سۆزە ساماڵ: ئەزموونی خۆم و زانیارییەكان هەمیشە لەگەڵ خانمان و منداڵان دابەش دەكەم

سۆزە ساماڵ:  ئەزموونی خۆم و زانیارییەكان هەمیشە لەگەڵ خانمان و منداڵان دابەش دەكەم
سۆزە ساماڵ خەفاف هەڵگری بڕوانامەی ماستەری نێودەوڵەتییە لە چارەسەر بە وزە، بڕوانامەی (راهێنەری ژیان)ی ژیانی هەیە و، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان تیشك دەخاتە سەر هەنگاوەكانی چارەسەركردن بە وزە و ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوەی ئەو لەو بوارەدا تا ئێستا دەیزانێت، تنۆكێك ئاوە لە زەریایەكدایە، ئەوەش دەخاتەڕوو كە لە ساڵی 2009وە لە كوردستان و وڵاتی هۆڵەنداش بە شێوەیەكی خۆبەخش كار لەو بوارانەدا دەكات و چەندین كۆڕ و سیمیناری لە بواری كارەكەی بۆ هاووڵاتییان و بەتایبەت بۆ خانمان و منداڵان گێڕاوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی


* سازە ساماڵ چ بەسەرهاتێكی هەیە و ئایا دەكرێ باسێكی كورتی كارەكانت بۆ خوێنەرانی گوڵان بكەیت؟
- لەبنەماڵەیەكی ناسراوی شاری سلێمانی لە پاییزی ساڵی ١٩٧٠ چاوم بە دنیادا هەڵهێناوە، وەكو زۆربەی خێزانە كوردەكانی كوردستان لە رووداو و مەینەتییەكان كە بەسەر كورد هاتووە، خێزانی ئێمەش بێبەش نەبوو، هەر لە ژیانی پێشمەرگایەتی و ماڵ تاڵانكردن و دوورخستنەوە بۆ باشووری عێراق و تا جەنگ و نەهامەتی كە بووە هۆكاری لەدەستدانی خۆشەویستترین و نزیكتترین كەس لە رۆحمەوە كە باوكم بوو، كە لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا جوانەمەرگ بوو. من ئەوكات هێشتا كچێكی تەمەن یازدە ساڵان بووم، لەدوای ئەو كارەساتە لە زنجیرە كارەساتێكی زۆر ناخۆش ژیانمان كرد.ماوەی بیست و پێنج ساڵێكە كوردستانمان بە جێ هێشتووە و لە هۆڵەندا لەگەڵ هاوسەر و كوڕەكانمدا نیشتەجێن.
* ئەو بوارانە چین كە كارت تێدا كردووە؟
- ئەمانە چەند نموونەیەكن لەو بوارانەی چارەسەر بە وزە كە شارەزایی تەواوم تیایدا هەیە و بە سەركەوتوویی كارم پێ كردووە:
Reiki masrer
Reiki playshop for children
Pranic healing ( basic, advanced, psychothreapy )
Foot Reflexology
Quantom Touch
Access the Bars
* چۆن بیرۆكەی كار كردنت لەو بوارانەدا لا دروست بوو و چ شتێك هانی دایت؟
- گەورەترین شۆك لە ژیانمدا ئەوە بوو كە هەر زوو بۆم دەركەوت ئەو هەموو خەون و خەیاڵەی كە لە كۆڵەپشتەكەمدا هەڵمگرتبوو لەگەڵ ئەو ژیانە تازەیەمان یەكی نەدەگرتەوە، هەموو شتێك نامۆ و قورس بوو، خەمی دووری و غەریبی هەستم دەكرد، كێشەی گەورەیە و پاشماوەی مرۆڤم، بە واتای وشە، خۆم بە كەسێكی هیلاك و ماندوو دەزانی، كە بەردەوام لە راكەڕاكەدا، لە نێوان فێربوونی زمان و ئیشكردن و ئەركی ماڵ و بەخێوكردنی دوو منداڵ بوو. واتە لە ژێر بارێكی زۆر سەختی دەروونیدا دەژیام، لەگەڵ ئەوەشدا سەرئێشەیەكی زۆر قورس ( شەقیقە) زوو زوو فشاری بۆ دەهێنام، بە شێوەیەك ژیانی لێ تاڵ كردبووم. خانمێكی هیندی و هاوكارم پێی وتم: من رێگاچارەیەك دەزانم بۆ چارەسەری سەرئێشەكەت، ئەویش چارەسەرە بە وزە، بە ناوی «رایكی». لە مانگی نیسانی ٢٠٠٤ قۆناغی یەكەمی رایكیم وەرگرت و سوپاس بۆ خوای گەورە بۆ هەتا هەتایی شەقیقە و سەرئێشەم لەكۆڵ بووەوە. لەو كاتەوە عەشقی هەموو زانیاری و شێوازێكی چارەسەری سرووشتی بووم، هاوكات دەستم كرد بە خوێندنی دەروونزانی و پراكتیزەكردنی لە ژیانی رۆژانەدا، چەندان كۆرسیشم دەربارەی شێوازی بیركردنەوە و كاریگەریی هێزی ناخ لە سەر ژیانمان، بینی و تا ئێستاش بەردەوامم و ئەوەی من دەیزانم تنۆكێك ئاوە لە زەریایەكدا. لە ساڵی ٢٠٠٩ وە لە كوردستان و هۆڵەندا كار لەو بوارانەدا دەكەم، ئەزموونی خۆم و زانیارییەكان هەمیشە لەگەڵ خانمان و منداڵان دابەش دەكەم. لە ساڵی ٢٠١٠ وە هەر كاتێك سەردانی كوردستانم كردبێت، چەندان كۆڕ و وۆركشۆپ و دەورەی بەرفراوانم ئەنجام داوە، لەگەڵ ئەوەی چەندان كۆڕسم بە ناوی «مەرجە سەرەكییەكانی ئاسوودەیی دەروون» پێشكەش كردووە، كە تا ئێستا كەسانێكی زۆر سوودیان لێ بینیوە.
