لە ساڵڕۆژی جیھانی تالاسیمیا باس لە گرفت و ئاریشەکانی تووشبووان دەکرێت

لە ساڵڕۆژی جیھانی تالاسیمیا باس لە گرفت و ئاریشەکانی تووشبووان دەکرێت
گوڵان/ کۆمەڵایەتی
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی ٨ی ئایاری بە رۆژی جیھانیی نەخۆشانی تالاسیمیا دیاری کردووە، ئامانج لە دیاریکردنی ئەو ڕۆژەش گرینگیدان و سەرنجی زیاتری حکومەت و ناوەندە تەندروستییەکانە بە پرسی نەخۆخشانی تالاسیمیا و دابینکردنی پێداویستی و دەرمان.
کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان لقی ھەولێر لە ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە و لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ ھەزار تووشبووی تالاسیمیا تۆمارکراون و لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان تووشبووی تالاسیمیا بەھۆی نەبوون و کەمیی دەرمان و پێداویستیی تەندروستییەوە گیانیان لەدەستداوە.
سروە عەلی جەباری بەرپرسی راگەیاندنی کۆمەڵەی تالاسیمیا/ لقی ھەولێر، لە دیدارێکی گۆڤاری گوڵاندا تیشک دەخاتە سەر داخوازی کۆمەڵە و گرفت و ئاریشەکانی تووشبووان و رایگەیاند:"
بەبۆنەی ٨ / ٥ ساڵ رۆژی جیھانیی تالاسیمیادا دەمانەویت بڵیین ئەم باروودۆخەی ئێستا لە کوردستان و ناوچەکە ھاتۆتە پێش بۆ کەسانی ئاسایی چەندە سەخت بێت، بۆ ئێمەی تووشبووانی تالاسیمیا دووھێندەو سێ ھێندەیە، ئەوەی جێی دڵگرانیمانە وەک پێوست لاینی پەیوەندیدار ئاوڕێکی جدیمان لێنادەنەوە، ھەمووساڵێک ئێمە لەم رۆژەدا کۆمەڵێک کەموکوڕی دەخەینەڕوو، بەداخەوە بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیەکەمانەوە ئێمەی کوردستانیان لەم نەخۆشییە بێبەش نەبووین، تەنانەت لەو ململانێیە پشکی زۆرمان بەر دەکەوێت، نموونەی کەمی دەرمان وپێداوستییە پزیشکییەکان، بەداخەوە چەندین ساڵە ناو بەناو دەرمان و پێداوستیەکانمان کەم دەبێت، یان کوالیتەکەی دەگۆڕدرێت یان نامێنێت، بەھەوڵ و توانای خێرخوازان و مرۆڤ دۆستانی ھەولێر، کەم تا زۆر ھاوکارمان بوون و سوپاسیان دەکەین، بەڵام دووبارە وەک ساڵانی رابردوو لەرۆژی تالاسیمیای جیھانی تکایەک ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کابینەی نۆ بەرپرس و بڕیار بەدەستەکانمان دەکەین، باوەک چەند ساڵەی تر نەبێت و بەڵینەکانیان بکەن بەکردار و بەشێک لەئازارەکانی تووشبووانی تالاسیمیا کەم بکەنەوە، ئەو نەخۆشخانەی کە پینج ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەتان بۆ داناین وا بڕیاربوو بە دوو سێ ساڵ تەواوبێت، بەڵام کوا ؟ ئەو کەلوپەلانەی پەیوەیستن بۆ ئێمەی تالاسیمیا دابین بکرێت، ھەوڵی زیاتر بدەن بۆکەم کردنەوەی ئازارەکانمان، لەم رۆژەدا کە ٨ /٥/ ٢٠٢٠ بەبۆنەی ھەشتی ئایار چەندین داواکاری ئاراستەی لایەنی پیوەندیدار دەکەین وەک
سەرۆکایەتی حکومەت، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی، تەندوستی، کاروباری کۆمەڵایەتی و پڵادانان"
سروە عەلی جەباری بەرپرسی راگەیاندنی کۆمەڵەی تالاسیمیا، لە درێژەی قسەکانیدا بەمجۆرە داواکارییەکان دەخاتە روو:"
٭ دابین کردنی نەخۆشخانەیکی تایبەت و شیاو کە لە ٧٠ قەروێڵە کەم تر نەبێت، ھەموو پیداوستییەکانی تێدا دەستەبەربیت، ھەروەھا نزیک لە نەخۆشخانەی رزگاری یان رۆژئاوا بیت.

