میکانیزمی بەرگریی دەروونی (خستنە سەر بە نموونە) . . . د. محەمەد قادر خۆشناو پسپۆڕی دەروونی

میکانیزمی بەرگریی دەروونی (خستنە سەر بە نموونە) . . . د. محەمەد قادر خۆشناو پسپۆڕی دەروونی
Psychological Defense Mechanisms (Projection as an example)

چەند تەکنیکێکی دیاریکراو ھەن لە ئاگایی و نائاگایی مرۆڤ بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ھەر فشارێکی دەروونی کە تووشی دەبێت و جۆری کاردانەوەی کەسەکە دیاری دەکات. ئەمەش بەپێی کات و شوێن و کەسایەتی و تەمەن و جۆری فشارەکەش دەگۆڕدرێ.
دکتۆری دەروونی جۆرج ڤالیانت ئەم تەکنیکانە پۆلین دەکاتە سەر چوار پۆل:

١ــ نادروست.
٢ــ پێنەگەیشتوو.
٣ــ زیادەڕۆیی (یان دەمارگیر).
٤ــ پێگەیشتوو.

جۆرێک لە میکانیزمی بەرگریی دەروونی پێنەگەیشتوو ھەیە کە پێی دەڵێن خستنە سەر (Projection) کە جۆرێکی بچووککراوەیە لە بەدگومانی. کاتێک کەسێک دەناڵێنێ بەدەست ھەستێکی خراپ لەخۆیدا، وەکو بەدگومانی، دڵپیسی، خیانەت کردن، گەندەڵی، بێ متمانەیی یان درۆ کردن. ئەو ھەستە دەخاتە سەر بەرامبەری و ئەو سیفەتە لەودا دەبینێتەوە. کە ئەمەش بەشێوەیەکی نەویستراو (لائیرادی) لە نائاگاییدا روودەدات.
بۆ نموونە، پیاوێک کە خیانەت لە ھاوسەرەکەی دەکات، زوو زوو ژنەکەی تاوانبار دەکات و گومانی ئەوەی پێدەبات کە خیانەت دەکات، خاوەنکارێک کە خۆی کارەکانی پریەتی لە کاری نایاسایی و فێڵ، فەرمانبەرەکەی تۆمەتبار دەکات بە گەندەڵی و کات بەفیڕۆدان، یان ژنێک پەیوەندیەکی سۆزداری ھەیە لەگەڵ پیاوێکی دیکە دا، ھاوسەرەکەی تاوانبار دەکات بە برسی و چاولەدەر. ئەم میکانیزمە زۆرجار دەبێتە ھۆی ئیرەیی، توڕەبوون و ھەندێکجاریش کەوتنەوەی توند وتیژی.
(خستنە سەر) رێگایەکی نا پێگەیشتووە بۆ کەم کردنەوەی فشاری دەروونی لەسەر خود و دوور بوون لە ھەست کردن بە تاوان و کەم بایەخی. لەرووی دەروون شیکارییەوە، بریتییە لە چارەسەری سوپەر ئیگۆ بۆ کێشەی نێوان ئیگۆ و ئێد.
بۆ نموونە تۆ رقت لە کەسێکە.
ئیگۆت دەڵێت رقت لێی بێت.
بەڵام سوپەرئیگۆت دەڵێت، نابێت رقت لێی بێت، چونکە ئەمە کاری کەسانی باش نییە. بەمەش دژیەکێک لەناخت دا دروست دەبێت، کە دەبێتە ھۆی دڵەراوکێ و نائارامی.
لێرەوە ئێد پێت دەڵێت، ئەو خۆی رقی لەتۆیە، ئەگینا تۆ کێشەت نییە. ئەمە خستنە سەری ھەستی خۆتە بۆ سەر کەسێکی دیکە بۆ رزگار بوون لەو فشارە دەروونییەی تێیدایت و دووربوون لەھەست کردن بە ناتەواوی و ناکاملی.
ھەندێک لەکردار و ھەڵسوکەوتە تەفسیر نەکراوەکانی رۆژانەی دەوربەرت، بەم میکانیزمە لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.
بۆ نموونە
مامۆستایەکی قسە رەق.
بەرێوەبەرێکی بێزارکەر.
ھەرزەکارێکی ناڕازی.
سایەق تەکسیەک کە زۆربەی ژنەکان بە خراپ دەزانێ.
سیاسیەکی رەخنەگر... و ھتد.
Top