دایكی دوو منداڵی پەككەوتە باسی ئاریشەكانی ژیانی بۆ گوڵان دەكات

دایكی دوو منداڵی پەككەوتە باسی ئاریشەكانی ژیانی بۆ گوڵان دەكات
نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست ئەركی سەرشانی خانەوادەی كەمئەندامانی قورستر كردووە، تەنانەت بووەتە هۆی هەڵوەشانەوەی شیرازەی دەیان خێزان. لەم نێوەندەدا دایك و خودی كەمئەندامەكە قوربانیی سەرەكین. نموونەی یەكێك لەو كەسانە، دایكی دوو منداڵی پەككەوتەیە كە باسی ئاریشەكانی ژیانی خۆی و منداڵەكانی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات، دەروونناسێكیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە جگە لە گرفتەكانی نەخۆشی و پەككەوتەیی منداڵ، دایك و باوكیشی رووبەڕووی دەیان گرفتی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دەبنەوە، بۆیە پێشنیار دەكات، حكومەت ئاوڕی جددی لەو جۆرە خێزانانە بداتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

«ژیانی من و هاوژینەكەم بە هۆی منداڵەكانمان كە خاوەن پێداویستیی تایبەتن، زۆر ناخۆش بوو، تەنانەت رۆژ لە دوای رۆژ لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەكان، ناخۆشییەكانمان زیاتر دەبوو، دواجار دوو ساڵ پێش ئێستا باوكی منداڵەكانم بەیانییەك رۆیشت و تا ئێستاش نەگەڕایەوە. دەیان شەو من و منداڵەكان بە چاوەڕوانی و دڵشكاوی رۆژمان كردەوە، لەپێناو بەخێوكردنی منداڵەكانم لەناو ماڵەكەی خۆمدا هەموو كارێكم كردووە، لەوانە: نانكردن و چێشت لێنان و دروستكردنی شیرینی بۆ فرۆشتن.»
ئەوە قسەی رووناك عەلی بوو، ئەو ئافرەتێكی تەمەن 41 ساڵە و وەك خۆی باسی دەكات ماوەی 12 ساڵە هاوسەرگیری كردووە و، دایكی كچ كوڕێكە و هەردووكیان نەخۆشیی (ئۆتیزم)یان هەیە. ئەو دایكە بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسی ئەوە دەكات، كە هاوسەرەكەی دوو منداڵی نەخۆشی بەجێهێشتووە و بەرپرسیاریەتیی باوكایەتی پشتگوێ خستووە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «هاوسەرەكەم چۆن رۆیشت، نەگەڕایەوە، ئەوە دوو ساڵ تێپەڕی و هەواڵیشمان ناپرسێت، كەسوكارەكەشی دەڵێن سەفەری توركیای كردووە و لەوی ژنی هێناوە، منیش تەنیا دایكێكی پیرم هەیە، ئەو خۆی چاوی لەدەست و بەزەیی خەڵكە، جگە لەدڵنەوایی ناتوانێ هاوكاریم بكات، ماڵی خەزووریشم هاتوچۆم ناكەن و دەڵێن كوڕەكەمان بەهۆی ئەو دوو منداڵە شێت بووە و ناهێلین جارێكی تر بێتەوە لاتان.»
رووناك لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا زیاتر باسی كێشەكانی ژیانی خۆی دەكات و دەڵێت: «دوای ئەوەی باوكی منداڵان بەجێی هێشتبن، هەموو ئەركەكانی بەخێوكردنی منداڵەكان كەوتە سەرشانی خۆم. راستە زۆر ماندوو و هیلاكم بە خزمەتكردنی منداڵەكان و پەیداكردنی بژێوی ژیانیان، بەڵام هەرگیز بێزار نابم، چونكە خۆم بە بەرپرسیار دەزانم لە بەرامبەر بەخێوكردنیان، زۆر كەس پێم دەڵێن منداڵەكان بنێرە هەتیوخانە و حكومەت لەتۆ باشتر چاودێریان دەكات، بەڵام من خۆشی هەموو دونیا لە چاوی منداڵەكانمدا دەبینم.» گوتیشی: «كچەكەم و كوڕەكەشم نەخۆشیی ئۆتیزمیان هەیە. وەك دكتۆران باسی دەكەن، نەخۆشییەكەیان زۆر هەستیارە و دەبێت زۆر زیاتر ئاگام لێیان بێت. بەڕاستی كێشەیان زۆرە، بۆ نموونە زۆر هەوڵم داوە، فێریان بكەم خۆیان بشۆن و خۆیان پاك بكەنەوە، بەڵام بێسوود بووە، تاوەكو ئێستا خۆم پاكیان دەكەمەوە، ئێمەی دایكان كە منداڵی پەككەوتەمان هەیە، چوونە دەرەوە و سەردان و سەیرانمان لێ حەرام بووە، ئەوە 10 ساڵە لەناو چواردیواری ماڵەكەم خۆم و ئەو منداڵانە زیندانین.»
