كۆرۆنا باوان و قوتابیانی ناچار كردووە خۆیان لەگەڵ سیستمی نوێی خوێندن بگونجێنن

كۆرۆنا باوان و قوتابیانی ناچار كردووە خۆیان لەگەڵ سیستمی نوێی خوێندن بگونجێنن
گوڵان: كۆمەڵایەتی

بەهزاد تاهیر هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە كارگێڕی داھێنان و داراییە سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «سیستەمی ئەلیكترۆنی كە ئێستا بەهۆی پەتای كۆڕۆنا بۆتە جێگرەوەی خوێندنی ناو قوتابخانەیە، شتێكی باشە و بە لایەنی كەمەوە وا دەكات، قوتابی لە سیستەمە باوەكانی جیهان و لایەنی تەكنەلۆژیا و خوێندنی ئۆنلاین شارەزا بێت. لە زۆربەی زانكۆ بەناوبانگ و پێشكەوتووەكانی جیهان جۆری خوێندنی ئۆنلاین هەیە، كە ئاسانكاری دەكات بۆ ئەوانەی ناتوانن لە هۆڵەكانی خوێندن ئامادە بن، بە هۆی سەرقاڵی و زۆریی كاری رۆژانە و دووریی رێگا و كۆمەڵێك فاكتەری دی.» هاوكات دەڵێت: «لە كوردستان وەك هەموومان دەزانین ئاستی قوتابخانەكان زۆر نزمە، هەم لە رووی كوالێتیی خوێندن و هەم لە رووی ئاستی مامۆستا و قەرەباڵغی و ژمارەی زۆری قوتابی لە ناو پۆل و هۆڵەكان، ئەوانەش وای كردووە كە ئاستی خوێندن زۆر نزم بێت و، قوتابی گرنگی پێ نادرێت و، تەنانەت نیوەی كتێبەكان تەواو ناكرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی قوتابی. ئەم بارودۆخە و مانەوەی قوتابی لە ماڵەوە وای كردووە، ئەركی دایك و باوك قورستر بێت و پێویستە ببن بە مامۆستای منداڵەكانیان. بە شێوەیەك كە دەتوانم بڵێم لە هیچ ساڵێكی خوێندنی منداڵەكانم كتێبەكان، یان مەنهەجی خوێندنیان تەواو نەكردووە، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی ئەوەی كە بەشێكی كاتی خۆم بۆ ئەوان تەرخان كردبوو، توانییان تەواوی مەنهەجی داواكراو بخوێنن، بە ئەنجام و تێگەیشتنی زۆر باش. كەواتە ئەگەر هەموو دایك و باوكێك بڕێك لە كاتەكەی خۆیان بۆ فێربوون و یارمەتیدانی منداڵەكانیان تەرخان بكەن، بە دڵنیاییەوە ئەو بۆشاییەی نەبوونی قوتابخانە كێشەی گەورە و جددی نابن لە بەردەم ئاستی زانستی قوتابی، وەك دەزانین كە لەم سەردەمەدا كۆمپیۆتەر و ئەنتەرنێت و تەكنەلۆژیای زانیاری گرنگترین و سەرەكیترین مامۆستا و رێنیشاندەرن بۆ هەموو كەسێك و لەو رێگەیەوە هەموو وەڵامێكی دەست دەكەوێت.
