كێشە كۆمەڵایەتییەكان پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوەی بەپەلە هەیە

كێشە كۆمەڵایەتییەكان پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوەی بەپەلە هەیە
هەڵكشانی كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەیان پرسیاری دروست كردووە، لەوانە: ئایا هۆكارە ریشەییەكانی ئەم كێشانە چین؟ لە كۆمەڵگەی كوردیدا تاچەند ئاسایشی خێزان پارێزراوە؟ پێویستە چی بكرێت بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە خراپ و زیانبەخشەكانی ئەو گرقتانە و هەروەها ئایا پەتای كۆرۆنا تا چەند كێشەی كۆمەڵایەتی زیاتر زەق كردۆتەوە؟ ئایا پەتای كۆرۆنا هیچ لایەنێكی ئەرێنی و باشی هەبووە لەسەر دۆخی كۆمەڵایەتی كە بكرێت ئاماژەی پێ بكرێت؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری دیكە هەن، كە بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان وەڵامیان داوەتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

دەروونزان یوسف عوسمان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «كاتێك باس لە كۆمەڵگەی كوردی دەكەین، دەبێ بزانین ئایا ئاسایشی تاك و خێزان و كۆمەڵگە پارێزراوە؟ كۆمەڵگەی كوردی لەناو كۆمەڵێك قەیراندایە، لەوانە قەیرانی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەوانەش وادەكەن كۆمەڵگەیەكی ئاكاری دروست ببێت و شوناسی دیار نەبێت.»، گوتیشی: «كۆمەڵگەی كوردی لە ژێر فشارێكی زۆردا دەژی و هیچ ئامانجێكی رۆشنی بۆ ئایندە نییە، تەنانەت جۆرێك لە سەرلێشێواوی لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگە بەدی دەكرێت، تاكەكان دابەشی سەر دوو گرووپ بوون، نەوەی كۆن تا ئاستێك خۆی لەگەڵ بارودۆخی كۆمەڵگە گونجاندووە و شانازی بە رابردووی خۆی دەكات، بەڵام نەوەی نوێ كە لە رابردوودا نەژیاوە، بەڵكو هیچ بەرنامەیەكیشی بۆ داهاتووی خۆی نییە، ئەو نەوەیەكی تەنیایە و بە جۆرێك لەجۆرەكان رووتەڵە كراوە لەهەموو سۆز و خۆشەویستییەك و هەموو پەیوەست بوونێكی كۆمەڵایەتی و خۆی بە بەشێك لەئامێرە ئەلیكترۆنییەكان داناوە و هاوڕێی راستەقینەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانە، هاوكات هاتنی پەتای كۆرۆنا هەموو سیستەمەكانی ژیان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی لاواز كرد، تا راددەی هەڵوەشانەوە و تەنانەت مرۆڤی گۆشەگیر كرد، ئەو پەتایە جگە لەوەی مەترسیی تەندروستیی خستە ناو كۆمەڵگە، دڵەڕاوكێشی بەدوای خۆیدا هێنا و خەڵك پەرۆشی ئەوەیە كە كەی كۆتایی دێت و ژیان ئاسایی دەبیتەوە». ئەو دوروونناسە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «ژیانی پێش كۆرۆنا لەهەموو سێكتەرەكان جیاواز تر بوو، لە رووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و خوێندن و پەروەردەش، لێرەوە پێویستە حكومەت لە هەوڵی ئەوەدا بێت كە ئاسایشی خێزان بپارێزێت و تاكەكان هەست بە دڵنیایی بكەن، ئەویش لە رێگەی چاككردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی تاك و بەرامبەركردنی ئەرك و ماف و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر تاكەكانی كۆمەڵگە، هەموو ئەوانە باشترین دڵنیایین و ئەوكات تاك لە كۆمەڵگەیەكی تەندروست نیشتمان بە نیشتمانی خۆی دەزانێت، كۆمەڵگەش لە رێگەی پاراستنی ئاسایشی تاك تەندروست و بێ گرفت دەبێت.»