٭ دابین کردنی دەرمانی کوالێتی باش شایستە کە لەوڵاتانی جیھان بەکاردێت و پێداوستی پزیشکییەکانمان بێ پچڕان بێت.

٭ دامەزراندنی ئەو تووشبووە خوێندکارانەی کەچەندین ساڵە زانکۆ و پەیمانگەیان تەواو کردووە و بێکارن .

٭ لەرووی مووچەدا کە ١٥٠ ھەزار بەناوی مووچەی کاروباری کۆمەڵایەتی دەدریت ھەوڵی زیاد کردنی بدرێت، بڕیاربوو بەپێی رێژە بێت.

٭ ماوەی چەند ساڵێکە تووشبووی نوێ بۆ مووچە سوودمەن نین، لەو ١٥٠ ھەزارش پیشنیار دەکەین ئەو تووشبوانەی کە وەفات دەکەن موچەیان ھەیە لە شوینی ئەوان بۆ تووشبووە نوێیەکان دابنرێن نەک ببڕدرێت.

٭ ئەو تووشبوانەی زەویان پی نەدراوە و لەپیشتر سوودمەند نەبوونە ھەوڵ بدرێت ئەوانیش سوودمەند بن".

ھەر بەبۆنەی ساڵ یادی تووشبووانی تالاسیمیا لەرێکەوتی ٨ / ٥ / ٢٠٢٠ لەلاین بەرێز( کاک عەبدولقەھار) کۆمەڵەی خوین بەخشانی کوردستان مەڵبەندی گشتی ھەولێر ھەڵمەتێکی گەورەی خوین بەخشین بەڕێوەچوو، لە بەڕێوبەرایەتی بانکی خوێنی ھەولێر و ( ١٤٠ ) یەکەی خوێن بەخشرا بە تووشبووانی تالاسیمیا ولەلایەن (د.شوان)(م. رەعد) بەسەرکراینەوە، بەناوی کۆمەڵەو تووشبووانمان سوپاسی ناو براوان دەکەین بۆ دڵسۆزییان کەھاوکاری تووشبووانی تالاسیمیا بوون، خەندەیکتان خستە سەر لێویان، جێی ئاماژە پێدان و دڵخۆشییە، بەڵێنی ئەوەیان پێداین کە تادڵۆپیک خوێنیان ھەبێت بەردەوم دەبن، خودای گەورە ئیوەی ئازیزو ھاونشتیمانیان وخاکی کوردستان ھەموولایک بپارێزیت و ئینشاڵڵا نموونەتان زۆربیت.
ھەر بەبۆنەی ساڵ یادی تووشبووانی تالاسیمیا لەبارەگای کۆمەڵەی تالاسیمیای ھەولێر پیشوازیمان لە(ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان ) کرد، لە وەزارەتی ناوخۆ Gcc بەرێزان خاتوو سروە و کاک مەریوان و کاک عەلی، سەردانیان کردین بەمەبەستی ھەواڵ پرسین لەرەوشی تووشبووانی تالاسیمیا لەلایەن ناوبراو لەم رۆژەدا ( ١٠٠ ) خانەوادەی تووشبووانی تالاسیمیا بەسەرکرایەوە ئازوقەو پاک کەرەوەو پێداوستی منداڵانیان پێ بەخشرا، بەناوی کۆمەڵەو تووشبووانمان سوپاسی ناو براو دەکەین بۆ دڵسۆزیتان کەھاوکاری تووشبووانی تالاسیمیابوون، خەندەیەکتان خستە سەر لێویان، جێی ئاماژە پێدانە ودڵخۆشییە، بەڵێنی ئەوەیان داینێ کەبەپێی توانا ھاوکار بن، خودای گەورە ئێوەی ئازیزو ھاونشتیمانیان وخاکی کوردستان و ھەموولایک بپارێزیت و ئینشاڵڵا نموونەتان زۆربێت.
Top