شێرزاد هەینی: چوار كچم هەیە لە زەماوەندەكانیان تا كازیوە شاییم كردووە و ئاهەنگمان گێڕاوە

شێرزاد هەینی: چوار كچم هەیە لە زەماوەندەكانیان تا كازیوە شاییم كردووە و ئاهەنگمان گێڕاوە
نووسەر و وەرگێڕ شێرزاد هەینی لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە وێستگەكانی ژیانی خۆی دەكات. ئەو كەسایەتییە ناسراوە زیاتر لە سەد كتێبی چاپكراوی هەیە. سەبارەت بە ژیانی تایبەتیی خۆیشی ئاشكرای دەكات، باوكی چوار كچە كە لە كۆمەڵگەیەكی ئەوروپی گەورە بوون و، خۆیان هاوسەریان هەڵبژاردووە و، خۆیان بڕیاری خوێندن و دەرچوون و جلوبەرگیان داوە. ئەوەش دەخاتەڕوو كە زۆرترینی ئەو بابەتانەی وەریاندەگێڕێت، نووسینی ئافرەتان بووە.

*پرۆسەی نووسینەكانی شێرزاد هەینی چۆن دەستی پێ كردو بە كوێ گەیشتووە؟
- پرۆسەی نووسینم دەگەڕێتەوە ئەو دەمانەی ماڵمان لە باشووری عێراق بوو، ناوەڕاستی شێستەكانی سەدەی رابردوو، پۆلی چوارەمی سەرەتایی بووم، باوكم پۆلیسێكی دوورخراوە بووە، ئەو منی دەبردە مەخفەرەكەیان، لەوێ نامەم بۆ پۆلیسە كوردەكان بۆ كوردستان دەنووسی. تاكە نووسەری كوردی شوێنەكە بووم، لەوێ پاداشتم وەرگرتووە، ئێستا تامی شووشەیەكی فانتام لە دەم ماوە بۆیان كڕیوم. ئەودەمانەش پەرۆشی نووسین و خوێندنەوە بووین، كوردایەتی و شۆڕش و بارودۆخەكەی هەفتاكان و دواییش هەشتاكانیش! بەڵام ماوەیەكی زۆر لەبەر دۆخەكە و ئیشكردنم و سەرقاڵیمان بە خێزان و كاسبی لەو كەشە دوور دەكەومەوە، بەڵام عاشقی كتێب و رۆژنامە و كۆڕە ئەدەبییەكان بووین.
* بە حوكمی ئەوەی پیاوێكی دڵتەڕی، ئەوین چ مانایەكی بۆت هەبووە؟
- دڵم تەڕە، یان عیشق خۆی تەڕە، نەك تنۆكێك، تاڤگەیەكی لێوە دێتە خوارەوە. یان ئەو سروەیەكی شیرین و ناسكە و بوار نادات وەنەزێك بدەیت، یەخەت دەگرێت، دێتە سەر رێگات! ختوكەت دەدات و خۆت و تەمەن و هەندێ شتی تریش لەبیر دەكەیت. ناتوانیت نەنووسیت، ناكرێ وشك بیت. عیشق فێرت دەكات چاوەڕوان بیت، پەریشانیش بیت، هەر لەبەر ئەوەیە دەڕۆیت و ناتەوێ بگەڕێیتەوە، ماندووی و پشوو نادەیت. من چی بكەم ئەگەر شەرم نەكەم، نەترسم، تەمەنم لەبیربچێتەوە، سەری سپیم ببێتە رەمز و ناسین.
* ئایا عیشق تەنیا بۆ رەگەزی مێیە، یان دیارییەكی خوداییە؟
- منداڵ بووم باوكم 10 فلوسی دامێ بۆ كڕینی موسی ریش تاشین، پارەكەم لەناو خۆڵ و جۆگە پیسەكەی بەردەم ماڵەكەمان لەسەیداوە، لێ ون بوو و نەمدۆزییەوە، باوكیشم تووڕە كرد ئەو ونبوونەم لە بیرناچێتەوە، ئەوە دوو شەوە، بەو سەرە سپییەمەوە، چاوی رەشی ژنێكم ون كردووە، ئەگەر نەیدۆزمەوە، نووسین تووڕە دەكەم، بەڵێ عیشق بۆ هەموو سۆز و بیرەوەرییەكە.
* وەك پیاوێكی كراوە و مەدەنی سەیر دەكرێیت، ئایا ئەم كراوەیی و مەدەنیەتە هەر بۆ دەرەوەیە، یان لەناو خێزانەكەشدا رەنگدانەوەی هەیە؟
- دیارە من چوار كچم هەیە، لە ناوەكانیانەوە ویستم مانای سۆز و جوانی و ژیان بێت، یەكێكمان ناو ناوە (كەڤان _دایكی سێ كوڕە) یەكێكی تریان ناوی (رەڤان _ دایكی دوو منداڵە) ئەوی تریان (باهۆ _دایكی كیژێكە)، چوارەمیان (هەتان _دایكی دوو منداڵە) ئەوانە لە سوید و لەناو كۆمەڵگەیەكی زۆر ئەوروپییانە گەورە بوون و خۆیان هاوسەریان هەڵبژاردووە و خۆیان بڕیاری خوێندن و دەرچوون و جلوبەرگیان داوە، خۆشم هانم دەدان، بەجلی مەلەوانی ئەوروپییانە مەلە بكەن، لە زەماوەندەكانیان شاییم كردووە و مەست بووم و تا كازیوەش لەگەڵ موزیك شادییمان گێڕاوە، لەگەڵ هاوسەرەكەشم نیوەی دونیا گەڕاوین، شەوانەش تا درەنگ لە دەرەوە ماوینەتەوە، لەسەر كەنارەكانیش مەلەوانیمان كردووە.
* بە حكومی ئەوەی بایەخێكی زۆر بە رەگەزی مێ دەدەیت، ئایا كارە هاوبەشەكانی مێ لەگەڵ نێر چۆن بەراورد دەكەیت؟
- بایەخدانم بە رەگەزی مێ زۆر سەیرە، زۆرترین ئەو بابەتانەی وەریاند ەگێڕم وا هاتووە نووسینی ژنانە بووە، بەڵام بە مەبەست و ئەنقەست نەبووە، وامزانیوە ئەو دەقە پێویستە بە كوردی هەبێت. نووسین و دەربڕین رەگەز ناناسێت. ئەگەر لە بەرهەمە جیهانییەكان و خەڵاتە ئەدەبییەكان و بڵاوكراوەكان وردبیتەوە نووسەرەكان رێژەی ژنی زۆرە و خوێنەریان زۆرە و هەوادارانی زۆرترن.
* دوا ئاواتی شێرزاد هەینی چییە، كە تا ئێستا نەهاتبێتەدی؟
- وا تەمەنم دەڕوات و تێدەپەڕێت تەواو خانەنشینم، بووم بە ٦٥ ساڵ و چەند نەخۆشییەكم هەیە و حەبم زۆرە و پەرۆشترین شت ئەوەی چاوەڕوانی بكەم، ئەوەیە زوو زوو دكتۆرەكەم منی لەبیر بێت و داوای دیتنم بكات، تا پێم بڵێت باشی و لەسەر حەبەكانت بەردەوام بە. زیاتر لەسەد كتێبی چاپكراوم هەیە، هاوسەر و منداڵەكانم باریان لەسەر من نەبووە، لەمێژە من بۆ نووسین و خوێندنەوە و سەفەر و خواردنەوە و ئیشكردن دانراوم، هەموو هیواكانیشم جێبەجێ بوون.
Top