یەكێتی ئافرەتانی كوردستان دەرەنجام وراسپاردەكانی كۆنفرانسی پرسی ئافرەت لەرۆژنامەگەریی كوردی تاوتوێ دەكات

یەكێتی ئافرەتانی كوردستان دەرەنجام وراسپاردەكانی كۆنفرانسی پرسی ئافرەت لەرۆژنامەگەریی كوردی تاوتوێ دەكات
مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە (121)ـەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردیدا و لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی زانكۆی سەلاحەدین و بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان 24، كۆنفرانسێكی زانستی بە ناونیشانی (پرسی ئافرەت لە میدیای كوردیدا) بەڕێوەبرد، لە میانی كۆنفرانسەكەدا (٤) پانێڵ لە تەوەرەكانی (باڵانسی جێندەری لە میدیای كوردیدا، میدیا و بزووتنەوەی ئافرەتان، وێنای ئافرەت لە راگەیاندنی كوردیدا و ئاڵنگارییەكانی بەردەم میدیاكارانی ئافرەت) لەلایەن مامۆستایانی زانكۆ و شارەزایانی بواری میدیا و جێندەر و كۆمەڵناسی پێشكەش كران.

جارێكی دیكە لە 3ی تەمموزی ٢٠١٩ لە مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، بە ئامادەبونی كەسانی پسپۆڕ و بەئەزموونی بواری میدیا، دیدارێك بە مەبەستی گفتوگۆكردن لە بارەی راسپاردە و دەرەنجامەكانی كۆنفرانسی (پرسی ئافرەت لە میدیای كوردیدا) رێكخرا، لەم دیدار و كۆبوونەوەیەدا دەربارەی چۆنیەتی هەنگاونان بۆ بەكردەیی كاركردن بۆ جێبەجێكردنی راسپاردەكان و هەنگاوەكان گفتوگۆ كرا.
هەر لەو بارەیەوە د.ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «رۆژی3ی تەمموزی ٢٠١٩؛ لە مەكتەبی سكرتاریەتی رێكخراوەكەمان، لە رێكخستنی دیدارێكدا بە ئامادەبوونی كەسانی پسپۆڕ و بەئەزمونی بواری میدیا و پرسی ئافرەت بۆ مەبەستی گفتوگۆكردن لە بارەی راسپێری و دەرەنجامەكانی كۆنفرانسی (پرسی ئافرەت لە میدیای كوردیدا)، كە هاوكات بوو لەگەڵ ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردیدا و رێكخراوەكەمان بەڕێوەی برد، لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ كرا دەربارەی چۆنیەتی هەنگاونان بۆ بە كردەیی كاركردن بۆ جێبەجێكردنی راسپاردەكان و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن بۆ مەبەستی بەرەوپێشبردنی گرنگیدان بە ئافرەت و پرسی ئافرەت و وێناكردنی پێگەی بۆ رای گشتی لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە، سوپاس بۆ بەشداری پڕ بەها و بەسوودی مامۆستا و شارەزایانی بەشداربوو، هەروەها بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن بۆ رووماڵكردنی ئەم چالاكییە و چالاكییەكانی دیكەمان.» گوتیشی: «یەكێتی ئافرەتانی كوردستان وەك رێكخراوێكی داكۆكیكار لە مافی ئافرەت، هەوڵ دەدات لە هەر بوارێكدا كاریگەری هەبێت لەسەر پێشكەوتن و كرانەوەی زیاتری كۆمەڵگە رۆڵی جدی هەبێت، لەم نێوەندەشدا راگەیاندن، نەك تەنیا وەك ئامرازێكی گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و گوزارەكردن لە بیروبۆچوون، بەڵكو وەك یەكێك لە هەرە گرنگترین ئامرازە كاریگەرەكان لەسەر كۆمەڵگە و دروستكردنی رای گشتی فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگە. لەم سۆنگەیەوە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە راگەیاندن دەدات و لە رێگەی چەندین ئامراز هەوڵدەدات رای گشتی لەبارەی پرسی ئافرەت هۆشیار بكاتەوە، لە سۆنگەی هەستكردن بەو كەموكورتییانەی كە لە میدیای كوردیدا بەدی دەكرێت، لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی ئافرەت و ئاستی بەشداریی كەناڵەكانی راگەیاندن، سەرەڕای پێشكەوتنە بەرچاوەكانی خانمان، سەرەڕای بوونی هەندێك خاڵی ئەرێنی و بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداریی ئافرەت لە میدیای كوردی بەراورد بە ساڵانی پێشتر، بەڵام تا ئێستا زۆربەی هەرە زۆری بەڕێوەبەری دەزگاكانی راگەیاندن پیاوانن، زۆرجار كەناڵەكانی راگەیاندن سەرەڕای بانگەشەكانیان بۆ دیموكراسی و پێشكەوتن بەرپرسیارانە و پڕۆفیشناڵانە مامەڵ لەگەڵ پرسی ئافرەت ناكەن و بوار نادەن عەقڵ و دنیابینی ئافرەت بەشدارییەكی كارا لە رەوتی بەڕێوەبردنی كەناڵەكە بكات، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەم كۆنفڕانسەدا ئامانجی دروستكردنی پردی پەیوەندییە لەنێوان رێكخراوەكان، بزووتنەوەی ئافرەتان بەتایبەتی و دەزگاكانی راگەیاندن بەگشتی، بۆ داڕشتنی گوتارێكی هاوسەنگ بۆ پشتیوانی پرسی ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردیدا.»
سەبارەت بە پێشنیار و بڕیار و راسپاردەكانی كۆنفرانسەكەشیان كە لەژێر ناوی (پرسی ئافرەت لە میدیای كوردیدا) بەڕێوەچوو، سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان گوتی: «یەكەم خاڵ دروستكردنی بۆردێك لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای راگەیاندن بوو. راسپاردەكانیش بریتی بوون لە چوار خاڵ، یەكەم: پێشكەشكردنی پرۆپۆزالی ئەنجومەنی باڵای میدیا، دووەم: دانانی بۆردێك بۆ چاودێریكردنی كەناڵەكانی میدیا لە سەر پێگە و رۆئیای ئافرەت، سێیەم: داواكردن لە وەزرارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە ژمارەی كورسییەكانی بەشی راگەیاندنی زانكۆ و پەیمانگەكان بۆ ئافرەت وەرگرتن زیاتر بكات، چوارەم: داوا بكرێت وەزارەتەكان سیاسەتی یەكسانی دابڕێژن.»
Top