ھەڵسەنگاندنێک لە بارەی بۆچوونی ئەوانەی نکۆڵی لە بوونی ڤایرۆسی کرۆنا لە کوردستان دەکەن

ھەڵسەنگاندنێک لە بارەی بۆچوونی ئەوانەی نکۆڵی لە بوونی ڤایرۆسی کرۆنا لە کوردستان دەکەن
گوڵان – کۆمەڵایەتی

پەتای کوشندەی کرۆنا لە ماوەیەکی کەمدا زۆربەی وڵاتانی جیھانی بە ھەرێمی کوردستانیشەوە گیرۆدە کرد، ھەر وڵاتێکیش بە بارتەقای خۆی و بە رێژەی جیاواز، زیانی گەورەی گیانی و ئابووری بەر کەوتووە، بەڵام جێی سەرسوڕمانە کە ژمارەی ئەو کەسانەی نکۆڵی لە بوونی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە لە کوردستاندا دەکەن، کەم نییە. جگە لە چەواشەکارییەکانی سۆشیال میدیا، تەنانەت لە کەناڵێکی ئاسمانیدا، بە ئاشکرا خەڵک ھان دەدرێن، بۆ ئەوەی رێنماییە پزیشکییەکان پشتگوێ بخرێن. ئەو جۆرە پیلانە چ خوێندنەوەیەکی بۆ دەکرێت؟ ئایا بە چ رێکار و نەقشەڕێگەیەک دەبێت رووبەڕوویان ببینەوە؟ بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە.

