گۆڕێكی بەكۆمەڵی دایكانی ئێزدی لە شنگال هەڵدەدرێتەوە

گۆڕێكی بەكۆمەڵی دایكانی ئێزدی لە شنگال هەڵدەدرێتەوە
ئەگەرچی هێشتا دەیان گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان هەڵنەدراونەتەوە و، چەندین ئافرەت و منداڵی ئێزدی چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە، ژمارەیەكی زۆریشیان لە كەمپەكان ژیان بەسەر دەبەن، بەڵام رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، رەنگە سەرەتایەك بێت بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی ناوچەكە و گەڕانەوەی خەڵكی رەسەنی شنگال بۆ زێدی خۆیان. لەئێستاشدا گۆڕێكی بەكۆمەڵی دایكانی ئێزدیی لە شنگال هەڵدراوەتەوە، كە هەموویان خەڵكی گوندی كۆجۆن. رووفاتی نزیكەی 78 ئافرەتی كوردی ئێزدی بە تەمەن لەو گۆڕەدان كە لەلایەن چەكدارانی داعش لە ساڵی 2014 كۆمەڵكوژ كراون، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان خوێندنەوەی زیاتریان بۆ بابەتەكە هەیە.


گوڵان: كۆمەڵایەتی

سەرەتا د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، لەئاخافتنێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان راگەیاند: «دۆزینەوەی گۆڕی بە كۆمەڵی دایكانی ئێزدی لە گوندی كۆجۆ برینی جینۆسایدی ئێزدییەكانی لەدڵی كوردستان هێنایەوە سۆ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم ئەو وڵاتانەی كە بێدەنگییان هەڵبژارد و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەیان بە تیرۆریست و مرۆڤكوژ نەناساند، دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتی. گەلی كوردستان یەكێكە لەو گەلانەی كە زۆرترین تاوانی بەرامبەر كراوە و زۆرترین ئاسەواری تاوان و كۆمەڵكوژی لەسەر خاكەكەی بەڵگەی قوربانیدان و خۆڕاگری و ئاشتیخوازیی ئەم گەلە و دڕندەیی و سامناكیی دوژمنەكانین، هەرگیزیش لە مێژوودا گەلی كورد دەستدرێژیكار نەبووە، بەڵكو بەردەوام بەرگریكار و پارێزگاری خاكەكەی بووە.»


سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە «قوربانیانی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵە كە سەرجەمیان دایكەكانن، مۆری دڕندەیی و بەربەری دەدا لەناوچاوانی ئەو هێزە هاودژە لەگەڵ پرەنسیپی پارێزگاریكردن لەژیان كە داهێنانی كرد لە دۆزینەوەی فۆرمەكانی توندوتیژی و دڕندەیی بە بەرچاوی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی سەردەمی پاش مۆدێرنە و جاڕدانی ژینی مرۆڤانەتر بۆ مرۆڤەكان.» پێویستە دۆزینەوەی ئەم گۆڕە بەكۆمەڵە هۆكارێك بێت بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانەی بەرامبەر ئێزدییەكان كرا و زیانلێكەوتوان قەرەبوو بكرێنەوە، گوتیشی: «یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان خۆشحاڵە بە رێككەوتننامەی شنگال لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ و پێمانوایە ئەو رێككەوتننامەیە ئاسۆی چارەسەر و ئاساییبوونەوەی بارودۆخی شنگال و گێڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ خەڵكی ئەو دەڤەرە ئازیزەی كوردستان كردووەتەوە و، هیوای گەڕاندوەتەوە بۆ هاونیشتمانیانی شنگال و گشت كوردستان و هیوادارین هەرچی زووترە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.»
حسێن قاسم حەسون پسپۆڕ لە تاوانی جینۆساید و راوێژكاری سەرۆكی هەرێم، سەرەتا سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكات بۆ ئەو گرنگی پێدانەی بە كوردانی ئێزیدی و هاوكات دەڵێت: «دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێزیدی بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە میللەتی كورد بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی دوچاری جینۆساید و كۆمەڵكوژی بووە. بەخۆشحاڵییەوە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بەتایبەت سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە ئێستا و لە رابردووشدا هەوڵیان بۆ ئەوە داوە كە كەیسی شنگال بكرێتە كەیسێكی نێودەوڵەتی، هاوكات كاك نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكی حكومەت بوو، ئۆفیسێكی لەشاری دهۆك دانا بۆ رزگاركردنی كچان و ژنانی ئێزیدی لە ژێر دەستی داعش، تا ئێستا زیاتر لە 3350 ئافرەت لەدەستی داعش رزگاركراون، زیاتر لە 2880 رفێنراویش لەدەستی داعشدا ماون و هێشتا دەستی رزگاركردنیان پێ نەگەیشتووە، زیاتر لە 80 گۆڕی بەكۆمەڵیش دۆزراونەتەوە، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوێكی نێودەوڵەتی كە پسپۆڕە لەهەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان».
هەر سەبارەت بە دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان زیاتر گوتی: «لەرێگەی شایەتحاڵەكان شوێنەكانمان دەستنیشان كرد، هەتا ئێستا 345 روفات لە 17 گۆڕی بەكۆمەڵ دەرهێندراون، نزیكەی 100 رووفات لەرێگەی وەرگرتنی سامپڵ و دی ئێن ئەی ناسراون، كە كارەكان تەواو بوون، رووفاتەكان دەدەینەوە كەسوكارەكەیان و لە چوارچێوەی عورفی دینی لە گۆڕستانێكی تایبەت دەنێژرێن.» گوتیشی: «لەساڵی 2017 ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری 79/23 ی دەركرد، ئەویش بۆ دامەزراندنی لیژنەیەكی تایبەت بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەكان بە مەبەستی گەیاندنی تاوانەكانی داعش بە دادگا، تاوانەكان كە بریتین لەتاوانی جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ. جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی بە دامەزراندنی ئەو لیژنەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆر خۆشحاڵ بوو، لەگەڵ سەرۆكی لیژنەكە لەپەیوەندیدایە بۆ ئەوەی كارەكان بە ئاراستەیەكی باشدا بڕۆن و هاوكات هاوكاری زۆری لیژنەكەش دەكات، ئەوە یەكەم جارە لیژنەیەكی دوەلیی پسپۆڕ و شارەزا بێت و هەوڵی كۆكردنەوەی بەڵگەكانی تاوانی وەحشیگەریی داعش دژ بە كورد بدات»، سەبارەت بە گۆڕی بەكۆمەڵی دایكانی ئێزیدییش گوتی: « پێشبینی دەكرێت 78 ئافرەت بن، بەڵام رەگە كەمتر یان زیاتر بن، ئەو ئافرەتانە دانیشتووانی گوندی كۆجۆ بوون، لە 15 ی ئابی ساڵی 2014 لەئافرەتە گەنجەكان جیادەكرێنەوە، داعش پێیوابووە ئەو ئافرەتانە بۆ بازرگانی سێكسی و سوق سەبایە بە كەڵك نایەن، پێیانوابوو مانەوەی ئەو ئافرەتانە بۆ ئەوان دەبنە بارگرانی، لەبەر ئەوە هەموویان دەكوژن و دەیانخەنە ناو گۆڕێكی بەكۆمەڵ، ئافرەتەكان تەمەنیان لە سەرووی 40 ساڵی بوون، لەناویاندا ئافرەتی 80 ساڵ و 90 ساڵیش هەبوون.» گوتیشی: «بەهۆی كۆكردنەوەی بەڵگەكان دەتوانین لەرێگەی دادگاوە خزمەتێكی بچووك پێشكەشی كوردانی ئێزیدیی شنگال بكەین، دادگا سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە ناچار دەكات، داوای لێبووردن لەكەسوكاری قوربانیان و لەو هاووڵاتییانە بكات كە بە دەستی داعش ئازار دراون، دووەم شت قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و كەسوكاری قوربانیانە، سێیەم هەنگاونان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی قوربانیان و رێگریكردن لەدووبارە بوونەوەی تاوان و توندوتیژییەكانە.»
لە سێی ئابی ٢٠١٤دا، تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر شنگال و بەم هۆیەوە زیاتر لە ٣٦٠ هەزار ئێزدی ئاوارە بوون، ٦٧ مەزاری ئێزدییان تەقێندرانەوە، رفاندنی زیاتر لە سێ هەزار كچ و ژن و منداڵ، لەئەنجامی برسییەتی و تینوویەتی زیاتر لە ٦٠٠ كەس لە پیر و ئافرەت و منداڵ گیانیان لەدەست دا.
١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ هێزەكانی پێشمەرگە، بە سەرپەرشتیی راستەخۆی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان، سەرۆك مسعود بارزانی و پاڵپشتیی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانێتی ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال دەستپێكرد و لەشەو و رۆژێكدا، شنگال كۆنتڕۆڵ كرایەوە و دواتر سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر چیای شنگال لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەییدا، ئازادكردنی شنگالی راگەیاند.
لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٠، گوتەبێژی حكومەتی عێراق، رێككەوتنی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە بارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ شارەكە راگەیاند.
Top