* ئامانجت لەم كارانە چی بووە؟
- بێ دوودڵی، دەتوانم بڵێم: بۆ خزمەتكردن و بە ئاگاهاتنەوەی مرۆڤایەتی بووە، بەتایبەتی بەئاگاهاتنەوەی كورد لە هەرشوێنێك بێت، بۆ ئەوەی بزانین گرتنەوەی جڵەوی ژیانمان بە دەستی خۆمانەوەیە، لە راستیدا ئەوەی كە خۆم سوودم لێ وەرگرتووە، بەو پەڕی خۆشەویستی و دڵسۆزییەوە بۆ هەموو كەسێكی دیكە بە رەوام بینیوە، بەڵگەشم بۆ ئەوە ئەوەیە كە ماوەی ١٠ ساڵە بە خۆبەخشی ئەو هەموو كارەم ئەنجام داوە و، هەمیشە وتوومە كارەكانم و ئەنجامی كارەكانم گرنگن. نزا و فرمێسك و گریانی كەسێك كاتێك پێم دەڵێت: تۆ بوویت، بەهۆی ئەوەی من بە ئاگا بێمەوە و ژیانم گۆڕا، یان ئەو ئازارەی لە جەستەمدا هەبوو، نەماوە، پێموایە هەندێ شت هەن بە هەموو پارەی دنیا ناكڕدرێت.
* ئەو هێز و متمانە زۆرەت چۆن لای خۆت دروست كرد؟
- متمانە و هێزم لەوەدایە كە هیچ شتێك ناڵێم و نایكەم، ئەگەر خۆم لە ژیانی خۆم لە لایەنی چارەسەری دەروونی و جەستەییدا تاقیم نەكردبێتەوە، ئەو كاتە بەو پەڕی بڕواوە دەڵێم: «كە من بتوانم، واتا تۆش دەتوانی.» لە بەر ئەوەی هەر كارێك دەكەم لە ناخی دڵ و رۆحمەوە بە ئەنجامی دەگەیەنم، ئەوەش هەمیشە دڵنیام دەكاتەوە كە لەسەر رێگای بەدیهێنانی پەیامی رۆحی خۆمم، هەر ئەوەش بەردەوامیم پێ دەبەخشێت.
* لەم روانگەیەوە چ خزمەتێكتان بە خانمان و منداڵان گەیاندووە؟
- لەساڵی ٢٠٠٥ رێكخراوێكی تایبەتم بە ناوی سۆز فۆندس، بۆ منداڵانی كوردستان بەگشتی و بەتایبەتی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دامەزراند، لەو كاتەوە تا ئێستا بە پرۆژە و كاری جیاواز و هاوكارییان دەكەین، خۆشبەختانە لەسەر ئاستی كوردستان كارەكان دەكەین و كارەكانمان 100٪‏ خۆبەخشییە، هەر ئەوە بووە بە هۆی متمانە و بڕوا بۆ كارەكانمان. هەروەها بۆ خانمان چەندان كۆرس و كۆڕ و كۆبوونەوەم ئەنجام داوە، ئێستاش لە رێگای سۆشیال میدیاوە ( لە ئینستگرام و فەیسبووك) پەیامەكانم بڵاو دەكەمەوە بە ناوی soz.world و لە داهاتوویەكی نزیكدا پشتیوان بە خوای گەورە وێب سایتێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو بابەت و كۆرس و نووسراوەكانم دەكەمەوە.
Top