هەڵەی هەرزەكارانەی نەوجەوانێك چەند خێزان تووشی كێشەی گەورە دەكات

هەڵەی هەرزەكارانەی نەوجەوانێك چەند خێزان تووشی كێشەی گەورە دەكات
گەنج و لاو سامانی گەورەی هەر نەتەوەیەكن و چارەنووسی وڵاتیان دیاری دەكەن. بۆیە جێگەی بایەخ و گرینگیپێدانن و پێویستە لە پەروەدەكردنیاندا كەمتەرخەمی نەكرێت، لە بەر ئەوەی ئەگەر بەلاڕێدا بڕۆن، گرفتی گەورە بۆ خۆیان و كۆمەڵگەش دروست دەكەن. كچێك بەسەرهاتی دڵتەزێنی دەستە خوشك و هاوڕێیەكی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە، داواش لە كوڕان و كچانی نەوجەوان دەكات، پەندی لێ وەربگرن.


گوڵان: كۆمەڵایەتی

كراس و تەنوورەیەكی رەشی لە بەردایە و بە چاوێكی پڕ فرمێسك و لە ناو هەنیسكی گریاندا دەڵێت: «دوو هاوڕێی زۆر ئازیزم هەبوو، یەكیان خۆی كوشت و باری دەروونیی ئەوەی دیكەشیان تێك چووە.» خۆی بە شیلان دەناسێت و، لە بارەی هۆكار و چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەو رووداوانە دەڵێت: «ئێمە سێ هاوڕێ و دەستە خوشك بووین. من و سارا و تریفە، هاوپۆل بووین. من هەمیشە باوكم دەیبردم بۆ قوتابخانە، سارا و تریفەش ماڵیان لە یەك گەڕەك بوو، پێكەوە دەهاتن بۆ قوتابخانە و پێكەوەش دەگەڕانەوە. ئەو كات قوتابیی پۆلی 12 ی وێژەیی بووین، وەك باسم كرد، سارا رۆژانە لەگەڵ تریفەی دەستەخوشكی بە یەكەوە بۆ قوتابخانە دەچوون، رۆژێكی باراناویی زستانی پار، كوڕە پوورێكی تریفە بە ئۆتۆمبێل هەردووكیان بۆ قوتابخانە دەبات، هەر ئەو رۆژە كوڕە سەرنجی سارا بۆ لای خۆی رادەكێشێت و، دوای چەند رۆژێك لەسەر داوای كوڕەكە دوور لە چاوانی تریفە، دەبن بە خۆشەویستی یەكتر، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی كەم بە سەر پەیوەندییەكەیاندا، من بە سارام گوت، كەسێكی شیاوت بۆ داهاتووی خۆت هەڵنەبژاردووە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ كچانی دیكە بینیبووم. سەرەتا بڕوای نەكرد، دواتر بۆی ئاشكرا بوو، بۆیە راشكاوانە قسەی لەگەڵ كوڕەكە كرد و، پەیوەندییەكەیانی پچڕاند، بەڵام كوڕە هەر رۆژە و بە بیانوویەك ئازاری دەروونیی سارای دەدا و هەڕەشەی ئاشكراكردنی پەیوەندییەكەی دەكرد، ساراش نەدەوێرا لە ماڵەوە باسی بكات، چونكە باوك و براكانی دەیانكوشت، هەر ئەو هۆكارەش وای كردبوو كوڕە زیاتر ئیستیغلالی بكات، دواجار كوڕە خۆی دەكاتە فریشتە و پەشیمانی خۆی بۆ دەردەبڕێت و داوای بینینی لێ دەكات، بۆ ئەوەی داوای لێبووردنی لێ بكات، بەڵام سارا باوەڕی بە قسەكانی نەكرد، كەچی لە ترسی هەڕەشەكانی پێشووی رازی بوو بۆ بینینی بچێت، لەو لاوەش كوڕەكە ماڵی برا گەورەكەی دەستنیشان كرد، كە ئەوان ئەو رۆژە لە ماڵ نەبوون، ئەو بە بیانووی مزەخە هەڵكردن و تانكی پڕكردن كلیلەكانی وەرگرتبوو، ماڵی براكەشی لە نزیك ماڵی باوكی بوو، لە ژێرەوەش لەگەڵ دوو لە هاوڕێكانی رێككەوتبوون، دوای هاتنی سارا بۆ ئەو ماڵە چۆڵە وەك تۆڵەسەندنەوەیەك دەستدرێژیی بكەنە سەر، بەڵام سارا پەشیمان دەبێتەوە و ئەو رۆژە ناچێت بۆ ئەوێ، دوو هاوڕێكەش خۆیان لە ماڵەكەدا مەلاس دابوو، چاوەڕێی نێچیرەكەیان دەكرد، لەولاوەش باوكی كوڕە لەدواكەوتنی كوڕەكەی نیگەران دەبێت و كچە تەمەن 16 ساڵانەكەی رادەسپێرێت، تابچێت بە شوێن براكەیدا بۆ ئەوەی بێتەوە، نانی نیوەڕۆ بخۆن. كاتێك كچەكە دەگاتە ئەوێ، یەك لە كوڕەكان دەرگای بۆ دەكاتەوە و دەڵی كەریم لە كوێیە؟ ئەویش دەڵی لە ژوورەوەیە، كچەش دەڵێ بانگی بكە، كوڕەش دەڵێ لە سەربانە خۆت بڕۆ بانگی بكە. كاتێك كچەكە دەگاتە سەر قاندرمەكان، دەرگای لەسەر دادەخەن و دوو كەس دەستدرێژ دەكەنە سەر و وادەزانن سارایە، كێشەكە دەگاتە لای پۆلیس و هەر سێ كوڕەكە دەستگیر دەكرێن، هەڕەشە ترسناكەكانی كوڕەكە لە زیندان سارا بە تەواوی نائومێد دەكات، بۆیە خراپترین بژاری ژیانی هەڵدەبژێرێت و ئاگر لەخۆی بەردەدات و، دوای مانەوەی چەند رۆژێك لە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات. «
هێمن سەعید توێژەری كۆمەڵایەتییە و سەبارەت بەو رووداوانە دەڵێت: «هەمیشە وابووە، كاتێك بەها ئەخلاقی و ئایینییەكان پشتگوێ دەخرێن، كارەسات و تاوان و هەڵەی گەورە روو دەدەن. هەڵەی گەنجێكی لە خوانەترس وای كرد، خوشكەكەی خۆی بكاتە قوربانی و كچێكی بێ تاوانیش پەنا بۆ خۆسووتاندن ببات. هەر چەند سارا دەیتوانی بە ئومێدەوە بژی، بەتایبەتی كە هیچ تاوانێكی نەكردبوو، تەنانەت فریویشی نەخوارد و خۆی لەو هەرزەكارە نامەردە و هاوڕێ ناكەسەكانی دوور خستەوە. بەڵام كە تاوانەكە رووی دا، دەبینین خێزانێك رەشپۆش بووە و كچێكی بێ تاوانیان لە دەست داوە، خێزانێك كوڕێكی لە زیندانە و كچێكیان بە تەواوی باری دەروونی تێكچووە، دوو خێزانی دیكەش هەر یەكەو كوڕێكیان زیندانی كراون. واتە هەڵەی هەرزەكارێك چەند خێزانی تووشی شۆك و كێشەی گەورە كردووە. بۆیە زۆر پێویستە باوان زیاتر ئاگاداری منداڵی هەرزەكاریان ببن و بە هەموو شێوەیەك دەبێت هەوڵ بدەن لە پەروەردەی دروستیان خافڵ نەبن».
Top