نزار گزالی مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی دەروونی، لە بارەی ژیانی رووناك و سەدان هاودەردی ئەو دایكە دەڵێت: «كاتێك لەم بەسەرهاتە ورد دەبینەوە، دەكرێ بابەتەكە چەندین لێكدانەوە و شیكردنەوەی دەروونی لە چەندین رووەوە بۆ بكرێت، بە شێوەیەكی گشتی لە زانستی دەروونزانیی كۆمەڵایەتی هاوكێشەیەك هەیە، دەڵێت لەگەڵ پێشوەچوونی كۆمەڵگە گرفتە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر دەبن، سەبارەت بە كێشەی ئەو خێزانەش ناكرێ لە رووی دەروونییەوە بە وردی دەستنیشانی هەموو لایەنێكی گرفتەكە بكرێت، چونكە ئەو باوكە ئەگەر بیدوێنین و گویێ لێ بگرین، رەنگە ئەویش چەندین هۆكاری بۆ رۆیشتنەكەی هەبێت، هەروەها پیاوان توانای بەرگەگرتنیان لە ئافرەتان كەمترە، ئافرەت لایەنی سۆز بەسەریدا زاڵە و جاری واهەیە بەهۆی سۆزی دایكایەتی لە رادەبەدەر گرنگی بە منداڵە نەخۆشەكەی دەدات و، هاوسەرەكەی واهەست دەكات ئەوی فەرامۆش كردووە، هاوكات رەنگە ئەو باوكە لە رووی دەروونییەوە كەسێكی كامل نەبێت، یان رەنگە لە رووی سۆزداریشەوە كەسێكی پێنەگەیشتووە، لێرە لەبری ئەوەی لە هۆكارەكانی رۆیشتنی باوكەكە بكرێت، پێویستە رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ خێزانەكە بدۆزرێتەوە و، پاڵپشتیی ئەو خاتوونە بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو سووتانە دەروونییەی قووڵتر نەبێت و نەبێتە هۆی نەخۆشیی دەروونی، لەكاتێكدا ئەگەری هەیە، دووچاری دەیان گرفتی جەستەییش ببێتەوە، لێرەدا ئەركی سەرەكیی حكومەتە بۆ ئەوەی بە شێوازێك لە شێوازەكان ئەركی سەرشانی دایكان و باوكان سووكتر بكەن و بە تێچوویەكی كەمتر منداڵەكانیان ببەنە بەر چارەسەر، چونكە جگە لە نەخۆشیی منداڵەكە، دایك و باوكەكەش رووبەڕووی دەیان گرفتی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دەبنەوە. بەخۆشحاڵییەوە لەئێستادا لە كوردستاندا دەرچووانی دەروونزانیمان زۆرە و دەكرێ سوود لە تواناكانیان وەربگیرێت، دەكرێ داوا لە زانكۆكان بكرێت، بەشی دیكەی پێویست بكرێتەوە، هەروەها نامەی ماستەر و دكتۆراكانیش تایبەت بێت بەم بابەتە. لەبەر ئەوەی هەر خێزانێك منداڵێكی نەخۆش، یان خاوەن پێداویستیی تایبەتیان هەبێت، ئەوا راستەوخۆ لەگەڵ تووشبوونی منداڵەكە بە حاڵەتەكە دایك و باوكیش راستەوخۆ تووشی چەندین كێشە و گرفتی دەروونی دەبن، لەوانە تێكچوون و شەكەتیی دەروونی، تەنانەت دایك و باوك بەهۆی رەفتاری منداڵەكەیان رووبەڕووی گوشاری گەورەی كۆمەڵایەتی دەبنەوە، بەتایبەت لەلایەن خزم و ناسیاوەكانیان و ئەو رۆشنبیرییە كۆمەڵایەتییە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بەرجەستە نییە و وەكو حاڵەتێكی جیاواز مامەڵە لەگەڵ كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەكرێت، لەلایەكی دیكەوە گوشارێكی زۆری دارایی لەسەر خێزانەكە كۆدەبێتەوە و وەك دایكان و باوكانی خاوەن منداڵی ئۆتیزم باسی دەكەن، لە سەنتەرەكانی راهێنان و چارەسەری ئۆتیزم پارەی خەیاڵییان لێ وەرگیراوە.»
Top