25ی نۆڤەمبەر و پەیامێك لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا د. سورەیا فەلاح

25ی نۆڤەمبەر و پەیامێك لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا  د. سورەیا فەلاح
رۆژی25 ی نۆڤەمبەر، رۆژی جیهانیی بەرەنگاریی توندوتیژیی جیندەرییه و ئەم رۆژە جیهانییەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، بە شانازییەوە لە هەرێمی كوردستان پتر لە هەموو وڵاتێك بایەخی پێ دەدرێت و به کەمپەینی 16 رۆژە به ناوبانگه و تا رۆژی 10ی دیسەمبەر كە دەكاتە رۆژی جیهانیی مافی مروڤ بەردەوامە. ئەم ئەیامه دەرفەتێکی باشه بۆ ئافرەتان و پیاوانی یەکسانیخواز و تێکۆشەر، بۆ ئەوەی بە وردی باس و گفتوگۆی جۆرەكانی توندوتیژی و رێكارەكانی بنبڕكردنی بكەن.
ئەمساڵ(2019) کۆتاییهێنان به توندوتیژیی جیندەری، بایەخێكی پتری جیهانیی پێ دراوە و بەتایبەتی لە بواری جیاكاریی رەگەزیی لە كار و پیشەدا، دراوەتە بەر رەخنەی جۆراوجۆر و بە جددی داكۆكی لە یەكسانیی رەگەزی و مووچەی یەكسانی بەركاری نێر و مێ دەكەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا هەنگاوێكی زۆر ئەرێنییە و زیاتر ئافرەتان بە مسۆگەركردنی مافەكانیان نزیك دەكاتەوە. له دنیای كار و پیشەدا، هەڵگرتنی هەنگاوی وا بۆ پشتوانیی لە مافەكانی خانمان كارێكی بەرجەستە و زۆر بەرچاوە و هەر لەم بوارەدا دەكرێت ئاماژە بە پەسەندکردنی کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی ژماره (١٩٠)ی رێکخراوی کار و بزووتنەوەوەی مافی ئافرەتان بكەین، كە لە دەستپێشخەرییەكدا، سەرۆکی رێکخراوی نەتەوه یەکگرتووەکان(ئانتۆنیۆ گۆترێس) داوای له کۆمەڵگەی جیهانی کرد، تا ساڵی 2030 و به یارمەتیی چالاكیی پەروەردەیی لە بواری ئاگادارکردنەوەی تاكی هەر كۆمەڵگەیەك، کۆتایی به توندوتیژیی جێندەری بێنن.
لێکۆڵینەوەکان جەخت لەوە دەكەنەوە كە دەستكەوتی کار و مووچە و زەوتكردنی مافی خانمان زۆر زیاترە لە پیاوان، ئەوەش بە جۆرێكی توندوتیژی له دژی مافەكانی ئافرەتان هەژمار دەكرێت. واتە داهاتی خانمان لە كاری هاوشێوەیان لەگەڵ پیاواندا زۆر كەمترە و ئەوەش گرفت و ئاریشەیەكە كە تەنانەت لە وڵاتانی پێشكەوتووشدا بەدی دەكرێت. جیا لەوەش دەستدرێژیی سێكسی سەرباسی باسانە، بەتایبەتی لە كاتەكانی جەنگ و پێكدادانی ئایدیۆلۆژیای دژبەردا، كە دەتوانین زۆر نموونە بخەینە بەر دیدی گوێگر و خوێنەر و بینەر، بە تایبەتی كە ساڵانی رابردوودا هەڵمەت و کەمپینەکانی وەك:
(# MeToo, #TimesUp, #Niunamenos, #NotOneMore, #BalanceTonPorc,)
سەرەنجی رای گشتی لە سەرلەبەری جیهاندا راكێشا، بێگومان لە كوردستانیش زۆر کاری جددی لەو بوارەدا كراوە و ناكرێت نكۆڵی لێ بكرێت. له بەر ئەوەی هەر دەم پرسێکی نێو تەیفی نوخبە و رۆشنبیری كورد بووە و لە كاناڵی جیاوازەوە هەوڵ دراوە ئاستی رۆشنبیریی تاك لەو بوارەدا بەرفراوان بكەن. ئەگەر وەك كۆمەڵگەی كوردی لەو هاوكێشەیە بڕوانین، دەبینین زۆر ڕێگر و بەربەستی نەریتی و كەلتووری و ئایینی هەن، بەڵام پێویستە بە چاوی كراوەی وردبین رێكاری دەربازبوونیان بدۆزینەوە. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە فاكت لە وڵاتانی پێشكەوتوو وەربگرین و بڕیارنامە و جاڕنامە نێودەوڵەتییەكان لە بەر چاو بگرین.
رێکخراوی نەتەوه یەکگرتووەکان داوا لە هەموومان دەکات که رۆژی25 ی نۆڤەمبەر بكرێتە رۆژی یەکدەنگی و یەکڕەنگی بۆ رێزگرتن لە خانمان و رەنگی پڕتەقاڵیشی بۆیە دەستنیشان كردووە، چونكە هێمای ئومێدە و نیشانەی داهاتوویێەکە که ژنان بە بێ ترس بژین و بتوانن بچنه سەر شەقام و له ئینتەرنێت بگەڕێن و له توندوتێژی پارێزراو بن.
ئەم پرۆسەیە لە كوردستان بۆ ماوەی پتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت. پێویستە زۆر بە هەندی وەر بگرین و پڕۆژە و پلانی بۆ ئامادە بكەین. هەتا تاكی كۆمەڵگە بە یەكسانیخوازیی رەگەزی ئاشنا بكەین . بێگومان كەسانی ئەكادیمی لەو بوارەدا پشكی شێریان بەر دەكەوێت، هەڵبەت نەك لە ((دەستكەوتی شەخسی))، بەڵكوو لە((بەرپرسیاریەتی)) بەرامبەر مرۆڤایەتی كە وەبەرهێنان بۆ كۆمەڵگەیەكی تەندروست دەكات.
Top