تانیا جەمال بەرپرسی پەیمانگەی ناوین بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سەبارت بە هەمان پرس دەڵێت: «پەتای كۆرونا كاریگەری لەسەر تەواوی ژیانی تاك و كۆمەڵگە كردووە، بە هەموو دامودەزگا و سێكتەرەكانەوە، پێش هەمووانیش خێزان و بەتایبەتی ئەو خێزانانەی منداڵانیان لە قوتابخانەن و پێویستیان بە هاوكاریی خێزانەكانیان هەیە، لە كاتێكدا لە كۆمەڵگەی ئێمە قوتابخانە وەك مەكینەیەكی چەند كاتژمێری كار دەكات و كۆتایی دێت و، زۆر جار نازانی كەی دەستی پێكرد و كەی تەواو بوو لەگەڵ ئەوەش ئەو پەتایەشی هاتە سەر و ئەركەكانیان قورستر بوو، بەتایبەتی بۆ ئەو دایك و باوكەی دەوامیان هەیە و منداڵەكانیش لەماڵەوە لەسەر كۆمپیۆتەر و ئایبات و مۆبایلن، ئەوە جگە لەو دایك و باوكە نەخوێندەوار و هەژارەی كە نازانێت چی بكات و لە كوێوە دەست پێ بكات. بەڕاستی بابەتەكە بە كۆی گشتی قورس كەوتۆتەوە لەسەر حكومەت و لەسەر خێزانیش، لەبەر ئەوەی ئەگەر دەرگای قوتابخانەكان بە تەواوی بكرێنەوە كەس نازانێت چ كارەساتێك ڕوودەدات، ئەوەش كە دەكرێتە ئەلیكترۆنی، یا ئۆن لاین ئەوەش ئەركەكە بۆ خێزانەكان قورستر دەكات، بەڵام بە راستی رێگە چارەی دیكە نییە و خێزانەكان ناچارن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ دۆخەكە، بەهیوای ئەوەین تا كۆڕسی دووەم كۆتایی بێت و قوتابیان بگەڕێنەوە ناو قوتابخانەكان و ژیان ئاسایی ببێتەوە.»
رۆژنامەنووس و توێژەری كۆمەڵایەتی عوبێد خدر گۆمەشینی، ئاماژە بەوە دەكات: «كۆرۆنا لێكەوتەی زۆری بۆ مرۆڤایەتی هەبووە، چ لە رووی تەندروستی و ئابووری و سیاسییەوە، چ لە رووی كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە، واتە ئەم پەتایە هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ و دەستەوەستان كردووە، بۆیە وەك دەزانین وەزارەتی پەروەردە لە ژێر رێنمایی تەندروستی و بارودۆخە هەنوكەییەكانی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی سەبارەت بە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دەركرد، درەنگتر لە ساڵان دەرگای ناوەندەكانی خوێندن كرایەوە، لە 9/27 بۆ پۆلی 12 ئامادەیی و پیشەییەكان، پۆلی 1و 2 بنەڕەتی 10/10، ئەویش بە پابەندیی رێنماییە تەندروستییەكان، بۆیە هەم بۆ مامۆستایان و هەمیش بۆ دایك و باوكان، كارێكی نوێ و سەختە خۆڕاهێنان لەگەڵ ئەم بارودۆخە بەتایبەتی قوتابی پۆلی 3 بنەڕەتی تا 11 ئامادەیی، چونكە بە ئەلیكترۆنی كردنی خوێندن كارێكی قورسە بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستای كوردستان، واتە خوێندنی قوتابی لە ماڵەوە، بە سەیركردنی تیڤی پەروەردەیی، یان لە رێگەی پەیجی پەروەردەوە كارێكی ئاسان نییە، چونكە قوتابی ئێمە فێری ئەم جۆرە خوێندنە نییە، لە رووی دەروونییەوە قوتابی هەست بە بێزاری و بێتاقەتی دەكات، چەند كێشەیەك دروست دەبێت، وەك پابەندنەبوون بە كاتی وانەكان، ئەو مامۆستای وانەكە دەڵێتەوە، مامۆستای قوتابیەكە نییە و گوێی بۆ ناگرێت، بێتاقەتی لە بەرامبەر تەلەفزیۆن، بە جددی وانەكان وەرناگرێت، چ لە رووی دەنگی مامۆستا و شێوەی گوتنەوەی وانەكە، واتە شێواز و روخساری مامۆستاكە، كەسێكی دیكە و جۆرێكی دیكەیە، هەروەها قوتابی زیاتر لە مامۆستایەك تێدەگات و شت وەردەگرێت، كە راستەوخۆ لە ناو پۆل وانەی پێ بڵێ، بۆیە ئەركی سەرشانی دایك و باوك لەم قۆناغە قورسە، پێویستە چاودێریی كاتی وانەكان بكەن، بەڵام دایك و باوكیش كار و ئیشیان هەیە و ناتوانن بە بەردەوامی خەریكی منداڵەكەیان بن. خوێندن لە ماڵەوە پرۆسەیەكی قورسە و كاریگەری خراپیشی لەسەر داهاتووی پرۆسەی خوێندن و فێربوون دەبێت، بەڵام پێویستە دایك و باوك چاودێرێكی باش و خەمخۆرێكی ئارام بن و خۆیان و منداڵیان لەگەڵ ئەو دۆخە بگونجێنن.»
Top