رەحمان عەلی ماستەر لە كۆمەڵناسی پەروەردەیی، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «لە ئێستادا كێشە كۆمەڵایەتییەكان زۆر بوون و، لەگەڵ گرفتە ئابوورییەكانیش زۆرتر دەبن، چونكە نەبوونی و هەژاری سەرچاوەیەكی بەهێزی كێشە كۆمەڵایەتییەكانە.» هاوكات دەڵێت: «هەموو كێشە كۆمەڵایەتییەكان لەخێزانەوە سەرچاوە دەگرن، كاتێك خێزان رووبەڕووی كێشە بوویەوە و، كاتێك خێزان بە ناچاری لەبەریەك هەڵوەشایەوە، ئەوكات كێشەكان لە نێو خێزانەوە بۆ ناو كۆمەڵگە دزە دەكات و، كۆمەڵگەش تووشی گرفت و ناخۆشی دەكات، هەركاتێكیش كۆمەڵگە كێشەی تێكەوت، جارێكی دیكە گرفتە خێزانییەكان زیاد دەبن، گەورەترین كێشەی كۆمەڵگەش كێشەی پەرووەردەییە و لەكوردستاندا تەنیا لایەنی فێركردن وەرگیراوە و لایەنی پەروەردەیی فەرامۆش كراوە، لە ئێستاشدا بەهۆی پەتای كۆرۆنا و باری سەختی ئابووری كێشە كۆمەڵەیەتییەكان زۆر زیاد بووە، هەرچەندە كۆرۆنا لەسەرەتای پەیدابوونی و لەكاتی كەرەنتینە خزمەتێكی گەورەی كۆمەڵایەتی پێشكەش بە خێزانەكان كرد و توانی تێكڕای ئەندامانی خێزان لە ماڵێك و لەسەر سفرەیەك كۆبكاتەوە.»
كۆمەڵناس رووخۆش ئەمین، رای وایە: «كێشە كۆمەڵایەتییەكان زۆرن و ناتوانرێ لە چەند دێرێكدا ئاماژەیان پێ بكرێت، بەداخەوە لە كۆمەڵگەی كوردیدا هەستی بەرپرسیارێتی تاك زۆر لاوازە و لای هەندێك كەس هەستێكی نامۆ و نەناسراوە، ئەوەش بۆ نزمیی ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیریی تاكەكان دەگەڕێتەوە، لەئێستا هۆكارەكانی پشت سەرهەڵدانی كێشە كۆمەڵایەتییەكان زۆرن و لە هەموویان زیاتر خراپیی باری ئابووریی خێزانەكانە، كە ئەمڕۆ بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بێ مووچەیی داهاتی تاك زۆر كەم بۆتەوە، هەژاری لەنێو هەندێك خێزان گەیشتۆتە ئاستی دروستبوونی گرفتی گەورە و تەنانەت جیابوونەوەی هاوسەران و تێكچوونی شیرازەی خێزان و پەرتەوازەبوونی منداڵ، ئەوەش پێویستی بەوە هەیە كە حكومەت و لایەنە بەرپرسەكان ئاوڕی جددی و بەپەلەی لێ بدەنەوە.» گوتیشی: «سەرەڕای هەموو ئەو گرفتانەی كە هەن، پابەندنەبوونی تاك بە رێنماییە خۆپارێزییەكان گرفتێكی گەورەی ئەمڕۆمانە، بەداخەوە دەبینین تێكەڵاویی خەڵك زۆر زۆرە، لێرە و لەوێ ئاهەنگگێڕان و پرسەدانان لەناو ماڵەكان و هاتوچۆی نێو خێزانەكان و سەردانیكردنی نەخۆش و چوونە سەیرانگای بەكۆمەڵ دەبینین، هەموو ئەوانە زەنگێكی مەترسیدارن و دواجار بەخۆمان باجەكەی زۆر بە خراپی دەدەینەوە. »
Top