تۆکمەیی خێزان و بەھا بەرزەکانی کۆمەڵگە ... (( شکار دۆلاشی ))

تۆکمەیی خێزان و بەھا بەرزەکانی کۆمەڵگە  ...    (( شکار دۆلاشی  ))
ئەمڕۆ کۆمەڵگەکەمان لەھەر کارێکی دیکە زیاتر پێویستی بە تاکی چاکەخواز و چاکساز ھەیە، ئەزموونی مرۆڤایەتی دەیسەلمێنێت بەبێ تاکی بەھێزو خێرخواز ئەستەمە سیستەم و یاسا و بەرنامە لە ھیچ کۆمەڵگەیەکدا جێبە جێ بکرێت ھەرچی گۆڕانکاریی و پێشکەوتنی مرۆڤایەتییە جێ پەنجەی تاکەکانی کۆمەڵگەی لەسەر نەخشێندراوە، گومانیش لەوەدا نییە پەروەردە بوونی ئەم تاکە لەسەر چاکە کاریی و خزمەت و دڵسۆزیی بۆ کۆمەڵگەکەی بنەمای پێگەیشتن و داھێنان و بە خشینیەتی، ئەم پەروەردە بوونەش کە لەسەرەتای ھاتنە ژیانەوە دەستپێدەکات خێزان ڕۆڵی سەرەکی ھەیە، کە تیایدا خێزانی تۆکمە و پەروەردە کراو تاکی پەروەردە کراو و تەندروست بەرھەم دەھێنێت، بۆیە ھەر پێشکەوتن و گۆڕانکاریی و تەکنەلۆژیایەک زیان بە پێگەی خێزان بگەیەنێت دەبێت ڕێگری لێ بکرێت و بەرەنگاریی ببینەوە و چارەسەری بۆ دابنرێت، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین ھیچ فلتەرێک لەو بوارانەدا لەئارادا نییە، ئەوان وا خەریکن لەناو خێزانەکانماندا شاڵاومان بۆ دێنن و ھەرچی ڕیسەکانمان کە ھەیە دەیکەنەوە بە خوری، واتە ئەو کەلتورەی کە بۆ ماوەی چەندین نەوەی پێش ئێمەیە بە چاک و خراپیەوە بە جوان و ناشیر ینییەوە وا بە بەرچاومانەوە تێک وپێک دەشکێنرێت بێئەوەی چارەسەرێکی گونجاوی لەئاستی خۆیدا بۆ دانرابێت، دڵنیام شاڵاوی ئەوان و جگە لەوانیش توانای نەھێشتن و لەناوبردنی بەھا خێزانییەکانی ئێمەیان نابێت، ئەویش لەبەر ڕیشە داکوتراوی و پتەوی ئەو بنەمایانەیە، ھەروەھا بەھۆی گونجاویان لەگەڵ فیترەت و سروشتی کۆمەڵگەکەمان و کاریگەریی بەھێزی ئایین لەسەرمان.
بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت گرفتمان بۆ دروست ناکەن و کاریگەریی مەترسیداریان نابێت، بە پێچەوانەوە لەچەند دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵگەی کوردی تووشی کۆمەڵێک نە خۆشی دژوار ھاتووە، کە پێشتر ئەو نەخۆشییانەی بە خۆوە نەدیوە، بێگومان بەشی ھەرە زۆریان کاریگەریی ئەو شاڵاوەیە، ئێمە بۆ پارێزگاری لە تۆکمەی خێزان و بەھا باڵاکانی بەو ھۆیەشەوە بۆ پارێز گاریکردن لەنەریتە ئەرێنییەکانی کۆمەڵگە دەکرێت تاکی کوردی لە دوو بواردا ھۆشیار بکەینەوە
١ناسین و ناساندنی گرفتە ھاوچەرخەکانی خێزان لەسایەی پێشکەوتنی تەکنە لۆجیا و بە کاڵا بوونی بەھاکان پاشان مەترسی و لێکەوتەکانی ئەم شاڵاوە و چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵیدا.
٢دەست خستنە سەر خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی کەلتوورو دابونەریتی خێزان و کۆمەڵگەی کوردی، چونکە ناکرێت ئەوەی بۆمان ماوەتەوە ھەمووی بە پیرۆز سەیر بکرێت و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، کەلەپوور و ئایین پرۆسەیەکی زۆر گرنگن لەم سە ردەمەدا، بێگومان کۆمەڵێک دابونەریتی خێزانیش ھەن ئەگەر بە وریاییەوە ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ نەکەەین بە دڵنیاییەوە بە کەڵکی ئەمڕۆمان نایەن.
Top