان لە كردنی ئەو كارە هەیە، كە بریتین لە خزمەتكردن و سەوزكردنی ژینگەی شارەكە و رەخساندنی هەلی كار بۆ چینی گەنجان و خانمان و خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئاوارەكان، بۆ ئەمساڵ 650 تا 670 كەس لە پڕۆژەكەمان سوودمەند بوون، جگە لە پڕۆژەی پاركەكان لە نەخۆشخانەكانیش هەڵمەتێكمان دەست پێ كردووە، كە ژمارەیان 11 نەخۆشخانەیە و لەو ماوەیەدا، 172 پەرستارمان لە نەخۆشخانەكانی هەولێر بە شێوەی خۆبەخش دامەزراندووە، ئێمەش لە بەرنامەی كارماندایە كە هاوكاریی ماددییان بكەین، هەردوو پڕۆژەكەش تاوەكو ئەمڕۆ بەردەوامە».
Top