ئامارێک لە ئاماری کۆڕۆنا مەترسیدارتر ....... (( کۆمەڵناس: لەتیف حوسێن ))

ئامارێک لە ئاماری کۆڕۆنا مەترسیدارتر   .......                            (( کۆمەڵناس: لەتیف حوسێن ))
بەپێی نوێترین ئاماری دادگاکانی کوردستان جیابوونەوەو لێکترازانی خێزانەکان جێگەی مەترسیی و ھەڵوەستە لەسەرکردنە، ئەو ئامارانە بە جۆرێکن کە لەماوەی ھەشت ساڵی رابردوودا ٦٢ ھەزار و ٥٠٠ خێزان جیابوونەتەوە، بەمەش رۆژانە ٤٠ خێزان لەیەک جیابونەتەوە، خۆ ئەگەر ھەر خێزانێک تاکە یەک منداڵی بۆ ھەژمار بکەیت، ئەوا ڕۆژانە چل منداڵ بێ ئامێزی خێزان گەورەو پەروەردە دەکرێن و دەبنە قوربانی و لەم بێ ئامێزییەی خێزانیش ئەم منداڵانە دەیان کێشەو گرفتی گەورە بۆ خۆیان و کۆمەڵگەش دروست دەکەن...
جیابوونەوەی ھاوسەران ئاسایی و شەرعی و یاساییە، بەڵام ئەم ڕێژە زۆرەو ھۆکارەکانی پشت ئەم دیاردە مەترسیدارە ئاسایی نییە، لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمە کە رێژەو ژمارەی دانیشتوان و خێزان و پێکھێنەرەکانی کۆمەڵگەی کوردی، بایی ئەوەندە نین کە ئەم ڕێژە زۆرەی جیابوونەوە تۆمار بکرێت، کە نە حکومەت و نە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەوانیتریش تا ئێستا لەمبارەیەوە ھەڵوێستیان نەبووە...
-تەمەنی ھاوسەرگیریی و ئامادەسازی بۆ پڕۆسەی ھاوسەرگیریی ھێشتا لای ئێمە یەکێکە لە ھۆکارەکان، بۆیە ئەگەر تەماشای ئامارەکان بکەین، زۆرینەی ئەوانەی جیابوونەتەوە تەمەنیان لە نێوان ١٦-٢٥ ساڵیدایە، کە بەشێکی زۆری ھاوسەرگیریی لەسەر بنەمای حەزو غەریزە بونیاتنراوە لە ژێر پەردەی خۆشەویستییەکی بێ تێگەیشتن و لێک گەیشتن، لەکاتێکدا خۆشەویستی لەپاش ئەم دوو بنەمایەوە دێن...
-میدیا لەم بوارەدا تەنھا ڕۆڵی بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی ھەیە، بەداخەوە بەشێکی زۆری میدیاکان خۆیان بە بەرنامەو کاری میدیایی دژە خێزانی سەرقاڵکردووەو یەکێکن لەو ھۆکارەی کە بوونەتە ھۆی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی خێزان و لەناوبردنی پێگەو ڕۆڵی خێزان لەپەروەردەی تاکەکاندا...
- دۆخی ناسەقامگیریی ئابووری وڵات و خێزانەکان، کە بەداخەوە ساڵانێکی زۆرە درێژەی ھەیەو تا ھەنووکەش بیر لەچارەسەرکردنی نەکراوەتەوە، ئەوەش ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ لێکترازانی خێزانەکان، کاتێک ساڵانێکی زۆرە ئێمەمانان ھاوار دەکەین کە مووچە نەدان تەنھا ئەوە نییە کە ھەقدەستی فەرمانبەرەکانت نەدەی، بەڵکو دەیان گرفتی گەورە دەخوڵقێنێت، ئەمەی لێدەکەوێتەوە کە ئێستا دەبینرێت...
- تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خراپ بەکارھێنان و ئالودەبوون پێیانەوە، یەکێکی ترە لە ھۆکارەکان.
- تەداخولکردنی کەسی سێیەم لەژیانی ھاوسەران و خێزانەکان...
- کاڵبوونەوەو نەمانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
- ناسەقامگیریی پەروەردەو پەروەردەی خێزانی..
ھەموو ئەمانەش ھۆکارن، ئەگەر بمانەوێ مەترسییەکان لەوە زیاتر کەڵەکە نەبن، پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار، پاشان ھەموومان لەئاست ئەم دۆخەدا ھەڵوەستەمان ھەبێت، چونکە ئەم مەترسییە لەبەر دەرگای ھەمووماندایە.
Top