ڤایرۆسی کرۆنا لە وڵاتی چین سەری ھەڵدا و زۆر بە خێرایی سەرلەبەری وڵاتانی جیھانی تەنی. ڤایرۆسێکی مەترسیدار کە چۆکی بە زانست دادا، بە جۆرێک سەرەڕای ھەموو ھەوڵەکانی زاناکان، تا ھەنووکەش دەرمان و ڤاکسنی دژی ڤایرۆسەکە بە تەواوی دەستنیشان نەکراوە، ئایینەکانیش لە بەرامبەریدا تەنیا پەنایان بۆ نزا و دۆعاکان برد و، ناچار دەرگای شوێنە پیرۆزەکانیان تا کاتی رەوینەوەی مەترسییەکە داخست.
لە وڵاتێکی زلھێزی وەک ئەمریکا تا رۆژی ٩ی ئادار تەنیا ٥٤٦ حاڵەتی تووشبوون بە کرۆنا تۆمار کرابوو، ھەر بە ھۆی بە جددی وەرنەگرتنی مەترسییەکە لە ٧ی نیسان ژمارەی تووشبووان بۆ زیاتر لە ٣٧٠ ھەزار کەس بەرز بووەوە و پتر لە ١١ ھەزار تووشبووش گیانیان لە دەست دا. ئەمریکایەک کە گەورەترین تەکنەلۆژیا و قەبەترین ئابووریی جیھانی ھەیە، لێی قەوماوە و لە بەرامبەر ئەو ڤایرۆسەدا دۆش داماوە و لە پڕ ھاتە ریزبەندی یەکەمی قوربانیدانەکان، کەچی لە ھەرێمی کوردستان، کە ئابوورییەکی پاشکۆی عێراقی ھەیە و ئیمکاناتی پزیشکیشی لە ئاستی پێویستدا نییە، کەسانێکی سەر لێ شێواو، ھەوڵەکانی حکومەت و رێنماییەکانی تەندروستی بە ھەند وەر ناگرن و، بە ئاشکرا خەڵک ھان دەدەن، بۆ ئەوەی رێنماییەکان پشتگوێ بخەن.
شەماڵ ئاکرەیی، شاعیر و وەرگێڕ و میدیاکارێکی ناسراوە و لەو بارەیەوە تایبەت بۆ گوڵان دەڵێت: "لە کاتێکدا، زاناکان، شرۆڤەکار و سیاسەتمەداران و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاکان لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا، باس لە مەترسییە جددییەکانی ڤایرۆسی کرۆنا دەکەن لەسەر تەواوی جۆمگەکانی ژیان، دەبینین ماوە ماوە، ھەندێک لە چەواشەکاران و کەسانی کاڵفام و تەنانەت ھەندێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن، بە بێ ھەستکردن بە بەرپرسیارەتی و بە بیانوو و پاساوی بێ بنەما، زۆر جاریش تەنیا بە مەبەستی نادیدەگرتنی ھەوڵەکانی حکومەت و خۆڕاگریی ھاووڵاتیان، نکۆڵی لە بوونی کرۆنا لە کوردستان و حاشا لەو مەترسییە دەکەن، زۆربەشیان دژە حکومەت و راسپێردراوی نەیارانی کوردن، بۆ ئەوەی ھەوڵەکانی حکومەت و رێوشوێن و رێکار و بریارەکانی بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان کەم بایەخ بکەن. بەڵام زۆربەی ھاووڵاتییانی کوردستان دەزانن، ھۆکارەکانی پشت ئەو جۆرە بۆچوونە چەوت و نالۆژیکییانە چین." شەماڵ ئاکرەیی لە درێژەی ئاخافتنەکەیدا پێشنیار دەکات: "ئەو کەسانەی نکۆڵی لە بوونی کرۆنا و مەترسییەکانی ئەو ڤایرۆسە دەکەن، یان بە دراما و شانۆیەکی حکومەتی دەزانن، بوێری ئەوە ناکەن تەنانەت بە پێداویستیی خۆپاریزییشەوە سەردانی ئەو نەخۆشخانەیانە بکەن کە تووشبووەکانی کرۆنا (کۆڤید – ١٩)یان تێدا چارەسەر دەکرێن. ئەوانە خۆیان لەوە گێل کردووە، کە جیھان وەک گوندێکی بچووکی لێ ھاتووە و کەس ناتوانێت راستییەکان بشارێتەوە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بتوانن بیشارنەوە، ئەوا راستی و درۆیەکان لە یەکتر جیا دەبنەوە. بەڵام ئەوانەی خۆیان گێل و چاویان کوێر کردووە، یان دەمیان بە قسەی نەشیاو و ناشیرین و ھزریان بە بۆختان و درۆ پڕ کردووە، تەنیا پەندێکی پێشینانمان بیر دەخەنەوە کە دەڵێت: کەری دێز حەز بە تۆپینی خۆی و زەرەری خاوەنی دەکات."
ئالان لەشکری، توێژەری کۆمەڵایەتییە و سەرەتا باسی ئەوە دەکات کە "دەرکەوتنی پەتای کرۆنا کاریگەری لە سەر ھەموو کایەکانی ژیان ھەبووە و زۆربەی بوارەکانی ژیانی راگرتووە، ئەوەی لە کار نەکەوتبێ، تەنیا دزگاکانی راگەیاندن و ھێزی ئەمنی و وەزارتی تەندروستییە، ئەوەی ئەو واقیعە نابینێت، یان خۆی لێ گیڵ دەکات، زیانی بۆ خۆی و بۆ کۆمەڵگەش ھەیە." گوتیشی: "ئەوەی زیاتر ھەستمان پێ کردبێت، بەریەک کەوتنێک ھەیە لە باسکردنی مەترسییەکانی پەتای کرۆنا، بۆ ھەموو کەسێکیش روونە کە میدیا و راگەیاندن لە دۆخێکی ئاوھادا، دەبێت لە پێناو پاراستنی ھاووڵاتی و زیاتر بەرچاوڕوونی لە بارەی ترسناکیی پەتای کرۆنا کار بکات، ھەروەھا پێویستە لە سەر ئارامکردنەوەی باری دەروونیی خەڵک و ئاسانکردنی ئەو رێوشوێنانە کار بکات کە حکومەت بۆ پاراستنی ھاونیشتمانیان دەیانگرێتەبەر، بەڵام بەداخەوە بەشێک لە راگەیاندنەکان ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە وەک ئامرازێک بەکار دەھێنن بۆ برەودان بە ململانێی سیاسی، ئەوەش خۆی لە خۆیدا وستاندنی ژیانە و شڵەژانی دروونیی زۆر خراپی لێ دەکەوێتەوە."
ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "بە ھەند وەرنەگرتن و بچووککردنەوەی مەترسییەکانی کرۆنا، زۆر وڵاتی گەورەی تووشی کارەسات کردووە، ئەمە پەتایەکی جیھانییە و ھەموو وڵاتانیش بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی بەرنگاربوونەوەی دەدەن."
سندس حسێن ھەڵەبجەیی، چالاکی مەدەنییە و سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: "من باس لە ڤایرۆسی گەشەسەندووی ئەنفلۆانزا ناکەم، کە بە کرۆنا _ کۆڤید ١٩ ناو براوە. ئەوە پیشەی تەندروستکارانە کە بە رێز و سوپاسەوە زۆر بە وردی لە رێگای سۆشیال میدیاوە مەترسییەکانی ئەو ڤایرۆسە لەسەر مرۆڤ و چۆنیەتی خۆپارێزییان زیاد لە پێویست پێمان گەیاندووە. من لێرەدا باس لەو دیاردەیە دەکەم کە بووەتە ھۆکاری دڵەڕاوکێ و تۆقین کە ئەو ڤایرۆسە بچووکە لەگەڵ دەرکەوتنی خزاندیە ناو رۆحی دانیشتووانی سەرگۆی زەوی بەگشتی، لەسەر لایەنی لاوازبوونی ئابووریی وڵاتانیش کاریگەریی گەورەی بووە، تەنانەت لە ھەندێک وڵات زۆر بە خیرایی و کتوپڕ ئەم پەتایە بڵاو بوویەوە و رۆحی دەیان ھەزار کەسی کردە قوربانی. بۆیە زۆر جێی سەرسوڕمانە کە کەسانێک ھەبن، تا ئێستاش بڕوا بە گەورەیی مەترسیی ئەم ڤایرۆسە نەکەن، یان حاشا لە بوونی بکەن. بێگومان پشتگوێ خستنی مەترسییەکانی ئەم ڤایرۆسە و خۆنەپاراستن لێی، ژیانمان بە ھیلاک دەبات و دەسکەنەی رۆحی خۆمان و ئازیزانمان دەکات بە بەر چاومانەوە. ناکرێت بە ھەندێک دەنگۆی ناڕاست و نەزانانە، کە زۆربەشیان مەرام و مەبەستی نەیارانەی لە پشتە، بڕوا بکەین. ئەوانەی دەڵێن ئەم ڤایرۆسە درۆیە، یان دروستکراوە، یان بەوجۆرە کاریگەری نییە و گەورە کراوە، خۆیان لەوە گێل دەکەن کە ھەر چییەک بێت، ئێستا ڤایرۆسەکە بوونی ھەیە و پێویستە تاک بە تاکمان لە خەمی ژیانی خۆمان و ئازیزانماندا بین و، پابەند بین بە رێنماییە تەندروستییەکان و خۆپاریزییەکان و بە ورەیەکی بەرزەوە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە بکەین و لە ھەولی وەستان و بنبڕکردنیدا بین."
Top